كارزان گلی – ههولێر
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەسەردانێكی فەرمی چووە ئەنكەرا، جیا لەوەی لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا كۆ بووەوە، بەجیا لەگەڵ چەند بەرپرسێكی تری توركیاش كۆبووەوە. پێدەچێت ئەم سەردانەی سەرۆكی حكوومەت، چەندین گرێكوێرە بكاتەوە، بەتایبەت لەڕووی ئابووریی و وزەوە.
هەرێمی كوردستان، هەمیشە پێگەیەكی گرنگی لای توركیا هەبووە، چونكە بۆ ئاساییشی ناوەخۆیی و سنوورەكان و ئابووریی، هەمیشە سوودیان بەیەكتری گەیاندووە.
لەڕووی ئابوورییەوە
هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، كاریگەریی ئابووریی زۆری لەسەر توركیا هەبووە، بەگوێرەی زانیاریی میدیاكانی توركیا، لە ماوەی یەك مانگی شەڕدا ٣٠ ملیار دۆلار زیان بەر توركیا كەوتووە، ئەگەر شەڕیش بەردەوام بێت تا ١٠٠ ملیار دۆلار دەڕوات.
توركیا بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو بۆشایییە پڕ بكاتەوە لەڕووی ئابوورییەوە، دەبێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بگەوێتە گفتوگۆ تا بتوانێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان زیاد بكەن، هەر بۆیە لەگەڵ ئەرمەنستان و میسر و چەند وڵاتێكی تر پەیوەندیی خۆی ئاسایی كردووەتەوە.
بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان، بۆ ئابووریی توركیا گرنگە و ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان _عێڕاق و توركیا ١٧ ملیار دۆلارە، توركیا دەیەوێت ئەو رێژەیە زیاد بكات، چونكە ئەگەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەرز نەكاتەوە، رەشی ئابووریی ناوەخۆیی زۆر خراپە و بەو حاڵەوە ناتوانن بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، كە ئێستا قسەوباسی زۆری لەسەر دەكرێت و ئۆپۆزسیۆن فشاری گەورەی كردووەتە سەر دەسەڵات بۆ هەڵبژاردن.
كەواتە یەكێك لە بابەتە گرنگەكانی ئەو كۆبوونەوەیە، بەگوێرەی بۆچوونی شڕۆڤەكارانی سیاسی توركیا، زیادكردنی پەیوەندیی ئابووریی نێوانیانە، بەكورتی بتەوكردنی پەیوەندیی دیبلۆماسی و ئابووریی نێوان هەردوو لایەنە.
پرسی رۆژئاوای كوردستان
ئەوكاتەی هێزەكانی سووریا هێرشیان كردە سەر رۆژئاوای كوردستان، هەرێمی كوردستان وەكوو پێگەیەكی شەرعی نێودەوڵەتی كوردی، رۆڵی گەورەی بینی لە نەكەوتنی رۆژئاوا، بەتایبەت سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆکی حكوومەت، توانیان بەهەوڵی دیبلۆماسی خۆیان رۆژئاوا لە كەوتن رزگار بكەن، جیا لەوەش دەركەوت هەرێمی كوردستان، دەتوانێت رای گشتی كورد لە هەموو دونیا بجولێنێت، چونكە لە بابەتی رۆژئاوا توانیان هەموو كورد لە هەموو دونیا بهێننە سەر شەقام و داوای مانەوەی پێگە و ستاتۆی رۆژئاوا بكەن.
توركیا ئەمەی بینی، بۆیە بۆ بەرقەرابوونی ئاشتی و هەروەها پرسی چارەسەریی كورد لە توركیا، رۆڵی هەرێمی كوردستان گرنگە و دەیانەوێت رۆڵی پێبدەن لەوەی پرسی چارەسەری كورد بگاتە قۆناغێكی گرنگ و كۆتایی.
توركیا لە هەوڵی ئەوەدایە یاسا بۆ چەكدانانی پەكەكە و بەرەوپێشچوونی پرسی چارەسەریی دەربكات، بۆیە چوونی مەسرور بارزانی بۆ توركیا لەم كاتەدا گرنگەدا كاریگەریی لەسەر پرسی چارەسەری دەبێت، چونكە بۆچوونی سەرۆكی حكوومەت و هەوڵەكان و پێگەی هەرێم دەتوانێت ئومێد بداتە پرسی چارەسەری.
دەبێت ئەوەش باس بكەین، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، داوای لە شاندی ئیمیڕاڵی كرد، بچنە سەری رەش و سەرۆك بارزانی ببینن، بۆیە شاندەكە بەسەرۆكایەتی سری سورەیا ئۆندەر، كە پارساڵ كۆچیی دوایی كرد هاتنە لای سەرۆك بارزانی و كۆبوونەوە و بۆچوونی سەرۆكیان لەبارەی پرسی چارەسەری وەرگرت. هەروەها سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتیان كرد و بۆچوونی ئەوانیشیان وەرگرت لەوڕووەوە.
ئەمە دەیسەلمێنێت كە هەرێمی كوردستان، بەهۆی پێگە شەرعییەكەی دەكرێت ببێتە مەرجەع بۆ كودانی هەر چوار پارچەی كوردستان، چونكە لە بابەتی رۆژئاوا ئەمە سەلمێنرا.
بابەتی وزە
پەلاماری ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، كاریگەریی زۆری لەسەر وزەی جیهان هەبوو، بەتایبەت عێڕاق و توركیا زیانی زۆریان بەركەوت، تەنانەت داهاتی عێڕاق لەڕووی فرۆشتنی نەوتەوە، بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز ٨٠٪ كەمی كرد، بۆیە عێڕاق رووی لە هەرێمی كوردستان كرد، تا بتوانن نەوتی كەركووك، لەرێگەی بۆری جەیهانەوە بگوازنەوە بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ بەندەرەكانی جیهان.
باس لەوە دەكرێت زیاتر لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەو رێگەیەوە بنێرنە بازەڕەكانی جیهان، ئەمە بۆ توركیا زۆر گرنگە، بەتایبەت لەڕووی ئابووریی و پێگەی وزە لە جیهاندا، بەڵام لایەنێكی سەرەكی ئەو هەنگاوە، هەرێمی كوردستانە و بۆڕییەكە تا سنووری توركیا موڵكی هەرێمی كوردستانەو دەبێت بۆچوونی هەرێم لەوڕووەوە وەربگیرێت و پاڵپشتی ئەو هەنگاوە بكات.
یەكێك لە تەوەری كۆبوونەوەكە وەكوو ئەوەی شڕۆڤەی بۆ دەكرێت، بابەتی وزەیە و هەردوولا دەیانەوێت لەڕووی وزەوە پەیوەندییەكانیان پتەو بكەن و بەرژەوەندییەكانیان بپارێزن.

