حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕی کار و دابینکردنی مافە داراییەکان بۆ کرێکاران و کارخوازان، زنجیرەیەک هەنگاوی ستراتیجیی بۆ پاراستنی مافەکان و فراوانکردنی چەتری دەستەبەری کۆمەڵایەتی گرتووەتە بەر، کە تێیدا جەخت لە بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی هێزی کار و چەسپاندنی یاساکانی کار دەکرێتەوە.
ڕەخساندنی دەرفەتی کار و پەرەپێدانی تواناکان
لە ماوەی 5 ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 160,000 هەلی کار لە بوارە جیاوازەکاندا بڕەخسێنێت. بۆ دڵنیابوونەوە لە سوودمەندبوونی گەنجان، بڕیاری پێویست دراوە کە دەبێت 75%ی دەستی کار لە پڕۆژەکاندا لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بن. هەروەها لە ڕێگەی پۆرتاڵی کار و خولی ڕاهێنانە پیشەییەکانەوە، 83 خول ئەنجام دراون کە 1,590 کەس تێیاندا سوودمەند بوون، بۆ ئەوەی بە توانایەکی بەرزترەوە بچنە نێو بازاڕی کارەوە.
دەستەبەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی یاسایی
یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکان، گەیاندنی ژمارەی ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە بۆ 303,000 کرێکار بووە، کە 225,000یان تەنها لەم پێنج ساڵەی دواییدا بووە.
حکوومەت بۆ ئاسانکاری و وەرگرتنی سکاڵاکان، هێڵی گەرمی 5500ی تەرخان کردووە تا کرێکاران بتوانن لە کاتی هەر پێشێلکارییەک پەیوەندی بکەن.
هەروەها کەمترین کرێی مانگانە بۆ 450,000 دینار بەرز کراوەتەوە، بۆ ئەوەی دادپەروەری لە داهاتدا پەیڕەو بکرێت.
حکوومەت تەنها لە ساڵانی 2024 و 2025دا، بڕی زیاتر لە 70 ملیار دیناری وەک پاداشتی کۆتاییی خزمەت بۆ 17,625 کرێکار خەرج کردووە.
پاڵپشتیی دارایی و پڕۆژەی گەشانەوە
لە پاڵ ئەمانەشدا، پڕۆژەی (گەشانەوە) وەک دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ پاڵپشتیی گەنجان کار دەکات؛ لە قۆناغی یەکەمدا 2.5 ملیۆن دۆلار وەک قەرز دراوە بە 25 پڕۆژەی جیاواز، کە هەر پڕۆژەیەک 15 ملیۆن دیناری پێ دراوە و بەو هۆیەشەوە 150 هەلی کاری نوێ بۆ گەنجان دابین کراوە.

