رۆژنامەی ھەولێر

تا ئێستا ڕێککەوتنێکی گشتگیر و تەواو بۆ جێبەجێکردنی سیستمەکە نەکراوە

ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردووی ڕککەوتنەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێڕاق، باش نەبووە و هەمیشە حکوومەتی عێراق خواستی ئەوەی هەبووە مەرکەزیانە مامەڵە بکات و پابەندی ڕێککەوتن و مەرجە فیدراڵییەکان نەبێت، لە نوێترین پێشهاتیشدا ئەو سیاسەت و پلان و هەوڵانەی حکوومەتی عێراق لە سیستمی ئەسیکۆدا ویستی بوو بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت شکستی هێنا.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لەسەرەتای گفتوگۆکان بۆ یەکخستنی گومرگی، ئامادەنەبوو دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی خۆی بێت و هەوڵیدا لە چوارچێوەی ئەو مافانەی دەستوور دیاری کردووە سیستەمەکە جێبەجێ بکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، حکوومەتی عێراق لە مانگەکانی ڕابردوودا بێ گەڕانەوە بۆ مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستی بە جێبەجێکردنی سیستەمێکی نوێی گومرگی (ئەسیکۆدا) کرد. سیستەمەکە لە ناوەڕۆکدا شتێکی باشە بەڵام بۆیە هەرێمی کوردستان ڕەتی کردبووەوە چونکە بە ناڕەوا سەپێنرابوو و مافەکانی کوردستان لەبەرچاو نەگیرابوون، ئەمەش بە ئاشکرا بە لێدوانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە دیاربوو.
گرفتەکە لە سەرەتاوە ئەوە بوو پیادەکردنی ئەم سیستەمە بەزاندنی سنووری دەسەڵاتی فیدراڵیی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و سنوورە بازرگانییەکان لەلایەن بەغداوە کۆنتڕۆڵ کران و حکوومەتی عێراق بەنیازبوو خۆی باجە بازرگانییەکان بستێنێت و خۆیشی بەکار بهێنێت لەگەڵ بازرگانانی کوردستان، بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستوور ڕاستە بەشێکە لە عێراقی فیراڵی بەڵام خۆی خاوەنی دەسەڵاتی دەستووریی تایبەت بەخۆیەتی.
حکوومەتی عێراق سەرەتا سیستەمەکەی سەپاند و بەهۆیەوە تەواوی بازرگانانی کورستانی لە دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بێبەش کرد، بازرگانان لێرە زیانیان بەرکەوت و دەبوایە لە بازاڕ دۆلار بە نرخی بەرزتر بکڕن و کاڵاکانیان پێ بکڕن و هاوردەی بکەن کە دواجار لەسەر هاووڵاتییان گرانتر دەوەستا.
عێراق دواتر کێشەیەکی دیکەی بۆ بازرگانان و دەروازە بازرگانییەکانی کوردستان دروست کرد، ئەویش ئەوە بوو بە بێ کۆدی ئەسیکۆدا ڕێی نەدا هیچ بەرهەمێکی هاوردەکراو بۆ عێراق بگوازرێنەوە و داوای لە بازرگانان کرد لە بەغدا ناوی خۆیان تۆمار بکەن و بەسەر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا بازبدەن، شتێک کە هەرێمی کوردستان ڕەتی کردەوە.
ئەو سیستەمە بە تایبەتی لە باشووری عێراق جێبەجێ کرا کە تارادەیەک گرانبوونی نرخی شتومەکی لێکوتەوە بەو باجە زۆرەی سەپاندبوویان و جۆرێک نادادپەروەری لە باجەکاندا پێڕەو کرا و نرخی بەشێک لە کاڵاکانی لە بازاڕەکانی عێراق بەرز کردەوە و تەنانەت لە چەند شارێکی عێراق ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانیشی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەوەی وایکرد عێراق نەرمی بنوێنێ، گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بوون و هەرێمی کوردستان لە هەناردەی نەوت بووە فریادڕەسی عێراق و دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بوونە تاکە ڕێگای بازرگانی و هاوردەیان لێدەکرا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا کەوتە دانوستان و دواجار بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گومرگە فیدرالییەکان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی هەرێمی كوردستان و یاریدەدەرەكەی و ڕاوێژكاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە دەستەی گشتی گومرگە فیدراڵییەكان وتیمی شارەزایانی ئۆنكتادی نێودەوڵەتی بەشدار بوون. كۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێكردنی ڕەشنووسی ڕێككەوتنی جێبەجێكردنی پرۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی گومرگی بوو لە هەرێمی كوردستان.
بڕیار درا دەستنیشانی سەرجەم بەریەككەوتنە یاساییەكان لەنێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان بکرێن، بۆئەوەی هەماهەنگی بكرێت و ڕەزامەنی فەرمییان لەبارەوە وەربگیرێت.
دەرەنجامی سەرەکی ئەو کۆبوونەوەیە ئەوە بوو لەلایەن كۆمپانیا پەیوەندیدارەكانەوە لە هەرێمی کوردستان، تیمێكی ئەسكیۆدا تایبەت بە هەرێم دروست بكرێت و ببیت بە بەشێك لە تیمی نیشتمانی، دەسەڵات و بەرپرسیارێتی هەرلایەك بە وردی دیاری بكرێت و گەرەنتی ئەوە بكرێت كارەكان بەبێ كێشە بەڕێوەبچن.
دکتۆر سامی جەلال، راوێژکار لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شاندی گومرگی هەرێم، لەوبارەیەوە قسەی کردووە و ئاماژە بەوە دەکات، پرۆسەی گفتوگۆ و دانوستانەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە یەکخستنی رێکارە گومرگییەکان و تێبینییەکانی هەردوولا بەردەوامن و هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.
جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لە عێراقدا، بەتایبەتی لە خاڵە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق، بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشە بۆ بازرگانان. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ئەوە بوو، ئەو کاڵایانەی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکران، جارێکی دیکە لە بازگەکانی عێراق باجیان لێ وەردەگیرا، ئەمەش بووبووە هۆی “دوو باجی” و گرانبوونی نرخ لەسەر هاووڵاتییان.
حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا پێداگری دەکات لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ رێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باج و زیادکردنی داهاتی گشتی. لە بەرانبەردا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر مافە دەستوورییەکانی خۆی لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان دەکاتەوە، بەڵام هاوکات رەزامەندیشی پیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی سیستەمەکە بە مەرجێک لە رێگەی دامەزراوەکانی هەرێمەوە بێت.