لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی خزمەتگوزارییەکان و ڕێگەوبان، پڕۆژەی ستراتیجیی دووسایدی ٤٠ مەتریی سۆران بە سەرکەوتوویی تەواو کرا و لە نزیکترین کاتدا بە ڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە.
ئەم پڕۆژەیە، کە یەکێکە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییە هەرە گرنگەکان، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی ناو شاری سۆران و ئاسانکردنی هاتوچۆ دەبێت.
پڕۆژەکە درێژییەکەی زیاتر لە ٣ کیلۆمەترە و هەر سایدێکی سێ لای هەیە، لەگەڵ دروستکردنی شۆستەیەکی فراوان بە پانیی ٢.٥ مەتر بۆ پیادە و دابینکردنی سەلامەتیی هاتوچۆ. یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم پڕۆژەیە، بوونی پردێکە بە بەرزیی ٣٢ مەتر، کە بە یەکێک لە بەرزترین پردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

