رۆژنامەی ھەولێر

لەبارەی ماددەی ١٣٠ی دەستووریی ئێستا

فازڵ میرانی
ماددەی ١٣٠ لە دەستووریی ئێستای عێراقدا دەقەکەی بەم شێوەیەیە: (یاسا و تەشریعە کارپێکراوەکان بە کارایی دەمێننەوە، مەگەر بەپێی حوکمەکانی ئەم دەستوورەهەڵبوەشێندرێنەوە، یان هەموار بکرێن).
ئەمەش بەو مانایەیە (لەگەڵ ڕەچاوکردنی هەڵوەشاندنەوەی چەندین بڕیاری “ئەنجوومەنی قیادە سەورە” کە باڵاترین دەسەڵاتی عێراق بوو لەنێوان ساڵانی ١٩٦٨-٢٠٠٣ و بڕیارەکانی لە جێبەجێکردندا لە سەرووی هەر یاسایەکی ناوخۆیییەوە بوون، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی چەندین یاسای تری کارپێکراو)، کە تا ئێستاش بەشێک لە بڕیارەکانی ئەو ئەنجومەنە و یاساکانی تر و ڕێنماییە هاوپێچەکانیان بە کارایی ماونەتەوە و کاریان پێ دەکرێت.
لەبەر ئەوەی یاسا تەنیا بە دەق (نص) هەڵدەوەشێتەوە، و ماددەی ١٣٠ش هیچ (سقف زمنی) دیاری نەکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەقانەی کە لەگەڵ ماددەکانی دەستووری ئێستادا ناکۆکن، بۆیە ڕێڕەوی پرۆسەی دەستووری و یاسایی بە گشتی دووچاری پاڵەپەستۆ و دژبەیەکبوون بووەتەوە؛ پاڵپەستۆکە بەهۆی زۆریی تەشریع و یاسا و بڕیارەکانە، دژبەیەکیشە چونکە ماددەکانی دەستوور بە عەقڵییەت و ئاڕاستەیەک نووسراون کە تەواو پێچەوانەی ئەو بارودۆخەیە پێش ساڵی ٢٠٠٣ لە ئارادا بووە.
لێرەدا تەنیا پرسیار دەربارەی شەرعییەتی کارکردن دروست نابێت، چونکە شەرعییەت هەندێک جار لەو هەڵانە پارێزراو نییە کە خۆی دەیکات ئەگەر بێت و بەردەوامیی کارکردن بە تەشریعەکانی پێش خۆی پاساو بدات، بەڵکوو پرسیارە هەنووکەییەکە ئەوەیە: بۆچی پشتگوێ دەخرێن، یان ڕەنگە بە ئەنقەست هەندێک دەقی(سائبە الوقت) بەجێ هێڵدراون کە وا دەردەکەون وەک ئەوەی ئەو لایەنانەی مافی هەڵوەشاندنەوە یان هەموارکردنی ڕابردوویان هەیە، لایەنی دیار و ناسراو بن و پێویست بە ناوبردن نەکات؟ ئەمە لە کاتێکدایە زۆربەی کارمەندانی بواری یاسا دەزانن کە عێراقی ساڵانی ١٩٦٨-٢٠٠٣، لە ڕووی سیاسییەوە بۆ داڕشتنی یاسا، بە جۆرە پارێزبەندییەک (حصانە) تەنراو بوو کە ڕێگر بوو لە لێپێچینەوە لە لایەنە باڵاکان، چ سەبارەت بە دەرەنجامی بڕیارەکانیان و چ سەبارەت بەو مەرجەعەی پشتیان پێ بەستووە بۆ بەرهەمهێنان و داڕشتن و گونجاندنی دەقەکان تاوەکو لەگەڵ پێداویستییە زاتی و بابەتییەکانی خۆیاندا بیگونجێنن.
تەنیا بیرکردنەوە لە هێشتنەوەی دەقێکی یاسایی کە لە دامەزراوەیەکی وەک “ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش”ی هەڵوەشاوەوە دەرچووە، بە ڕوونی بە واتای دروستیی دەقەکە یان گونجانی یاساییەکەی (التكییف القانونی) دێت، یاخود نیشانەی دەستەوسانیی لایەنەکانی دوای ئەوانە لە پێشکەشکردنی دەقێکی یاسایی کە لە ماددەیەکی دەستوورییەوە سەرچاوەی گرتبێت. ئەو لایەنانەی مافی یاسادانان و پێشنیارکردنی پڕۆژەیاساکانیان هەیە، لەگەڵ ئەو لایەنەی چاودێریی دەستوور دەکات و بەرپرسە لە لێکدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی سەرپێچییەکان، هەموویان ناسراون. هەروەک چۆن ئەوەش زانراوە کە ماوەی نێوان گۆڕانکاریی سیاسی و گۆڕانکاریی دەستووری، ٢٣ ساڵە بۆ یەکەمیان (گۆڕینی ڕژێم) و ٢١ ساڵیشە بۆ دووەمیان (کارکردن بە دەستووری ئێستا).
ئەم گرێکوێرانە و “ناوچە خۆڵەمێشییانە” کاریگەریی نەرێنییان هەبووە و تا ئێستاش بەردەوامن لەسەر ناسەقامگیریی ئەدای کارکردن، مەگەر تەنیا جێگیربوونێک لەسەر لاری و لاسەنگی؛ ئەم دۆخە بناغە بۆ هەڵەیەکی کەڵەکەبوو دادەڕێژێت، بەڵام بە شەرعییەتێکی سەیر کە نە دەقی یاسایی قبوڵی دەکات و نە ئەقڵی ڕێکخراو. بڕوام وایە خولی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران و هەروەها پێکهاتەکانی گەلی عێراق، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستییان بە جەردکردنی بڕیار و یاساکان هەیە؛ نەک تەنیا لەپێناو ڕزگارکردنی ماددەی ١٣٠ لەو واقیعەی کە زیان بە دەستوور دەگەیەنێت، بەڵکوو بۆ ئەوەی ئەو ئەقڵە یاساییەی کە ڕێگەی پێدراوە ڕێڕەوەکە ڕاست بکاتەوە، بتوانێت پێگەی شایستە بۆ دەستوور بگەڕێنێتەوە، چونکە ڕەوا نییە لە کایەی ڕێکخستن و بەڕێوەبردندا، کۆمەڵێک بڕیار و تەشریعی پێچەوانە، کێبڕکێ لەگەڵ دەستووردا بکەن.