ڕائیب جادر – هەولێر
کچێکی دیکەی ئێزدی دوای ١١ ساڵ لە دەستی داعش ڕزگار کرا. بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، دەڵێت: تا ئێستا لە کۆی ٦٤١٧ ڕفێندراوی ئێزدی ٣٥٩٥ کەس ڕزگارکراون. دەشڵێ: ھەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی چەند کەسێکی دیکە بەردەوامن.
حکوومەتی عێراق بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی شنگال ھەڵنەستاوە و قەرەبووی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە، کە بەھۆی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە.
حسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: دوای چەند ڕۆژێک کارکردن لەسەر کەیسەکەی، ئەو کچەمان گەیاندەوە نێو کەسوکارەکەی لە شنگال.
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، دەشڵێ: “جەمیلا بابیر حاجەم” خەڵکی کۆمەڵگەی تەل قەسەبەیە لە شنگال کاتێک تەمەنی ٧ ساڵ بوو لە ھێرشی چەکدارانی داعش لە ٣ـی ئابی ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی لە شنگال ڕفێندرا، پێنج کەس لەو خێزانە ڕزگارکراون، ئێستا تەنیا باوکیان بێسەروشوێنە.
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، نەیویست ئەو شوێنە ئاشکرا بکات کە ئەو کچەی تێدا ڕزگارکراوە و ھۆکارەکەشی دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێزدی دیکە لەو ناوچەیە ماون و ھەوڵ بۆ ئازادکردنیان دەدرێت.
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، لە ھێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ـدا ٦٤١٧ کوردی ئێزدی ڕفێندران و ھەزارانیش کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران. حوسێن قائیدی، دەڵێ: تاوەکو ئەمڕۆ ٣٥٩٥ ئێزدی ڕفێندراوی دەست داعش ڕزگارکراون و نزیکەی ٢٨٢٢ کەسیش بێسەروشوێنن.
نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوە ئێزیدییەکان بەردەوامە لە گەڕان و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕفێندراوانەی تا ئێستا ماونەتەوە، زۆربەی ئەم پرۆسانەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسایەتییە خۆبەخشەکان بەڕێوەدەچن بۆ گەڕاندنەوەی قوربانییان بۆ ناو خێزانەکانیان.
بەرپرسانی ئێزدی ڕەخنە لە کەمتەرخەمیی حکوومەتی عێراق لە دۆسیەی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەگرن و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد بۆ جموجۆڵی خێرا بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە ھەڵنەدراوەکان، بەتایبەتی کە ژمارەیان لە کۆی ٩١ گۆڕی بە کۆمەڵی دۆزراوە دەگاتە ٦٨ گۆڕی ھەڵنەدراوە.
بەرپرسانی شنگال، دەڵێن، کلیلی چارەکردنی کێشەی شنگال جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدایە، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکرێت، بارودۆخی شنگال ئارام نابێت، چونکە ئەو خاڵانەی لە ڕێککەوتنەکەدا ھاتوونە لە خزمەتی خەڵکی شنگال و ناوچەکەدانە، کە ھەتا ئێستا زیاتر لە ٧٥%ی خەڵکی ئێمە لەژێر خێمەدا دەژین، ئامادەنە لەژێر خێمەکانیان بژین و ژیانێکی ناخۆش ببەنەسەر بەس نەگەڕێنەوە ناوچەکانیان کە بووەتە شوێنی دەیان گرووپی چەکدار، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، لەسەر فەرمان و ڕێنمایەکانی سەرۆک بارزانی ئەوەی پێویست بووە حکوومەتی ھەرێم بۆ شنگال و خەڵکی ناوچەکەی کردووە، سەرۆک بارزانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگالی کرد، حکوومەتی ھەرێم بەردەوام خزمەتی خەڵکی ناوچەکەی کردووە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەویش ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لە ھاوکاریکردنی خەڵکی ناوچەکە.

