سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى كۆبووه‌وه‌

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2022/2/19 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ دووه‌م ڕۆژى چالاكييه‌كانيدا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز پيته‌ر ماورێر، سه‌رۆكى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى كۆبووه‌وه‌.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، ڕۆڵى ڕێكخراوى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى به‌رز نرخاند به‌تايبه‌تى له‌و ناوچانه‌ى‌ ئاڵۆزى و ناسه‌قامگيرييان تێدايه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى ڕێكخراوه‌كه‌ى كرد بۆ كار و چالاكييه‌ مرۆييه‌كانى له‌ هه‌رێمى كوردستان و هه‌موو پشتگيرى و ئاماده‌يييه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌رده‌واميى هاريكارى له‌گه‌ڵياندا دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز پيته‌ر ماورێر، وێڕاى پێشكه‌شكردنى پوخته‌يه‌ك له‌ كار و چالاكييه‌كانيان له‌ هه‌رێمى كوردستان، سوپاسى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد بۆ ئه‌و هاريكارى و هه‌ماهه‌نگييه‌ى له‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌ندار و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ڕيكخراوى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كرێت‌ و گوتى به‌ بايه‌خه‌وه‌ سه‌يرى بوونمان له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ين و له‌ هاريكاريى هاوبه‌شمان به‌رده‌وام ده‌بين.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى‌ فره‌ڕه‌نگ، ئه‌گه‌ر سه‌قامگيريى سياسى نه‌بێت، كێشه‌ و ئاڵۆزى دروست ده‌بێت و ده‌بێته‌‌ هۆى كۆچ، هه‌روه‌ها په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى سووريا به‌تايبه‌تى ئه‌وه‌ى داعش له‌ زيندانى حه‌سه‌كه‌ ئه‌نجامى دا مايه‌ى نيگه‌رانى و زه‌نگێكى مه‌ترسيداره.‌

تاوتوێكردنى دۆخى عيراق به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.

ھەواڵی زیاتر