رۆژنامەی ھەولێر

١٠%ـی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر جێبەجێ کرا

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەجێبەجێکردنی پشتێنەی سەوزایی هەولێر هەنگاوی زۆر گرنگی ناوە و تا ئێستا زیاتر لە حەوتسەد هەزار نەمامی چاندووە و لەسەدا دەی کۆی پلانی پڕۆژەکەی لە ڕووی سەوزایی و چاندنی نەمام جێبەجێ کردووە. بە تەواوبوونی پڕۆژەکە هەولێر دەبێتە یەکێک لە شارە زۆر پاک و جوان و دڵڕفێنەکانی جیهان.

پانیی پڕۆژەی پشتێنی سەوزایی هەولێر کە کەوتووەتە دەرەوەی بازنەی سەد و پەنجا مەتری هەولێر دوو کیلۆمەتر و درێژییەکەی هەشتا و سێ کیلۆمەترە و لە هەشت زۆن پێکهاتووە. بەو پێیە کۆی ڕووبەری پڕۆژەکە دەگاتە سەد و شەست و شەش کیلۆمەتر دووجا.
ئەو پڕۆژەیە بە هەشت قۆناخ جێبەجێ دەکرێت. قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیە دەگاتە سێزدە هەزار دۆنم کە داری زەیتوون و فستقی لێ چێندراوە و سەرووی سی و دوو کیلۆمەتری دووجای پڕۆژەکە لەخۆ دەگرێت.
رووبەری ئاماژەپێکراوە کاتێک دەبێتە سەوزایی دیمەنێکی زۆر نایاب و سەرنجڕاکێش بە هەولێر دەبەخشێت کە لە ئاسمانەوە سەیری شارەکە بکەیت دەبینیت بە دارستانێکی گەورە دەور دراوە و هەولێر لە شێوەی ڤێلای ناو باخێک خۆی دەنوێنێت.
بڕیارە لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر حەوت ملیۆن نەمامی زەیتوون و فستق بچێندرێن، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی تر وەرگیراوە و بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئاو و خاکی هەولێر کراوە و دەستنیشانکردنی هەر دوو نەمامی زەیتوون و فستق هەر لەسەر ئەو بنەمایە بووە چونکە بۆ کەشوهەوای هەولێر زۆر گونجاون و جگە لەوەی کە سەوزایی بە شارەکە دەبەخشن لە هەمان کاتدا بە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات و دابینکردنی هەلی کاریش دادەنرێن.
پشتێنەی سەوزایی هەولێر بۆ پاراوکردن جگە لە باران پشت بە کۆمەڵێک سەرچاوەی ئاو دەبەستێت کە گرنگترینیان ئەو دە پۆندە دەبن کە بڕیارە لە هەمان پشتێنەی سەوزایی بنیات بنرێن، ژمارەیەک لەو پۆندانە بنیات نراون و پڕۆژەی دیکەی پەیوەنددیدار لە جێبەجێکردندان و هاوکات بۆ پاراوکردنی زەوییە کشتوکاڵی و دارستانەکانی سنووری پشتێنی سەوزایی پشت بە ئاوی ڕووباری زێی گەورە و ئاوەڕۆی هەولێر دوای پاڵاوتن دەبەسترێت.
پڕۆژەکە بۆ سەوزایی و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان زۆر ستراتیجییە و بەپێی ئامارێک کە فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی کردووەتەوە توانای هەیە تا دووسەد و دە هەزار تۆن دووان ئۆکسیدی کاربۆن کەم بکاتەوە، ئەم قەبارەیە لە کەمکردنەوەی ئەو جۆرە گازە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پلەی گەرما و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بەبیابانبوون و کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی خۆڵبارین. پڕۆژەکە پارێزگاری لە دۆخی تەندروستی گشتی دەکات و کوالێتیی ژیان بەرز دەکاتەوە.
پشتێنی سەوزایی وەک قەڵغانێک دانیشتووانی هەولێر لە گازە ژەهراوییەکان دەپارێزێت و کوالێتی هەوا بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، لەبارەی گرنگی پرۆژەکەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەم هەنگاوە لە رووی کشتوکاڵییەوە بەرهەمێکی زۆری دەبێت، چ لە ڕووی بەرهەمهێنانی زەیتوون بۆ خواردن یان بۆ پەیداکردنی رۆنی زەیتوون، هاوکات لە ڕووی ژینگەییشەوە کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت و وەک فلتەرێک بۆ پاککردنەوەی هەوای شاری هەولێر کار دەکات.”
لە لێدوانێکدا، دەڵێت؛ پڕۆژەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی و دەستەی ژینگە ئەنجام دەدرێت و ئەو شوێنانەی دارەکانی تێدا دەچێندرێت، بە وردی و بەپێی پێویستیی ژینگەیی ناوچەکان دەستنیشان کراون.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو یەکەم داری لە پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر چاند و لە گوتارێکدا جەختی کردەوە، پڕۆژەکە هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت و ڕاهێنانی پێویستیشیان پێدەکرێت بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە لە پڕۆژەکەدا کار بکەن.
سەرۆکی حکوومەت لەکاتی چاندنی نەمامەکە لەو پرۆژەیەدام ئەوەی خستەڕوو، ئەو دارانەی لەم پڕۆژەیەدا دەچێندرێن، بەرهەمدار دەبن و گوتیشی، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە لەگەڵ حکوومەت بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە بەشدارن، دەتوانن لە ڕووی بازرگانییەوە سوود لە بەرهەمی دارەکانی ئەم پشتێنەیە وەرگرن.
ئەگەر حەوت ملیۆن نەمامەکەی پشتێنی سەوزایی بەسەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دابەش بکەین ئەوا هەر تاکێک لانی کەم یەک داری بەردەکەوێت. هەمووی ئەو دارانە کە پێدەگەن و گەشە دەکەن بەرهەمیان دەبێت و دەتوانن ژمارەیەکی زۆری هەلی کار دابی بکەن و ببنە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ حکوومەت و هەموو ئەوانەی لە پشتێنەکە زەوی و پڕۆژەی سەوزایی و کشتوکاڵییان هەیە.
هەولێر بەهۆی پشتێنی سەوزایی دەبێتە شارێکی زۆر تایبەت و دڵڕفێن و گەشتیاری و وەک تابلۆیەکی جوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی دەنوێنێت، تابلۆیەک کە سەنتەرەکەی قەڵای دێرینی هەولێرە کە هەشت هەزار ساڵ تەمەنیەتی و کۆنترین شوێنی جیهانە کە ژیان تێیدا بەردەوامە و خاوەندارێتی شارستانیەتێکی کۆن و مێژوویی دەکات.