شێرکۆ حەبیب
کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتیەکەی هەڵوێستی توندیان بەرامبەر سیاسەتمەداران و دەسەڵاتدارانی عێراق هەیە مانای ئەوە نییە دژی دەسەڵات و بەغدان بەڵکو بەپێچەوانە بەغدا و خەڵکی بەغدا رێزی تایبەتیان هەیە هەروەک سەرۆک بارزانی دەڵێ “بەغدا خۆشترین شارە لای من” بەڵێ بێگومان لە شارە هەرە خۆشەکانی عێرآقە، بەڵام پارتی لە ئەدای دەسەلات و هەندێ لایان ناڕازیە، سەبارەت بە مامەڵەیان لەگەڵ هەرێم و مافە دەستوورییەکان و پابەند نەبوون بە بڕگەکانی دەستوور.
هەڵبەتە تا ئێمە بەشێک بین لە عێراق ئەگەر دوور لە خواستی خۆشمان بێت، ئەوا ئەمرۆ بەغدا پایتەختی عێراقە گرفتەکان دەبێ لەوێ چارەسەر بکرێت، بۆیە کاتێک پارتی دەچێتە بەغدا بەسەنگ دەچێت و پێداگری لەسەر مافە دەستوورییەکانی دەکات، نەک بۆ بەرژەندی تەسکی حزبایەتی هەوڵەکان چڕ بکاتەوە، هەڵبەتە دەسەڵاتداران و سیاسەتمەداری بەغداش ئەوە باش دەزانن کەوا پارتی پێگە و سەنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆیە بۆ چوونەکانی بەهەند وەردەگرن، و سازش لەسەر مافەکانی کوردستان ناکات و قەبووڵ ناکات هاووڵاتی کورد وەک پلە دوو هەژمار بکرێت.
بێگومان سەنگ و قورسایی پارتی لای دەسەلاتدارانی بەغدا و کەسایەتی نیشتمان پەروەرانی عێراق هەر لەسەرەتای دامەزراندنی پارتی و دید و بۆچوونی باوکی رۆحی کورد ژەنەراڵ مستەفا بارزانیی نەمر سەرچاوە دەگرێت، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلول پەیوەندی کەسایەتی عێراقی بە شۆڕشەوە، لە لایەکی دیکە دید و تێراونین و بۆچوونەکانی سەرۆک بارزانی لەسەر بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی لەسەر بنەماکانی پێکەوەژیان و تەبایی و لەسەر بنچینەکانی سازان و تەوافق و هاوبەشی پێگەی پارتی زیاتر بەهێز کرد.
بۆ هەموو لایەک ئەوە روون بۆتەوە کەوا مەحاڵە حکوومەتێک لە بەغدا پێک بێت دوور لە پارتی و ئەگەر پێکهات ئەوە مەحاڵە سەرکەوێت، چونکە پارتی دەنگی بەهێزی نەک هەر کوردستانە بەڵکو هی هەموو دیموکراتخواز و ئاشتی خوازنە.
ئەمرۆ بۆ ئەوانە دەرکەوت کەوا بەغدا بێ پارتی کامڵ نابێت، ئیستا گەیشتنە ئەو قەناعەتە کەوا پارتی سەنگ و پێگە و قورسایی خۆی هەیە نەک لە عێراق بەڵکو لە ناوچەکە و جیهان، ئیستا ئەوانەی لەو خەیاڵە بوون کەوا پارتی لە گۆڕەپانی سیاسی فت، ئیستا دەرکەوت کەوا پارتی خاوەن ئەو دەسەڵات و توانایە کە گەورەترین هێزی عێراقە، کە کەس ئەو توانا و جورئەتەی نییە بە پارتی بڵێ کش، ئەوە پارتییە کش مەلیک دەکات هەروەک دەڵێن. “آلمهم من یضحک في الاخیر”
سەردانەکەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی بۆ بەغدا و دیداری لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان ئەوەی خستە روو و دووپاتی کردەوە کەوا پارتی هەردەم پێشەنگە.

