رۆژنامەی ھەولێر

دەبێ ئەو بونیە هەڵتەكێت

مەشخەڵ كەولۆسی
ئینسانی کورد. قبوڵ ناکات براکەی تاکە بستێک بچێتە ناو زەوییەکەی. لەسەر بستێ زەوی و قومێک ئاو، برا برا دەکوژێت.
جاری وا هەیە لەسەر کێڵانی هێڵێک زەوی، یان مەڕێک بچێتە ناو لەوەڕگایە و چەپکی سێپەڕە بخوات، یان مۆڕەیەک، یان ماچێک، یان …هتد، یەکتر دەکوژین.
کەچی کوردستان بەخاکی خۆی نازانێت و، هەرچۆن داگیر بکرێت خزمەتی داگیرکەر دەکات.
ئینسانی کورد خەمی گشتیی نیە و، زۆر زۆر بە دەگمەن دەبینیت جگەلە بستێک لەبەرپێی خۆی، دوورتر ببینێت.
بەداخەوە، ئەقڵی بەشی زۆری كۆمەڵگە زۆر زۆر لۆکاڵییە و. لە سنوری گیرفان و بەرژەوەندی خۆی تێناپەڕێت، تەنانەت باوک و کوڕ لەسەر بستێک زەوی یەکتر دەکوژن و، زۆریش ئاساییە لای نەریتی کۆمەڵایەتی کورد.
نمونەی ئەم تایپەی کورد، لەهیچ جێگایەکی زەوی نەماوە، تەنانەت کۆمەڵگە دواکەوتووەکانی ئەفریقاش، خەمی گشتییان هەیە و، عەرەبەکانی کەنداو، ئەگەرچی بونیادی کۆمەڵایەتییان نغرۆیە لەخێڵ و بن دەوار و بەدەویەت، کەچی لە کورد پێشکەوتوترن و، ئەوان خەمی گشتییان هەیە.
كۆمەڵگەی کورد هێشتا پێی نەخستۆتە نێو مێژووی هاوچەرخ و، بە هەموو پێوەرێک چەن قەڕنێکی تر دەگاتە ئاستی ئێستای کۆمەڵگە هەرە دواکەوتووەکانی ئەفریقا.
نەریتی عەشایەری کورد، ڕێگری سەرەکییە لە دروستکردنی هەستی گشتی، دواتریش ئالتەکانی بەرهەمهێنان. دەبێ ئەو بونیە هەڵتەکێت و، هەندەسەی کۆمەڵگەی کوردی بکرێتەوە.