فازڵ میرانی
لێرەدا مەبەست لە فەرزکراو: ئەو دەقەیە کە پەیڕەوکردن و جێبەجێکردنی واجیبە؛ چونکە ئەو مەرجەع و سەرچاوەیەیە کە چ لە سەرەتای دەستپێکردن و چ لە کاتی گەڕانەوەدا، لە کاتی بوونی هەر ناکۆکی و جیاوازییەک (چ جیاوازیی ڕا بێت یان دژیەک)، دەبێت پشتی پێ ببەسترێت. بەڵام مەبەست لە گریمانەکراو: تەواکەری فەرزکراوەکەیە بەو مەرجەی پابەندیبین. واتە “گریمانەکراو” لە ڕووی شێوە و ناوەڕۆکەوە بە جۆرێک بونیاد دەنرێت کە تەواکەری “فەرزکراو” بێت (بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە دەقەکە خۆی تا چەند دروستە یان نا). بۆ نموونە: دەقی دەستوور سروشتی سیستەمی حوکمڕانی دیاری دەکات، لێرەدا وا (گریمانە) دەکرێت کە سیستمەکە بەپێی دیاریکراوەکانی ناو دەقە دەستوورییەکە پێکبهێنرێت؛ ئەگەر ئەوەی ئەنجام درا (گریمانەکراو) لەگەڵ بنەما دیاریکراوەکە (فەرزکراو) یەکی گرتەوە، ئەوا ئامانجەکە هاتووەتە دی، بەڵام ئەگەر پێچەوانەی بوو، ئەوا کارێکی نادروستە. لە شەریعەتدا، (فەرزکراو) بریتییە لە شایەتیدانی ڕاست؛ هەربۆیە (گریمانەکراو) ئەوەیە کە پەیڕەوکاری شەریعەت لە کاتی شایەتیدانیدا ئەم ڕۆڵە بپێکێت، خۆ ئەگەر شایەتیدانی ناڕاست (شایەتیی زوور) بدات، ئەوا ئەمە لادانە لە خودی شەریعەت و یاساکە. بیرکردنەوەی دروست و ئامادەیی هەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر دەرئەنجامەکانی کار، وا دەخوازێت کە دەقێک وەک (فەرزکراو) دابنرێت و هاوتەریب لەگەڵیدا میکانیزمێکیش هەبێت کە گەرەنتیی بەدیهاتنی (گریمانەکراو) بکات؛ بە جۆرێک کە ڕەوتی کارەکە بە شێوەیەکی نەرم و بێگرێ لەنێوان دوو خاڵدا بڕوات: خاڵی(داڕشتن و دانانی دەقەکە) و خاڵی (شێوەگرتن و بەرجەستەبوونی لە واقیعدا). هەندێک (فەرزکراو)ی خراپ هەن و (گریمانەکراو)ەکانیشیان کە لەسەریان بونیاد نراون هەر بەو شێوەیە خراپن، لە بەرامبەریشدا هەندێک فەرزکراو و گریمانەکراوی دروست و ڕاست هەن. هەروەها هەندێک جار لادان لە (گریمانەکراو) کارێکی دروستە ئەگەر بێت و ئەو (فەرزکراو)ەی هەیە خۆی لە بنەڕەتدا خراپ بێت؛ وەک ئەنجامدانی کارێکی ڕاست بە پێچەوانەی ئەو فەرزکراوەی کە بنەمایەکی خراپ بۆ کارکردن دادەڕێژێت. بۆ نموونە: ئەو یاسا و تەشریعانەی کە ڕێگری لە گەیشتن بە مافەکان دەکەن، ئەمانە (فەرزکراو)ێکن کە دژی شەریعەتی حەق و ڕاستین، هەر بۆیە ئەگەر (گریمانەکراو) جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە بێت، ئەوا ئەویش وەک یاساکە خراپە، بەڵام ئەگەر ناڕەزایەتییەکی بەرامبەر بێت و هەوڵی نەهێشتنی بدرێت، ئەوا ئەمە کارێکی دروستە. خراپترین جۆرەکانی پیادەکردن و کارکردن ئەوانەن کە (فەرزکراو)ێکی باش دادەنێن، بەڵام لە کاتی جێبەجێکردندا (گریمانەکراو)ێک ئەنجام دەدەن کە پێچەوانەی ئەو باشەیە؛ واتە لە ڕێگەی ئیجتیهادێکەوە خراپە ئەنجام دەدەن کە ئامانجی لادانە لە بنەما دروستەکان. ئەم کارەش دەروازەی ئەو کارەساتانەیە کە ڕوو لە کۆمەڵگە و دەوڵەت دەکرێنەوە. ئەگەر سەرنج بدەن و بڕیار لەسەر واقیعی کۆمەڵگە و سیستمە سیاسییە سەرکەوتووەکان بدەن، دەبینن کە ئەوان (فەرزکراو)ێکی تەندروست دادەنێن و بە (گریمانەکراو)ێک تەواوی دەکەن کە سەرپێچی لە بنەماکە ناکات؛ مەبەست لەو بنەما یاسایی و مرۆییەیە کە لە واتای بەرپرسیارێتی تێدەگات و وانەی لە مێژوو وەرگرتووە سەبارەت بەو ناڕێکییەی لە ئەدای کارکردندا ڕوو دەدات کاتێک مرۆڤ لەو مەرجەع و سەرچاوەیە لادەدات کە خۆی پابەند کردووە پێوەی. بنەما دەستوورییەکان بە گشتی، بەتایبەت ئەو بنەمایانەی دەستووری شارستانی و سەردەمیانە بەرهەم دەهێنن، نابێت بە دیلی دەستکەوتێکی گەورە بمێننەوە کە لە ناوەڕۆک بەتاڵ کراوەتەوە یان بە شێوەیەکی(ئینتیقائی) مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت؛ چونکە لەو حاڵەتەدا دەبنە(فەرزکراو)ێک کە ئەو (گریمانەکراو)ەی لێ کەم بووە کە ئامانجی سەرەکییە. ئەمەش بۆئەوەی (گریمانەکراوی خراپ) بەسەر (فەرزکراوی باش)دا زاڵ نەبێت.

