رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی ساغکردنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی کوردستان دەدات

ساڵانە گرفتێکی چارە نەکراو کێشە بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات، ئەویش بابەتی وەرگرتنی بەرهەمی جووتیارانە، حکوومەتی عێراق ساڵ بە ساڵ ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەمتر دەکاتەوە و حکوومەتی هەرێم بۆ ئەو بابەتە گفتوگۆی جییددی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردووە.

کڕینەوەی گەنم لە جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بودجەکەشی لە چوارچێوەی بودجەی سیادی عێراقدایە و دەبێت حکوومەتی عێراق بە یەک چاو سەیری تەواوی جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
لە نوێترین هەنگاوی حکوومەتی فیدراڵی بۆ لێدان لە ژێرخانی ئابووریی کوردستان و لاوازکردنی سەرچاوەکانی داهات، بڕیاری داوە بۆ ئەمساڵ تەنیا دووسەد و نەوەد و دوو هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی کوردستان وەربگرێت.
سەیر لەوەدایە لەگەڵ زیادبوونی بەرهەم دەبێت گەنمی زیاتریش بکڕدرێتەوە بەڵام عێراق ساڵ بە ساڵ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستان کەم دەکاتەوە. ساڵی ٢٠٢٤ سەرووی حەوتسەد هەزار تۆن گەنمی وەرگرت ساڵی ڕابردوو و چوارسەد هەزار و ئەمساڵیش هێندەی تری کەم کردۆتەوە و بەم شێوەیە بەردەوام بێت لە جیاتی تۆن ئەم جارە بە کیلۆگرام گەنم لە جووتیارانی کوردستان وەربگرێت.
رێژەی ئەو ئەو بڕە گەنمەی عێراق لە پلانیدایە لە جووتیارانی کوردستانی وەربگرێت کەمترە لە لەسەدا دوازەی بەرهەمی گەنمی کوردستان کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ بگاتە دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار تۆن.
حکومەتی فیدراڵی پلانی هەیە بۆ ئەمساڵ سێ ملیۆن و هەشتسەد هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق وەربگرێت و بە هیی کوردستانەوە بیگەیەنێتە زیاتر لە چوار ملیۆن تۆن. ئەو گەنمەی لە هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت کەمترە لە حەوت لەسەدای کۆی ئەو گەنمەی قەرارە لە عێراق کۆ بکرێتەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە عێراق بۆ هەر دۆنمێک زەوی بە گەنم چێنراوی کوردستان هەشتا و هەشت کیلۆ و نیو وەردەگرێت کەچی لە هەمان ڕووبەری زەوی پارێزگاکانی دیکە نۆسەد کیلۆ وەردەگرێت کە زیاترە لە دە هێندە.
بەو پێیە بە هەر هۆکارێک بڕیارەکەی عێراق لێکبدەینەوە ئەوا تەنیا ستەم دەبینین و حکوومەتی عێراق بە ڕاشکاوی ستەم لە جووتیارانی کوردستان دەکات.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر هێڵە و هەوڵ هەیە ئەو بڕە گەنمەی کوردستان بۆ ئاستێکی گونجاو بەرز بکرێتەوە .
لە چەند رۆژی رابردوودا، شاندێکی هاوبەشی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی و پلاندانان لەسەر پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ کۆبوونەوە، بەڵام لەسەر بڕی وەرگرتنی گەنم نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و گەڕاونەتەوە هەولێر.
وەزارەتی کشتوکاڵ پێشبینی کردووە بۆ وەرزی چاندنی 2025 بۆ 2026، بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان بگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن.
بەپێی زانیارییەکان بۆ ئەمساڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق بڕیاری خەرجکردنی 100 ملیار دیناری وەک شایستەی دارایی بۆ جووتیاران داوە، لەو بڕە پارەیە، بڕی 12 ملیار و 607 ملیۆن دینار بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە و پشکی پارێزگاکانی هەرێم بەم شێوەیە دابەشکراوە،
پارێزگای هەولێر: 4 ملیار و 5 ملیۆن دینار، پارێزگای سلێمانی: 4 ملیار و 930 ملیۆن دینار.
پارێزگای دهۆک: 3 ملیار و 672 ملیۆن دینار، کە کۆی گشتی دەکاتە 12 ملیار و 607 ملیۆن دینار.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە؛ بەهۆی بارانبارینی گونجاو و دابینکردنی بنەتۆی باش، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی هەرێم بگاتە 1 ملیۆن بۆ 1.5 ملیۆن تۆن گەنم ، بەڵام حکوومەتی بەغدا تەنها رەزامەندی داوە لەسەر وەرگرتنی 292 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێم، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی هەرێمەوە بە ستەمێکی گەورە ناوبراوە، چونکە بەراورد بە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕێکی زۆر کەمە و وەڵامی ماندووبوونی جووتیاران ناداتەوە.
دەشڵێت؛ بۆ ئەمساڵ بەغدا نرخی هەر تۆنێک گەنمی بە 700 هەزار دینار دیاری کردووە، ئەمەش دوای بڕینی رسوماتەکان نزیکەی 680 بۆ 690 هەزار دینار بۆ جووتیار دەمێنێتەوە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو کە 850 هەزار دینار بوو بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکراوەتەوە.
لەلایکەی دیکەوە، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی ڕاگەیاندووە؛ لێژنەی بە بازاڕکردن لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەیە، لە چەند وەزارەتێک پێکهاتوون، ئەو بڕە گەنمەی دەمێنێتەوە ئەو لیژنەیە سەرپەرشتی ساغکردنەوەی دەکات لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.