كارزان گلی – ههولێر
ماوەی سێ ساڵ دەبێت، ئیسرائیل و توركیا، كەوتوونەتە شەڕێكی سەختی میدیایی لەگەڵ یەكتریدا، ئەمەش ئەو پرسیارەی دروست كردووە، ئایا ئەو دوو وڵاتە لە دژی یەكتری دەجەنگن؟ ئایا پەیوەندیی نێوانیان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هەنگاو بۆ شەڕ بنێن؟
لە ١١ی نیسانی ئەمساڵدا، بنیامین ناتانیاهو، لە رێگەی سۆسیال میدیاوە توركیا تۆمەتبار كرد، بەوەی پاڵپشتی لە ئێران دەكات، هەروەها ئاماژەی دابوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، هاووڵاتیانی كورد دەكوژێت. ئەردۆغان وەڵامی دایەوە و وەكوو تیرۆریست و هیتلەری ئەم سەردەمە ناوی هێنا و هەروەها لەبارەی كوردەوە گوتی: ”ناتانیاهو دەیەوێت لە رێگەی برا كوردەكانمانەوە فیتنە بنێتەوە.“
شرۆڤەكارانی سیاسی پێیان وایە، هیچ كاتێك ئەوەندەی ئێستا ئەگەری شەڕ لە نێوان توركی و ئیسرائیل بەو شێوەیە بەرز نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەردوو لاوە هەوڵی جیدیش هەیە تا شەڕ روو نەدات و رووبەڕووی یەكتری نەبنەوە.
توغچە ئارسۆی، مامۆستای زانكۆ و شڕۆڤەكاری سیاسی، قسەی بۆ ئاژانسی (BBC) توركی كردووە و پێیوایە، هەردوولا سیاسەتی ناوەخۆیی لەرێگەی سیاسەتی دەرەوە دەكەنە بارمتە.
ئارسۆی دەڵێت: ”ئەو شەڕەی لەرێگەی میدیاوە لەگەڵ یەكتریدا دەیكەن، هەردوو لا دەیانەوێت رای گشتی وڵاتی خۆیان بوروژێنن و هەروەها سیاسەتی دەرەوە بەكاربهێنن بۆ ئەوەی لەناوەخۆا بەهێز بن. ناتانیاهو، ئەو زمانە توند و باكگراوندە شەڕاوییەی هەیەتی، دەیەوێت رای گشتی بۆ لای خۆی راكێشێت، توركیاش دەیەوێت وای نیشان بدات، تەنیا ئەردۆغانە دەتوانێت رووبەڕووی ئیسرائیل و ناتانیاهو ببێتەوە.“
باسی لەوەش كرد، هەمیشە وا بیریان كردووەتەوە، توركیا و ئیسرائیل لە ئاشتییەكی سارددان، بەڵام ئێستا بووەتە كێبڕكێیەكی سارد.
شڵۆمۆ بنامی، سەركونسوڵی پێشووتری ئیسرائیل لە ئەمریكا، گوتەكانی ئەردۆغان بەمەترسی دەزانێت و دەڵێت دەیەوێت بەو گوتە وروژێنەرانە رەوشەكە خراپتر بكات.
بەشێكی تری لە سیاسیەكان پێیان وایە، ئەو هەڵوێست و گوتەنای ئەردۆغان و ناتانیاهو بەرامبەر بەیەكتری بەكاری دەهێنێت، گرژییەكانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو ئاستێكی خراپتر دەبەن و ئەگەر شەڕ بەهێز دەكەن.
بەگوتەی ئارسۆی، هەردوو وڵات لە سووریا و قوبرس و دەریای سپی ناوەڕاستدا دەیانەوێت هێزی خۆیان زیاتر بكەن و نیشان بدەن، هەروەها هەر وڵاتە و دەیەوێت لەڕووی جیۆپۆلیتیكەوە قەلغانێك دروست بكەن.
جەنگ لە نێوان توركیا و ئیسرائیل، ئەگەرێكە بەردەوام باس دەكرێت، بەڵام باس لەوەش دەكرێت چەند كەسایەتییەكی سیاسی هەردوولا لەهەوڵی ئەوەدان ئەو شەڕە روو نەدات، تەنانەت ئەگەر رووش بدات گشتگیر نابێت و سنووردار دەبێت.
چەند جارێكە ناتانیاهو باسی كورد دەكات و توركیا و خودی ئەردۆغان تۆمەتبار دەكات بەوەی كوردیان كوشتووە، بەگوێرەی بۆچوونی بەشێك لە شڕۆڤەكاران بۆیە ناتانیاهو كارتی كورد بەكاردەهێنێت دژی ئەردۆغان، تا بەدونیا بڵێت لەڕووی مافی مرۆڤ و بەرتەسككردنەوەی ئازادی توركیا خراپە و لەورێگەیەوە دەیەوێت دادگا نێودەوڵەتییەكان ئەردۆغان سزا بدەن، چونكە ناتانیاهو لە چەندین وڵات فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە بەهۆی ئەو بۆردومانەی غەززە و كوشتنی سەدان منداڵ و ژن و پیر.
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە لێدوانێكدا گوتی ”لەدوای ئێران، ئیسرائیل دەیەوێت دژمنێكی تر بۆ خۆی بدۆزێتەوە ئەویش توركیایە، نەك ناتانیاهو، چەند كەسایەتییەكی سیاسی تریش لەناو ئیسرائیل توركیا بەچاوی دژمن سەیر دەكەن.“
ئاڵۆن پینكاس، سیاسەتمەدار و لێكۆڵەر پێیوایە، رەنگە بەنەمانی ناتانیاهو، پەیوەندی توركیا و ئیسرائیل باش ببێتەوە، بەڵام لاپید سەرۆكوەزیرانی پێشووتر، كە ئێستا ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزە، لە ناتانیاهو خراپترە بەرامبەر بە توركیا و پێشتریش زۆر قسەی توندی بەرامبەر بە توركیا كردووە.

