ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.5.7، بەبۆنەى رۆژی جیهانی نەخۆشی تالاسیمیا، بە ئامادەبوونى د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە ژێر ناونیشانی “چیتر شاراوەنین، دەنگی هەر تاکێکی تالاسیمیا شایستەی بیستنە “ڕێورەسمێک لە هۆڵی میدیا بەڕێوەچوو.
لەرێورەسمەكەدا ، کە بەڕێوەبەرانى گشتیى تەندروستى و چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر و ژمارەیەکى تر لە بەرپرسانى ئیدارى و حکومى و پزیشک و کارمەندانى تەندروستى بەشداربوون و ڕێورەسمەکە لەلایەن کۆمەڵەی تالاسیمیا ڕێکخرابوو، پارێزگاری هەولێر، لەپەراوێزی ڕێورەسمەکەدا دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ڕێکخەرانی کرد و ستایشی ماندووبوونی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی کرد لە خزمەتکردنی ئەم توێژە.
هەروەها، جەختی لەوە کردەوە کە پارێزگای هەولێر بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ناوەندە تەندروستییەکان بۆ دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ تووشبووانی تالاسیمیا.
جێگەى باسە، تالاسیمیا نەخۆشییەکی بۆماوەیی خوێنە، کەسێکی تووشبووی نەخۆشییەکە، رێژەیەکی کەمتری خڕۆکە سوورە تەندروستەکانی هەن، بەمەش بڕێکی کەمتری هیمگۆگڵۆبینی تەندروستی هەیە و باوترین نەخۆشیی بۆماوەییە کە لە باوانەوە بۆ منداڵان، لە رێگەی بۆهێڵ “جین”ەکانەوە دەگوازرێتەوە و لە هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە (3500) تووشبووی نەخۆشی تالاسیمیا هەن، کە (1150) تووشبوویان لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار کراون و بەشێکى تریشیان ئاوارە و پەنابەرەکانی نیشتەجێی سنووری پارێزگاکەن و مانگانەش زیاتر لە (1100) بوتڵ خوێن دەدرێت و تووشبوانی لە سەنتەری تالاسیمیای هەولێر چارەسەر وەردەگرن.

