سلێمان تاشان – ههولێر
ژمارەی کرێکارانی هەرێمی کوردستان زۆر لەو ژمارەیە زیاترە کە تا ئێستا کەوتوونەتە ژێر سیبەری یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی مافی کرێکاران هەنگاوی ڕژدی ناوە بەڵام دیسان هێشتا کەلێنێکی زۆر لە مافی کرێکاراندا هەیە و بەشێک لە مافی کرێکاران پێشێل دەکرێت.
بە پێی یاساکانی هەرێمی کوردستان دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ سەرجەم کرێکاران دەکرێ و هەر کارگە و دامەزراوەیەک لانی کەم سێ کەس کاری تێدا بکات ئەوا دەبێ دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ بکرێ و خاوەن کار دەبێ ناچار بکرێ ناوەکەیان تۆمار بکات و لەو مووچەی مانگانەی بۆیانی بڕاندووەتەوە پشکێک لە گیرفانی خاوەن کار و پشکێک لە گیرفانی کرێکار بچێتە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە دەکرێ لە داهاتودا کرێکاران بەهۆیەوە خانەنشین بکرێن یان بەهەر هۆکارێک مافەکانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە. لە یاساکە ١٢%ی مووچەی مانگانە خراوەتە سەر شانی خاوەن کار و ٥% ی تری خراوەتە سەر شانی کرێکارەکە.
بۆ نموونە ئەگەر کرێکارێک مووچەکەی پێنجسەد هەزار دینار بێ ئەوا مانگانە هەشتا و پێنج هەزار دیناری بۆ دەخرێتە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی. لەو بڕە پارەیە بیست و پێنج هەزار دیناری هیی کرێکارەکە و شەست هەزار دیناری هیی خاوەن کارە و مانگانە بۆی کۆ دەکرێتەوە و لە داهاتوودا بەهۆیەوە خانەنشین دەبێت.
هەرچەندە هێشتا یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە و زۆرن ئەو خاوەن کارانەی خۆیان لە لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران دزیوەتەوە بەڵام دیسانیش سەدان هەزار کرێکار سوودمەن بوون و هاوشێوەی کەرتی گشتی مافەکانیان دابین کراوە.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم تا ئێستا زیاتر لە سێسەد هەزار کرێکار دەستبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە. بەگشتی لەو ژمارەیە زیاتر لە هەزار کرێکار تا ئێستا خانەنشین کراون و هاوشێوەی هەر کارمەندێکی دیکە کە لە کەرتی حکوومەت خانەنشینی بۆ بڕاوەتەوە ئەوانیش تاهەتایە لەو خانەنشینە سوودمەند دەبن و مانگانە مووچە وەدەگرن.
سەرەڕای ئەو دەستکەوت و مافانە، بەشێک لە کرێکاران تا ئەم ساتە لە کەرتی تایبەت لە ژیان و داهاتوویان و مافە ڕەواکانیان هەست بە گەرەنتی و دڵنیایی ناکەن. بەپێی یاساکان کرێکار دەبێت ڕۆژانە هەشت سەعات کار بکات و هەفتانەش ڕۆژێک پشووی هەبێت بەڵام کەم نین ئەو کرێکارانەی کە ڕۆژانە کاتێکی زیاتر کار دەکەن و مافی ئەو زیادە کارکردنەیان بۆ ناگەڕێتەوە، بۆ نموونە کرێکاران دەبێت لە جەژنی بۆنەکاندا پشوویان پێ بدرێت و لە کاتی نەخۆشی مافیان بپارێزرێت یان بۆ ئافرەت لە کاتی منداڵبوون لە مافی مووچە تا چەند مانگێکی دیاریکراو سوودمەند بێت.
یەکێکی دیکە لە کێشەی کرێکارانی دەستبەرکراو ئەوەیە بەو مووچەیە دەستەبەریان بۆ نابڕێتەوە کە مانگانە وەریدەگرن بەڵکوو لە لایەن خاوەن کار مووچەیەکی کەمتر دەنووسرێت بۆ ئەوەی مانگانە پارەیەکی کەمتر بخاتە سندووقەکەوە.
خراپترین حاڵەتی پێشێلکردنی مافی کرێکاران ئەوەیە کرێکارەکە لە مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بێبەش بووبێت. تیمەکانی چاودێری نەیانتوانیوە بە وردی ڕووماڵی هەموو کارگە و دامەزراوە و شوێنەکانی کار بکەن و دەیان هەزار کرێکار هیچ مافێکیان بۆ دابین نەکراوە.
کاتی ئەوە هاتووە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە جیدی کار بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و دابینکردنی هەلی کاری شایستە بکەن، لەگەڵ پێداچوونەوە بە کەمترین کرێی مانگانە، کە لەگەڵ بارودۆخی ئابووری و گوزەرانی کرێکاران بگونجێت.

