رۆژنامەی ھەولێر

چەند یادداشتێکی کورت لەبارەی “ڕاپۆرت لەبارەی خۆمەوە”ی دڵشاد عەبدوڵڵاوە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

وەک ئەوەی شیعر بەشێکی بێت لە بونیادی جەستەم و بەتەواوی ئاوێتەی بووبێت، یان ئەندامێکی جەستەم بێت، ئەگەر ڕۆژێک شیعر نەخوێنمەوە ئەو بونیادە تێکدەچێت، یان تووشی کەموکوڕی بێت، ئاوها ئالودەی شیعر بووم، لە دوو مانگی ڕابردوودا گەشتێکی شیعرییم لەگەڵ زۆر شاعیر کرد، هەموویان بەپێی ئەزموون و جیاوازییان ڕۆحیان پاراو کردمەوە و لەدڵەوە سوپاسم کردن کە شیعر دەنووسن و نووسیویانە، چونکە ئێستا بۆمن بووەتە هۆی ئاسوودەگی ڕۆحی و فەراهەمکردنی کەشێک کە وەسفکردنی بە وشە کورت دەهێنێت. نازانم ئەگەر شیعر نەبێت دونیا چۆن دەبوو، بەڵام ئەوەی بوونی جوانتر، ڕۆحی پاکژتر، هەوای سازگارتر کردووە نەسیمی شیعرە. هەڵبەت شیعرگەلێک کە لە دڵێکی شیعریی و هزرێکی پاکژەوە هاتووتە دەرەوە.

لەو گەشتە شیعریەدا، لە بەشی شیعری کتێبخانەکەم بەر چەند کتێبی جیاواز جیاواز کەوتنم کە خوێندنەوەیانم لەبیر کردبوو، یان کەوتبوونە پەراوێزە و ئیدی کتێبی نوێ هاتوون و ئەوان لە فەرامۆشیدا بوون، چەند کۆشیعرێکی بیانیم فەرامۆش کردبوون، کە خۆشبەختانە خوێندمنەوە، کە بێڕادە ڕۆحیان تێراوکردم. بەڵام لەنێو ئەو چەند کتێبە شیعرییە پەراوێزییەدا دیوانی “ڕاپۆرت لەبارەی خۆمەوە”ی دڵشاد عەبدوڵڵا-شی تێدا بوو، لام سەیربوو کە بۆچی ئەو دیوانە کەوتووەتە پەراوێزی زۆر نادیاری کتێبخانەکەم و لای ڕیزی بەرهەمەکانی تری هەمان شاعیر نییە. من لانیکەم چارەکە سەردەیەکە خوێنەری ئەم شاعیرەم، جێگەی تێڕامان بوو، کە ئەم کتێبەیم هەیە و نەمخوێندووەتەوە. ئەم هەفتەیە خۆشبەختانە خوێندمەوە و رۆژێک لەگەڵیدا ژیام، تێر لێی ڕامام، ڕۆژەکەی جوانتر، گەشاوەتر، ئارامتر کردم، ڕۆژێک هەستم کرد بەڕاستی ژیاوم و تەمەنم بەفیڕۆ نەڕۆیشتووە.
لە ژیانی مرۆڤدا زۆر ڕۆژ هەن، کە بەفیڕۆ دەڕۆن و من ڕۆژگەلی لەو چەشنەم زۆر بووە، بەڵام ئەو ڕۆژانەی بە کامی دڵ خوێندوومەتەوە، یان نووسیومە، یان پیاسەم کردووە و لە ئاسمانی شین و هەورەکان و درەختەکان ڕاماوم هەستم بە ژیان کردووە. ئەو ڕۆژەی “ڕاپۆرت لەبارەی خۆمەوە”م خوێندەوە لە چەشنی ئەو ڕۆژانە بوو، کە هەستم بە لەمسکردنی ژیان کرد، لەمسکردنێک، کە لەگەڵ هەر وشەیەکی ئەم شاعیرەدا هەست بە جۆرێک لە ئاسوودەگی ناوەکی بکەیت. من ئەو ئەزموونەم لەگەڵ ئەم کۆشیعرەدا کرد.
ئەزموونی شیعری دڵشاد عەبدوڵڵا، یەکێک لە ئەزموونە ناوازەکانی شیعریی کوردییە. بەشی هەرە زۆریم خوێندووەتەوە (ناڵێم هەمووی)، چێژی زۆربەیم کردووە، دەقگەلی کەمی هەیە نەمتوانیوە چێژی بکەم، ئەمەم لا ئاسایی بووە. بەڵام لەگەڵ زۆر دێڕ و وشە و شیعریدا ژیاوم، گەشتم کردووە، ڕاماوم. دڵشاد لە چەشنی ئەو شاعیرانەیە، کە وەفادارە بۆ شیعر. دەزانم بۆ شیعر دەژی، ئەوە دەنووسێ کە خۆی بڕوای پێیەتی، نەک ئەوەی ئەوانی تر دەیانەوێت. دڵشاد لەو شاعیرانەیە کە توانایەکی بێسنووری هەیە لە توانەوەی خۆی لەنێو دەقەکانیدا، ئەوەشی زیاتر سەرسامم دەکات ئەو بە ئاشکرا توانەوەی خۆیەتی، کە زۆرجار دەتوانێت هێندە بە ئاشکرا نەبێت، بەڵام ئەو ترسی نییە بە ئاشکرا خۆی بنووسێتەوە، خۆی بدوێنێت (وەک لە نووسینێکی تردا باسی مۆنۆلۆگی شیعرییم لای ئەم شاعیرە کردووە). ئەمجارە دێت لەم کتێبەدا ڕاپۆرت لەخۆی دەدات، ئەمەش جۆرێکی تری خودنووسینەوەی دڵشادە، کە بەوپەڕی متمانە و ئازایەتییەوە دەیکات.
لەم ئەزموونە شیعرییەدا چەشنی شاعیرێکی ئەزموونگەر گەشتێکی شیعریی ڕێکخستووە و خۆی بەنیو کۆمەڵێک ئەزموونی دەقی کورت و درێژ و پۆستەرەشیعر و دوودێڕەشیعر و دێڕەشیعردا گەشت دەکات و خۆی و دونیا شیعرییەکەی دەنووسێتەوە. ئەو خۆی قەتیس ناکات بە یەک فۆڕم و شێوازی شیعرنووسین، بەڵکو ئەو چەشنی گەشتیارێک لە کوێدا ویستی بارگەی خۆی دەخات و ماڵۆچکەی شیعر ئاوەدان دەکاتەوە. ئیدی لای شیعرێکی درێژ بێت، یان پۆستەرەشیعرێک، یان دێڕشیعرێک و هەر چەشنێکی دیکە بێت. ئەو ئەزموونی خودنووسین دەکات و لەنێو شیعردا هەم بۆخۆی دەگەڕێت، هەم خۆی دەنووسێتەوە. من ئەمەم لەم بەرهەمە و لە بەشێکی دیکەی بەرهەمەکانیدا هەست پێ کردووە.
دوای خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە حەزم کرد ئەم یادداشتە کورتە بنووسم، دەنا دەقەکا دەتوانرێت ورد بخوێنرێتەوە و وتار و لێکۆڵینەوە تێروتەسەلیان لەبارەوە بنووسرێت. دەستخۆشی بۆ بەردەوامی دڵشاد عەبدوڵڵا و سوپاس بۆ خانەی موکریانی بۆ چاپکردنی ئەم بەرهەمە، سوپاس بۆ شیعر، کە هەمیشە ڕۆژەکانمان جیاوازتر و جوانتر و بەهادارتر دەکات.