ڕائیب جادر – هەولێر
تا ئێستا دەیان ھەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون، ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داھاتوودا لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان بە ھەزاران پارچە زەوی دیکە دابەشبکرێن. وەکو سەرۆکی بەشێک لە شارەوانییەکان، دەڵێن، خزمەتگوزاری بۆ ئەو زەویانە دەبردرێن کە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون، لەھەمان کاتدا ئێستا لەڕێگەی چەندین لیژنەوە کار بۆ تاپۆکردنیان دەکرێت، ئەوەش موژدەیەکی خۆشە بۆ فەرمانبەران.
تا ئێستا زیاتر لە ٧٠ ھەزار فەرمانبەر بوونەتە خاوەن پارچە زەوی
لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٣٩ ھەزار پارچە زەوی بە چەند قۆناخێک دابەشکراون، لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە دوو قۆناخ ٢٠,٠٠٠ پارچە زەوی دابەش کراون و ئامادەکاری بۆ قۆناخی سێیەمی پڕۆسەکە دەکرێت، لە پارێزگای دھۆک تاکو ئێستا شەش ھەزار پارچە زەوی دابەش کراون و پڕۆسەکەش بەردەوامە و پێنج ھەزار پارچە زەوی دیکە دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت.
ھەروەھا لە پارێزگای ھەڵەبجە، تاکو ئێستا پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستی پێ نەکردووە، بەڵام ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا زەوی بەسەر ٥٥٨ مامۆستا و فەرمانبەردا دابەش بکرێت، لە زاخۆ لە قۆناخی یەکەمدا ٤,٧٤٧ پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە. بۆ قۆناخی دووەمی پڕۆسەکە ناوی نزیکەی ١٣,٠٠٠ کەسی دیکە گەڕاوەتەوە کە شایستەی وەرگرتنی زەوین، بەڵام تاکو ئێستا ڕێکارەکانی دابەشکردنی ئەو قۆناخە بە فەرمی دەستی پێ نەکردووە. لە گەرمیان، کۆی پڕۆسەکە ٢٥,٩٢٠ پارچە زەوییە، تاوەکو ئێستا پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستی پێ نەکردووە، بەڵام ئامادەکاری دەکرێت و پڕۆسەی گۆڕینی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ نیشتەجێبوون و نەخشەسازی بۆیان دەستی پێکردووە و کار بۆ قەرەبووکردنەوەی جووتیاران دەکرێت، ھەروەھا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی لە شارۆچکەی ڕواندز دەستی پێکرد و ٥٠٠ پارچە زەوی دابەش کران، ئامادەکاریش بۆ قۆناخی دووەمی پڕۆسەکە دەکرێت.
خزمەتگوزاری بۆ زەوییەکان دەبردرێت
کارزان عەبدولھادی، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر، ئاشکرای کرد: ئامادەکاری و دیاریکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران بەردەوامی ھەیە، تا ئێستا نزیکەی ٣٩ ھەزار پارچە زەوی لە کۆی ١٢٨ ھەزار پارچە زەوی دیاریکراو دابەشکراون و تیمەکانیان بۆ تەواوکردنی قۆناخەکانی دیکەش بەردەوامن، ئەو زەوییانەی دابەشدەکرێن، بەپێی ماستەرپلانی شاری ھەولێر دیاریکراون، تاوەکو فەرمانبەرێک مابێت سوودمەند بێت، پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت و ڕێگە نادرێت ھیچ فەرمانبەرێک بێبەش بێت.
سەرۆکی شارەوانی ھەولێر، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو فەرمانبەرانەی زەوییەکانیان دەکەوێتە سنووری شارەوانی ھەولێر، دەتوانن سەردانیان بکەن، بۆ ئەوەی وێنەی تۆماری زەوییەکان “تاپۆ” بەناوی خۆیان بکەن، دوای ئەوەی کێشە یاساییەکانی پەیوەست بە زەوییە بولگارییەکان چارەسەر کراون.
سەبارەت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو زەوییانە، کارزان ھادی، سەرۆکی شارەوانی ھەولێر، ڕایگەیاند، شوێنی زەوییەکان لەسەر ماستەرپلانی ھەولێر دیاریکراوە و دەکەونە سەر ڕێگەی ھەولێر – دھۆک لە ناوچەی چاوەی ئاو، بەگوێرەی بودجە و توانا داراییەکان، لە پلاندایە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو ناوچانە دابین بکرێت.
