ڕائیب جادر – هەولێر
وەرزی بەھار بەشێکی بەرچاوی ھاووڵاتییان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان و سەیرانگەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام ژمارەیەکیان پاشماوەکانیان دوای خۆیان کۆناکەنەوە و بەھۆیەوە جگە لەوەی دیمەنێکی ناشیرین دروست دەبێت و دەبنە بارگرانی بۆ ژینگەپارێزان و ژینگەش پیس دەکەن. وەزارەتی ناوخۆ، ھەر کەسێک پاشماوەی گەشتەکەی بەجێبھێڵێت، سزا دەدرێت.
بەھۆی ئەوەی زستانی ئەمساڵ پر باران و بەفر بوو زۆربەی کانیاو و ڕووبارەکان ژیانەوە، ئەوەش وایکردووە خەڵک ڕوو لە شوێنە گەشتیاریەکان و سەیرانگەکان بکەن، بەداخەوە ھەرلە ئێستاوە ئەو سرووشتە جوانە و ڕووبار و کانیاوانە پڕ بوون لە ماددەی پلاستیک و شوشە و قوتو خۆڵ و خاشاک، دیمەنێکی ناشیرینە، ھاوکات زیانی زۆر بە بەخاک و سروشت دەگەیەنێت، گەشتیاران داوادەکەن کە خەڵک ھۆشیار بن و ھەریەکە و ھەست بە بەرپرسیارێتی بکات و ژینگە بە ماڵی خۆی بزانێت.
بەشێک لە گەشتیاران شوێنە گەشتیارییەکان پیس دەکەن
بەشێک لەو گەشتیارانەی کە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی بێرۆیان و ئاکۆیان دەکەن لە دوای خۆ زبڵ و خاشاکێکی زۆریان بەجێھێشتووە. قایمقامی قەزای ڕواندزیش، دەڵێ، دوای ١٥ ڕۆژ ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتییان و پاراستنی شوێنە گەشتیارییەکان و دابەشکردنی ھەزاران کیسی نایلۆن، بەڵام بەشێک لە گەشتیاران ھێشتا پابەند نین بە ڕێنماییەکان.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای ڕواندز، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: زیاتر لە ١٥ ڕۆژە ھەڵمەتێکی بەربڵاومان بۆ ھوشیارکردنەوە و پاراستنی شوێنە گەشتیاریەکان لە قەزای ڕواندز دەست پێکردووە، ھەزاران کیسی نایلۆن دابەش کراوە و گواستنەوەی زبڵ و خاشاک لەو شوێنانە خێرا کراوە، قەفەزی تایبەت بە کۆکردنەویان داندراوە، دام و دەزگاکانمان بۆ ئەم مەبەستە ماندووبوونێکی زۆریان کێشا، بەڵام ئەوەی جێگای داخە ڕۆژی ھەینی لە ناوچە گەشتیاریەکانی “بێرۆیان، ئاکۆیان” بەشێک لە گەشتیار و ھاووڵاتییان زبڵ و خاشاکیان بەبێ کۆکردنەوە لە دوای خۆیان جێھێشتووە، ئەمەش ئەرکی ژینگەپارێزان سەخت دەکات و بە ئاسانی کۆناکرێتەوە.
قایمقامی قەزای ڕواندز، ھیوادارە ئەم جۆرە ناپارێزیانە دووبارە نەبنەوە، تاکو ژینگە بۆ ھەمووان پارێزراو بێت.
کیسی خاشاک و ڕێنمایی پێویست بە گەشتیاران دەدرێت
ئەحمەد بارزان عەلیکۆ، قایمقامی قەزای چۆمان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بۆ سێیەمین ھەفتە بە بەردەوامی لە دەروازەی سەیرانگەکانی سەنتەری قەزای چۆمان و ھەر چوار ناحیەکانی سنوورەکە، کیسی خاشاک و ڕێنمایی پێویست بەشێوەی نوسراو و بە بڵندگۆی ئۆتۆمبێلی ھاتووچۆ بە گەشتیاران درا، لە ڕێگەی ڕۆژنامەکەتانەوە دووپاتی دەکەمەوە کە پێویستە گەشتیاران زبڵ و خاشاک و پاشماوەی خۆیان لەگەڵ خۆیان ببنەوە ماڵەوە تا ئەم ژینگە جوانەمان بە خاوێنی بھێڵینەوە و پارێزگاری لێبکەین.
ھەر کەسێک پاشماوەی گەشتەکەی بەجێبهێڵێت سزا دەدرێت
وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێکی نوێی بۆ پاراستنی ژینگە دەرکرد، ھەر کەسێک پاشماوەی گەشتەکەی بەجێبھێڵێت، سزا دەدرێت.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھۆشدارییەکدا بۆ ھاووڵاتییان ڕایگەیاند، لەمەولا وەزارەتی ناوخۆ سزای دارایی ھەر کەسێک دەدات کە پاشماوەی گەشت و سەیران لە دوای خۆی بەجێ بھێڵێت.
ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا ھاتووە، پاشماوەی گەشتەکەت لەگەڵ خۆت بیبەرەوە و سرووشتی جوانی کوردستان پیس مەکە.

