رۆژنامەی ھەولێر

چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ دەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لە قەزای باتیفا، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەگوژمەی سێ ملیار دینار کۆمەڵێک پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن کە ھەندێک لەو پڕۆژانە تەواوبوونە و کەوتوونەتە خزمەت ھاووڵاتییان، پڕۆژەکانیش جۆراوجۆرن.

گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە قەزای باتیفا بەردەوامن و نزیکەی ٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژە جۆراوجۆرەکان تەرخانکراوە و زۆربەی پڕۆژەکانیش تەواو بوون، ئاماژەی بەوەش کرد، کارکردن لە نەخۆشخانەی قەزاکە گەیشتووەتە قۆناغێکی باش و لە سەرەتای ساڵی داھاتوو دەکرێتەوە.

کەرتی تەندروستی
یەکێک لە پڕۆژە ھەرە گرنگەکانی ناوچەکە، نەخۆشخانەی باتیفایە کە پێشتر کارەکانی ڕاگیرابوون.سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گوتی: سەردانی پڕۆژەی نەخۆشخانەی باتیفامان کرد بۆ ئەوەی بزانین گەیشتووەتە چ قۆناخێک، بەڵێنمان بە بەڵێندەرەکە داوە ھاوکاری زیاتری بکەین، بۆ ئەوەی بە زووترین کات تەواو بێت. بەپێی پلانەکانمان، لە ساڵوەگێری دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ٢١ی ئەیلوول دەکرێتەوە و دەکەوێتە خزمەت خەڵکی ناوچەکە.

پاراستنی ژینگە
سەبارەت بە پاراستنی ژینگە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاماژەی بەوە کرد، کە لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆ، جەخت لە پاراستنی ژینگەی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە زێدەڕۆییەکان کراوەتەوە، چونکە باتیفا یەکێکە لە ناوچە ھەرە جوانەکانی کوردستان بۆ گەشتوگوزار.

چاککردنەوەی ڕێگەوبانەکان
بەھۆی بارانبارینی زۆری ئەمساڵ کە لە سنووری باتیفا گەیشتووەتە نزیکەی ١٣٠٠ ملم، زیان بە ھەندێک لە ڕێگەوبانەکانی گوندەکان گەیشتووە. گوھدار شێخۆ، ڕوونیکردەوە: لیژنەیەکمان پێکھێناوە و دەستبەکار بوون بۆ چاککردنەوەی ئەو ڕێگایانەی بەھۆی باران و بەفرەوە تێکچووبوون، بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ڕۆژدا تەواوی ئەو ڕێگایانە چاک بکرێنەوە.

ماستەرپلان و پڕۆژەی نوێ
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، مژدەی پەسەندکردنی ماستەرپلانی قەزای باتیفای ڕاگەیاند و گوتی: ماستەرپلانی باتیفا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی زیاتر بایەخ بەم ناوچەیە بدەین، ھەروەھا پڕۆژەی تیشکی خۆر “سۆلار” بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا یەکێکی دیکەیە لە پڕۆژە گرنگەکانمان.

کەرتی گەشتوگوزار
لە کۆتاییدا گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، جەختی کردەوە، کە حکوومەت پشتگیری گەنجانی ناوچەکە دەکات بۆ ڕەخساندنی ھەلی کار، بەتایبەت لە کەرتی گەشتوگوزار و ڕێستورانتەکاندا، تاوەکو گەنجانی باتیفا ببنە خاوەنکاری خۆیان و خزمەتی ناوچەکەیان بکەن.