ھەموو فەرمانبەرێک زەوی وەردەگرێت
سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: وەجبەی دیکەی ڕەزامەندی پێدانی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ وەزارەتمان ھاتووەتەوە، ڕەزامەندییەکە لیستی ناوی دوو ھەزار خانەشین و فەرمانبەری تێدایە، ناوی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی لەگەڵ ناوی فەرمانبەرانی وەزارەتە جیاوازەکانیشی تێدایە و ئەوانە زەوییان بۆ تەرخان دەکرێت و سوودمەند دەبن لە بڕیاری پێدانی زەوی.
سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، گوتیشی: بە نووسراوی فەرمی ناوەکان بۆ شارەوانییە پەیوەندیدارەکان نێردراوە و بەپێی کارتی زانیاری ئەو دوو ھەزار ناوە بە نووسراو دەدرێتە شارەوانییەکان بۆ ئەوەی زەوییان پێ بدرێت.
سەرپەرشتیارەکەی تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی، ئەوەشی گوت: زیاتر لە ١٠ وەجبە لیستمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە، نزیکی ٤٩٧ ھەزار ڕەزامەندیی ئەنجوومەن بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران و پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان و خانەنشینان گەڕاوەتەوە.
سەربەست مەولوود، جەختی کردەوە: زۆربەی وەزارەتەکان ڕەزامەندییان لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام لێرە و لەوێ ھەندێ فەرمانبەر ماون بۆ بەدەستھێنانی ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو ناوانەی ماون بگەنە دەست ئێمە ڕەوانە دەکرێن و ڕەزامەندیی لەسەر دەدرێت.
لە دھۆک شەش ھەزار پارچە زەوی دیکە دابەشدەکرێن
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە پارێزگای دھۆک ھەنگاوی کردەیی خێراتر دەنێت، لەکاتێکدا نزیکەی ٧٠ ھەزار فەرمانبەر لە سنووری ئەو پارێزگایە فۆرمیان پڕکردووەتەوە،. دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دھۆک، وردەکاریی نوێی پرۆسەکەی بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” خستەڕوو و ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە شەش ھەزار پارچە زەوی دابەشکراون، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا دوو ھەزار و ١٢٨ پارچە زەوی دیکەمان ئامادە کردووە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دھۆک، پرۆسەکە ناوەستێت و تیمەکانیان بەردەوامن لە ئامادەکردنی نەخشە و زەوی نوێ، لە پلانی مانگێک بۆ مانگ و نیوی داھاتوودا، پێنج بۆ شەش ھەزار پارچە زەوی دیکە ئامادە دەکەین و دابەشیان دەکەین.
سەبارەت بە شێوازی تیروپشک و لەپێشینەی وەرگرتنی زەوی، شارەوانییەکانی دھۆک کار بە سیستەمی کۆنی ڕەزامەندییەکان دەکەن، ئەو فەرمانبەرانەی کە لە ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٢ ڕەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە و تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوونە، لە پێشینەی کارەکان دەبن، لەو شوێنانەشی کە ژمارەی فەرمانبەران زۆرە و زەوی کەمە، سیستەمی خاڵبەندی و تەمەن و ساڵانی خزمەت دەکرێتە پێوەر.
یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە لە پارێزگای دھۆک، کەمیی زەوی تەخت بوو لە قەزای ئامێدی. دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دھۆک، مژدەی بە فەرمانبەرانی ئەو دەڤەرە دا و گوتی: کێشەی نەبوونی زەوی لە ئامێدی چارەسەر کراوە و ڕەزامەندیی سەرۆکایەتی حکوومەتمان وەرگرتووە، بۆ ئەوەی لەو ناوچانەش زەوی دابین بکرێت و چیتر فەرمانبەرانی ئەو قەزایە بێبەش نەبن.
فەرمانبەرانی ناوچە کوردستانییەکانیش زەوی وەردەگرن
سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی کە دانیشتووی دھۆکن، بەڵام لە ناوچەکانی شنگال و زوممار و دەوروبەری مووسڵ دەوام دەکەن، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دھۆک، گوتی: ئەو فەرمانبەرانەش مافی خۆیانە و فۆرمیان پرکردووەتەوە و لە سنووری نیشتەجێبوونی خۆیان لە دھۆک یان سێمێل زەوییان پێدەدرێت.
لەبارەی گەیاندنی ئاو و کارەبا و شەقام بۆ ئەو گەرەکە نوێیانەی دروست دەبن، پلانی حکوومەت ئەوەیە کە لەڕێگەی فرۆشتنی زەوییە بازرگانییەکانی “ڕوکن” ناو ھەمان گەڕەک، تێچووی خزمەتگوزارییەکان دابین بکرێت، بۆ ئەوەی فەرمانبەران بتوانن ڕاستەوخۆ دەست بە خانوو دروستکردن بکەن.

