رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەکانی وەبەرهێنان توانیویانە زیاتر لە ٧٤ هەزار هەلی کار بۆ هاووڵاتییان بڕەخسێنن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازیی ئابووری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرکەوتنی گەورەی لە ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی و ناوخۆیی و ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجان بەدەستھێناوە، ھەرێمی کوردستان توانیویەتی قەبارەی سەرمایەی وەبەرھێنان بگەیەنێتە زیاتر لە ٢٧ ملیار دۆلار.

بەپێی نوێترین ئامارەکانی دەستەی وەبەرھێنان، لەژێر دروشمی “لە دیدگاوە بۆ ئەنجام”، ھەرێمی کوردستان توانیویەتی قەبارەی سەرمایەی وەبەرھێنان بگەیەنێتە زیاتر لە ٢٧ ملیار دۆلار، ئەم سەرمایەیە لە چوارچێوەی ٨٣٥ پڕۆژەی جیاوازدا لە سێکتەرە جۆراوجۆرەکان دابەش بووە، کە ڕەنگدانەوەی گەشەیەکی بەردەوامی چالاکییە ئابوورییەکانە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا.
لەڕووی برەودان بە ھاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان، ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥٠ شاندی بۆ بازاڕە جیھانییەکان ناردووە، ئەمەش بووەتە ھۆی بەھێزکردنی پێگەی کوردستان لەسەر ئاستی جیھان. تەنیا لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا، بڕی ٥.٢ ملیار دۆلار وەک وەبەرھێنانی ڕاستەوخۆی بیانی و پڕۆژەی ھاوبەش تۆمارکراوە.
یەکێک لە ئامانجە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەم، پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی ھەلی کار بووە، لەم چوارچێوەیەدا، پڕۆژەکانی وەبەرھێنان توانیویانە زیاتر لە ٧٤ ھەزار ھەلی کار بۆ ھاووڵاتییان بڕەخسێنن، کە ئەمەش پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ گەشەپێدانی ئابووریی و سەقامگیری کۆمەڵایەتی.
دەستەی وەبەرھێنان، ئاماژە بەوە دەکات، ئەم دەستکەوتانە لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەدەستھاتوون، جەختیش دەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی کارنامەی چاکسازی بۆ گۆڕینی ئاراستەی ستراتیژی بەرەو خۆشگوزەرانییەکی ئابووری ھەمیشەیی بۆ ھەرێمی کوردستان.