ڕائیب جادر – هەولێر
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، ڕەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنی زیاتر لە ٤ ملیار و ٤٠٥ ملیۆن دینار بەمەبەستی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی ژێرخان لە سنووری پارێزگای دھۆک.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاندووە، لە ٣ فەرمانی جیاوازی وەزاریدا بڕیاری خەرجکردنی ٤،٤٠٥،٧٤٣،٠٠٠ دینار دراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی دھۆک و تەناھی، ئەم گوژمانە لەسەر پلانی ساڵی ٢٠٢٦ و بەپێی ڕێنماییە داراییەکانی تایبەت بە داھاتەکان دابینکراون، کە پێکدێن لە ١٥%ـی داھاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دھۆک و ١٠٠%ـی داھاتی فرۆشتنی زەویی ڕوکنی شارەوانیی تەناھی، ئەمەش بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە.
سەبارەت بە دابەشبوونی پارەکە و وردەکاریی پڕۆژەکان، وەزارەتەکە ئاشکرای کردووە، گەورەترین گوژمە کە بڕەکەی سێ ملیار و ٣٥ ملیۆن و ٧٦٣ ھەزار دینار، لەسەر ١٥%ـی داھاتی شارەوانیی دھۆک تەرخانکراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی دھۆک، ھاوکات بڕی یەک ملیار و ٣٣٧ ملیۆن و ١٥٨ ھەزار دینار لەسەر ١٠٠%ی داھاتی فرۆشتنی زەویی ڕوکن، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی ناوخۆیی لە کەرتی ١٠ـی سنووری شارەوانیی تەناھی خەرج دەکرێت.
ھەر لە چوارچێوەی ھەمان فەرمانەکاندا و وەک بەشێک لە پەرەپێدانی ڕێگاوبانەکان، بڕی ٣٢ ملیۆن و ٨٢٢ ھەزار دینار لەسەر ١٥%ـی داھاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی تەناھی تەرخانکراوە، کە تایبەت دەکرێت بە دروستکردنی شەقامی ناوخۆیی لە سنووری ئەو شارەوانییەدا.

