پرسی ژینگە لە دەڤەری بارزان بە درێژای مێژوو گرنگییەکی زۆری پێ دراوە و بووەتە کولتوورێکی جوان و جیاواز لە ھەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان، ئەمەش بووەتە جێگەی سەرسامی خەڵک و گەشتیار و ھاووڵاتییان بۆ بینینی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و دیمەنی جوانی ژینگە و سروشت سەردانی دەڤەرەکە دەکەن. بەگوتەی بەرپرسانی ژینگەپارێزی بارزان، ئەمساڵ نۆ باڵندەی نوێ لە ژینگەی دەڤەری بارزان تۆمارکراون.
ملازم سدیق حەسەن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان، ئاشکرای کرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ یەکەمجار لە کوردستان و عێراق جۆرە باڵندەیەکی دەگمەن لە دەڤەری بارزان بینراوە، باڵندەکە ناوی شیکرایە و لە ناوچە گەرمەکانی ئاسیا و ئەفریقا دەبینرێت.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان، دەشڵێ: قەبارەی باڵندەکە نزیکەی ٢٦-٣٠ سم دەبێت و باڵەکانی تا ٦٠ سم دەبن، ھەروەھا لە فڕیندا زۆر خێرایە، ئەمساڵ نۆ جۆری باڵندەی نوێ لە دەڤەری بارزان تۆمارکراون، بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکرێت ژینگەیەکی گونجاو و لەبار بۆ باڵندەکان دروست بکرێت، بۆیە ساڵانە باڵندەی جیاواز و نوێ ڕوودەکەنە دەڤەری بارزان.
ملازم سدیق حەسەن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان، ئاماژەی بەوەشدا، دەڤەری بارزان ناوچەیەکی سەلامەتە بۆ باڵندە و ئاژەڵەکێوییەکان، ھەروەھا گۆڕانی کەشوھەوا کاریگەری لەسەر کۆچی باڵندەکان ھەبووە، بۆ دەڤەرەکە یەکێک لە ھۆکارەکانی دەرکەوتنی ئەم باڵندانە بووە، ھاوکات شەڕی ئێران و ئەمریکا ھۆکارێکی دیکە بووە، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژینگە دروستدەکات و باڵندەکانیش زووتر ھەستی پێدەکەن.
دەڤەری بارزان خاوەن سروشتێکی دڵفڕێن و دەوڵەمەندە بۆ ئاژەڵە کیوییەکان و باڵندەکان، تا ئێستا زیاتر لە ٢٤٠ جۆری باڵندە لەو سنوورە تۆمارکراون.
پرسی ژینگە لە دەڤەری بارزان بە درێژای مێژوو گرنگییەکی زۆری پێ دراوە و بووەتە کولتوورێکی جوان و جیاواز لە ھەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان، ئەمەش بووەتە جێگەی سەرسامی خەڵک و گەشتیار و ھاووڵاتییان بۆ بینینی ئاژەڵی کێوی و دیمەنی جوانی ژینگە و سرووشت سەردانی دەڤەرەکە دەکەن.

