ڕائیب جادر – هەولێر
بەھۆی بەفر و بارانەوە زیان بەر چەندین شوێنەوار، بەتایبەتی خانووە کۆنەکان کەتووە. بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوری ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: خەریکی دروستکردنی داتابەیسێکی تایبەتین بۆ تەواوی ناوچە و پێگە شوێنەوارییەکانی کوردستان، تا ئێستا ڕووپێوی بۆ ٤٨% زەوی کراوە بۆ دۆزینەوەی پێگەی شوێنەواری نوێ.
کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوری ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، لە ھەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا ڕووپێوی بۆ ٤٨% زەوی کراوە بۆ دۆزینەوەی پێگەی شوێنەواری نوێ.
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوری ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، زۆرترین پێگەی شوێنەواری لە پارێزگای دھۆک دۆزراونەتەوە، چونکە زۆرترین کنە و پشکنین لەو سنوورە کراوە.
دەربارەی ئەو بەفر و بارانەی ئەمساڵ تەواوی ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوری ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، گۆڕانی کەشوھەوا و ئەو بەفر و بارانە زیانی زۆری بە خانووە شوێنەوارییەکان گەیاندووە، بەتایبەتی لە ھەولێر و سلێمانی و زاخۆ و کۆیە و ئاکرێ و کفری، کە تەمەنی بەشێک لەو خانووانە بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەگەڕێنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێمی کوردستان گوتیشی، پێویستیان بە بودجەی تایبەت ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن کاری زیاتر لەسەر شوێنەوار و پێگە شوێنەوارییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین کاری تایبەت کراوە کە سوودی زۆری بۆ توێژەران و شوێنەوارناسەکان دەبێت.
کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوری ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: لەگەڵ چەند زانکۆیەکی نێودەوڵەتیی ڕاھێنانیان بە سەدان کادیر کردووە لە ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا خەریکی دروستکردنی داتابەیسێکی تایبەتن بۆ تەواوی ناوچە و پێگە شوێنەوارییەکانی کوردستان.

