رۆژنامەی ھەولێر

یەکێک لە گرنگترین ئەو ڕاسپاردانە بریتییە لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی نایلۆن و پلاستیک

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەرێمی کوردستان خاوەنی خاک و ئاو و ژینگەیەکی لەبارە و خوا سروشتێکی جوانی پێ بەخشیوە، بەڵام لە پاراستنی ئەم ژینگە دڵڕفێنەدا کەمتەرخەمی دەکرێت و بە هۆکاری جیاواز ژینگەکە پیس دەکرێت و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا ژینگە دەکەوێتە بەردەم دۆخێکی زۆر مەترسیدار.

یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی پیسکردنی ژینگەی کوردستان سوودوەرگرتنی بە لێشاوە لە مادەی پلاستیکی، بەشيک لەو مادانە ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵک ژینگەیان پێ پیس دەکرێت و بەشێکی دیکە ناڕاستەوخۆ ژینگەیان پێ پیس دەکرێت دووای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانی شارەوانی زبڵ کۆ دەکەنەوە بەشی زۆر مادە پلاستیکییەکە ڕیسایکڵ ناکرێتەوە دەخرێتە ژێر زەوی کە ژینگەی ئاو و خاک پیس دەکات.
لە سفرەی سەفەری بگرە تا دەگاتە کەرستەی هێنانەوەی نان لە فڕنی و گواستنەوەی پێداویستییەکان لە مارکێتەوە بۆ ناو ماڵەکان و لە ئەنجامی زۆربەی کڕین و فرۆشتنەکان، کیسەیەکی نایلۆنیش ڕۆڵی خۆی دەگێڕیت و ڕۆژانە بە سەدان تۆن مەوادی پلاستیکی کە سەرچاوەکانیان فرەرەهەندە بە بێ ئەوەی ڕیسایکڵ بکرێنەوە دەخرێنە سروشت و ژینگەی کورستانیان پێ پیس دەکرێت.
دۆخەکە لەوە دەرچووە تەنیا بە هۆشیارکردنەوە هەوڵی چاککردنی بکرێت بەڵکوو ئەوە دەخوازێت لەپاڵ هۆشیارکردنەوەی خەڵک بۆ دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی مادەی پلاستیکی، لە هەمان کاتدا سزا و پاداشتیش دیاری بکرێت و حکوومەتیش لای خۆی ڕێکار و ڕێوشوێنی نوێ بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی مادەی پلاستیکی بگرێتە بەر .
بەشێک لەو مادە پلاستیکییانە تەنیا زیانیان بۆ ژینگە نییە بەڵکوو بۆ تەندروستیی مرۆڤیش مەترسیدارن. ئەو نان و سەموونەی بە گەرمی دەخرێتە کیسەکانی نایلۆن و خەڵک ڕۆژانە سوودی لێوەردەگرن زۆر مەترسیدارن و ڕێژەیەک لەو نایلۆنە بە تایبەتی لە دۆخی گەرمیدا تێکەڵ بە خۆراک دەبێت و دوای خواردن دەچێتە نێو لەشی مرۆڤ کە کۆمەڵێک نەخۆشیی مەترسیداری بەدواوەیە.
ساڵی ڕابردوو بڕیارێک بۆ نانەواخانەکان دەرچوو کە نان و سەموون نەخرێتە کیسەی نایلۆن بەڵام ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرا هۆکارەکەش ئەوە بوو نەتوانراوە ناچار بکرێن تا لە جیاتی نایلۆن مادەی کاغەزی بەکاربهێنرێت. بۆ ئەو مەبەستە پێویستە کارگە پیشەسازییەکان ڕۆڵ بگێڕن لە دابینکردنی جێگرەوەی پلاستیک و پاشان بڕیاری هاوشێوە بدرێت و لەگەڵ ئەمەدا سزا و پاداشیش دیاری بکرێت.
کارگەی تایبەت دابمەرێن کە تایبەت بن بە ڕیسایکڵکردنی نایلۆن و لەپاڵ ئەمەدا بکرێتە مەرج لەسەر کارگەکان کارتۆن و مەوادی کاغەزی بۆ خستنەڕووی بەرهەمەکانیان دابین بکەن.
بەشێک لە ڕەفەی مارکێتەکانی کوردستان بە سفرەی سەفەری و مادەی پلاستیکی تەنراون کە لە لایەن هاوولاتییان دەکڕدرێت و بۆ مەبەستی جیاواز سوودیان لێوەردەگیرێت و دواجار سەرجەمی ئەو مادە پلاستیکییانە بە بێ ئەوەی ڕیسایکڵ بکرێنەوە دەخرێنە نێو ژینگە و ئاو و خاکی کوردستانیان پێ پیس دەکرێت کە لەناوچوونیان سەدان ساڵی پێدەچێت.
رۆژی دووشەممە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەل پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەکان کۆمەڵێک ڕێنمایی و ڕاسپاردەی لەبارەی ژینگە و لابردنی هۆکارەکانی پیسکردنی ژینگە دەرکرد.
یەکێک لە گرنگترین ئەو ڕاسپاردانە بریتی بوو لە کەمکردنەوەی پلاستیک. پێشنیاز کرا کۆبوونەوە لەگەڵ کارگەکان بکرێت بۆ گۆڕینی کیسەی پلاستیک بۆ کاغەز و قوماش، هەروەها هاندانی کۆمپانیاکان بۆ بەکارهێنانی کارتۆن لە جیاتی پلاستیک بۆ ئاوی کانزایی و شیرەمەنییەکان.
لەپاڵ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لە میدیا و ناوەندەکانی خوێندن و مزگەوتەکان، هاندانی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان بۆ وەبەرهێنان لە بواری دووبارە بەکارهێنانەوەی (Recycling) پلاستیک و شووشە ڕاسپاردەیەکی دیکەی وەزارەتەکە بوو.
حکوومەت لە هەوڵدایە بۆ پاراستنی ژینگە هەنگاوی ڕژد و پراکتیکی بنێت. لە ساڵی رابردووەوە پڕۆژەی ڕووناکی جێبەجێ کردووەکە بووەتە هۆی کوژانەوەی هەزاران مۆلیدە و سوودێکی زۆری بە ژینگە و هەوای کوردستان گەیاند و لە هەمان کاتدا پەرەپێدانی بەنداوەکان و ژێرخانی گواستنەوە فاکتەرگەلێکی دیکەن کە ڕێیان لە پیسکردنی ژینگە گرتووە.
چارەسەرکردنی پلاستیک لە کوردستان هاوشێوەی کارتۆن و فافۆن و ئاسن کە چەندین ساڵە ڕیسایکڵ دەکرێتەوە دەتوانێت کوردستان هەنگاوێکی دیکە بەرەو پێشەوە بەرێت.