سلێمان تاشان – ههولێر
حکوومەتی عێراق دەستەیەکی تایبەتی دامەزراندووە کە لە سێ کەسایەتی و بەرپرسی باڵا پێکهاتووە و ئامانجی سەرەکی ئەوەیە سەرجەم گرووپە میلیشیاکان لەچەک داماڵێت. دەستە یان کۆمیتەکە دوای ئەوەی هەنگاوی یەکەمی نا لە ڕاپۆرتێکدا حکوومەتی ئەمریکای لێ ئاگادار دەکاتەوە. هێشتا سەرجەم بڕگەکانی ڕەشنووسی پڕۆژەکە تەواو نەکراوە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا تەواو بکرێت و بەمەبەستی جێبەجێکردن ڕادەستی حکوومەتی ئەمریکا بکرێت.
یەکەم جارە لەبارەی دامەزراندنی ئەو دەستەیە لە میدیاکان زانیاری بڵاو دەکرێتەوە و ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن پەردەی لەسەر هەڵماڵیوە و تەنانەت ناوی ئەندامانی لیژنەکەش ئاشکرا کراون کە لە هەر یەک لە عەلی زەیدی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ دامەزراندنی کابینەی حکوومەتی داهاتووی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق و هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر پێکدێت.
دەستەکە دانوستانی زۆر نهێنی لەگەڵ ڕێبەرانی گرووپە میلیشیاکانی عێراق هەبووە و پێشنیازی چۆنیەتی لەچەک داماڵین و تێکەڵکردنی ئەو گروپانە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی عێراق تاوتوێ کراوە . ئەوان لە دانیشتنەکاندا مشتومڕ و گفتوگۆی جیاوازیان هەبووە و تەنانەت دەگوترێ لە هەندێک لەو دانیشتنانە دەمەقاڵەش هاتووەتە کایەوە.
ئەو دەستەیەی دامەزراوە جێی ڕەزامەندیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە و هەر لە لایەن چوارچێوەکەش پاڵپشتی دەکرێت. بۆیەش هادی عامری کراوەتە یەکێک لە ئەندامانی دەستەکە چونکە ئەو کەسایەتییەکی سیاسی و سەربازی نزیک لە ئێرانە و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە هاندانی گرووپە میلیشیاکان بە تێکەڵکردنیان لەگەڵ سوپا و دام و دەزگا فەرمییە سەربازییەکانی عێراق.
عەلی زەیدی کە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندیدە و خەریکی دەستنیشانکردنی ئەندامانی کابینەکەیەتی، لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە و بەربەست و لە هەمان کاتدا ئاڵنگاریی گەورە بەرەوڕوویە. زەیدی دەبێت هەندێک هەنگاوی جددی بنێت کە حکوومەتەکانی سوودانی، کازمی و پێشتر تێیدا شکستیان هێنا و نەیانتوانی پرسی گرووپە میلیشیاکان یەکلایی بکەنەوە.
ئەگەر عەلی زەیدی بخوازێت بەڕاستی حکوومەتێکی سەرکەوتوی هەبێت و چاکسازی ڕیشەیی لە حکوومەتدا بکات ئەوا یەکەم هەنگاو ئەوەیە پرسی گرووپە میلیشیاکان یەکلایی بکاتەوە، گرەوی پاڵپشتیی حکوومەتی ئەمریکاش لە حکوومەتی داهاتووی عێراق هەر بەو خاڵە گرێ دراوە.
هەر لە دوای ئەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری دا عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بپاڵێوێت، ئەمریکا یەکەم وڵات بوو کە پاڵپشتی لەو هەنگاوە کرد و پیرۆزبایی ئاراستەی عەلی زەیدی کرد، لەگەڵ ئەو پیرۆزباییەدا ئەمریکا چاوەڕوانییەکی زۆری لە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو هەیە و دەخوازێت گرووپە میلیشیاکان لە چەک داماڵێت و کۆتاییان پێ بێنێت. ئەگەر زەیدی ئەو داواکارییەی ئەمریکا جێبەجێ نەکات ئەوا حکوومەتەکەی تووشی بەربەست و کێشە و قەیرانی گەورە دەبێت و ئەمریکا دۆلاری پێویست بۆ عێراق دابین ناکات و دەتوانێت تەنانەت عێراق ڕووبەڕووی سزا بکاتەوە.
چوارشەممەی ڕابردوو پیت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەلی زەیدی هەندێک ئاڵوگۆڕی برایان کرد کە چەند ئاماژەیکی گرنگ لە گفتوگۆکاندا بەدی کران کە سەرەکیترینیان ئەوە بوو لەو کابینە و حکوومەتەی، زەیدی بە تەمایە دایمەزرێنێت نابێت ڕێ بە گرووپە میلیشیاکان بدرێت لەو کابینەیەدا بەشداری بکەن و ڕۆڵی خۆیان بەرجەستە بکەن.
ئەولەویەتی ئەمریکا لە چەک داماڵین، ئەو گرووپانەیە کە بە بەرەی مقاوەمە ناسراون و زۆر سەربەخۆیانە کار دەکەن و هیچ حسابێک بۆ حکوومەت و دام و دەزگاکانی عێراق ناکەن. هێشتا بە وردی دیار نییە مەبەستی ئەمریکا ئەوەیە کۆتایی بەو گرووپانە بهێنرێت یان سەرجەم هێز و گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە چەک داماڵڕێن.
ئەگەر مەبەستەکە کۆی گرووپەکانی حەشدی شەعبی بێت ئەوا کارەکە قورستر دەبێت چونکە هەر خۆی ئەو گرووپانە لە پەرلەمان دەیان کورسیان هەیە و عەلی زەیدی بە دەنگی بەشێک لەو گرووپانە بۆتە پاڵیوراو و ناکرێت کەسێک هەڵبژێریت و پاڵپشتی لە کەسێک بکەیت کە کەسەکە پلان بۆ لەناوبردنی خۆی دابڕێژێت.
راستە لە پلانە چواردە خاڵییەکەی عەلی زەیدی باس لە پرسی لەچەک داماڵینی گرووپە میلیشیاکان کراوە بەڵام لە هەمان کاتدا خاڵێکی دیکە جێگیر کراوە کە باس لە پەرەپێدانی توانای حەشدی شەعبی و بەرجستەکردنی ڕۆڵی ئەو گرووپانە لە سیستمی سەربازیی عێراقدا دەکات.

