رۆژنامەی ھەولێر

ڕەهەندە یاساییەکانی پرسی قەرز و میکانیزمەکانی سەلماندنی ماف لە دادگاکاندا

دیمانه – سه‌هه‌ند كۆیی

لە نێوەندی دادوەریدا، بوونی پاشخانێکی زانستی و ئەزموونێکی بەرچاو، پێویستییەکی بنەڕەتین بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی یاسا. لەم دیمانەیەدا، میوانداریی پارێزەری ڕاوێژکار و مافپەروەر، ئاسۆ هاشم دەکەین؛ کەسایەتییەک کە ساڵانێکی درێژە لە کایەی یاساییدا چالاکە و سەرۆکی ڕێکخراوی دەستوورە بۆ لێکۆڵینەوەی یاسایی. بەڕێزیان بەهۆی کارامەیی و شارەزایی لە پیشەکەیدا، وەک شارەزایەک بەشداریی لە چەندین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی و عەرەبیدا کردووە. جگە لە پارێزبەندی، ناوبراو وەک نووسەرێک لە ڕێگەی وتار و توێژینەوەکانییەوە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا، بەردەوام تیشک دەخاتە سەر لایەنە جیاوازەکانی داد. لێرەدا باس لە ڕەهەندە یاساییەکانی پرسی قەرز و ڕێکارەکانی سەلماندنی دەکەین.

پرسی قەرز لە ئێستادا بابەتێکی زۆر باوە لەناو کۆمەڵگەدا ئایا قەرز چۆن لە ڕووی یاساییەوە دەسەلمێنرێت؟
پرسی سەلماندن بەو مانایەیە کە قەرزەکە بوونی هەبێت. یەکەمین ڕێگە بۆ ئەمە “دانپێدانانە” (ئیقرار). واتە قەرزدار دان بەوەدا دەنێت کە بڕە پارەیەکی دیاریکراوی لایە و قەرزاری کەسی بەرانبەرە. لە ڕووی یاساییەوە دانپێدانان بابەتێکی زۆر فراوانە و چەندین جۆری هەیە، وەک: دانپێدانانی لێکدراو، دانپێدانانی مەرجدار و دانپێدانانی سادە. هەروەها دەکرێت قەرز بە “سوێندخواردنی یەکلاکەرەوە” بسەلمێنرێت بەپێی ماددەی 118 لە یاسای سەلماندن. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک داوای ملیۆنێک دینار قەرز بکات و هیچ بەڵگەیەکی نووسراوی نەبێت، دەتوانێت داوای سوێندخواردن لە بەرانبەرەکەی بکات؛ ئەگەر بەرانبەر سوێندی خوارد کە قەرزدار نییە، ئەوا داواکە ڕەت دەکرێتەوە. من وەک یاساناسێک ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکەم کە بۆ هەر بڕە قەرزێک، بەڵگەنامەیەکی نووسراو: (سەنەد)، ئامادە بکەن، تەنانەت ئەگەر بڕەکە لە 7,500 دیناریش کەمتر بێت. چونکە سەلماندن بە سەنەد زۆر ئاسانترە و مافی خاوەن ماف دەپارێزێت. سەنەدەکە دەکرێت “سەنەدی ئاسایی” بێت کە لە نێوان خۆیاندا دەینووسن و شایەتحاڵ واژۆی دەکات، یان “سەنەدی فەرمی” بێت کە لە فەرمانگەی دادنووس: (کاتبی عەدل)، پەسند دەکرێت. هەروەها نامەو دەفتەری ژمێریاریش دەکرێت وەک “بەڵگەی یاسایی” (قرینة) لە لایەن دادوەرەوە سوودیان لێ ببینرێت.

ئایا لە ڕووی یاساییەوە، وتەی “شایەتحاڵ” بەسە بۆ سەلماندنی قەرز یان تەنها پشت بە بەڵگەی نووسراو دەبەسترێت؟
ئەمە خاڵێکی زۆر هەستیارە. بەپێی یاسای سەلماندنی عێراقی، ئەگەر بڕی قەرزەکە لە (5,000) پێنج هەزار دینار زیاتر بێت، ناتوانرێت تەنها بە وتەی “شایەتحاڵ” بڕیار لەسەر بوونی قەرزەکە بدرێت، بەڵکو دەبێت بەڵگەی نووسراو (سەنەد) هەبێت. زۆرجار هاووڵاتییان دەڵێن “دوو شایەتم هەیە کە پارەکەم داوەتێ”، بەڵام دادگا لە قەرزە گەورەکاندا شایەت وەک بەڵگەی سەرەکی وەرناگرێت مەگەر لە حاڵەتی زۆر تایبەتدا، وەک بوونی “مانعی ئەدەبی” (ڕێگری ئەدەبی) لە نێوان خزمە نزیکەکان: (باوک و کوڕ، یان ژن و مێرد)، کە تێیدا نووسینی سەنەد باو نییە. بۆیە هەمیشە جەخت دەکەینەوە کە متمانە و شایەتحاڵ لە مامەڵە داراییەکاندا جێگەی سەنەدی نووسراو ناگرنەوە.

بوونی: (کۆمپیالە)، لە نێوان قەرزدار و خاوەن قەرز چ هێزێکی یاسایی هەیە؟
کۆمپیالە “بەهایەکی بازرگانییە” و هێزێکی یاسایی زۆری هەیە. ئەگەر هەموو مەرجە یاساییەکانی تێدا بێت: (وەک ڕێکەوت، شوێن، بڕی پارە)، ڕاستەوخۆ لە فەرمانگەی جێبەجێکردن کاری پێ دەکرێت. ئەگەر قەرزدارەکە نکوڵی لە واژۆکەی کرد، ئەوا دەگۆڕێت بۆ داوایەکی یاسایی، بەڵام ئەگەر دانی پێدانا، فەرمانگەی جێبەجێکردن دەست دەگرێت بەسەر موڵک و ماڵ یان مووچەکەیدا بۆ دانەوەی قەرزەکە. کۆمپیالە لە سەنەدی ئاسایی بەهێزترە، بەڵام ئەگەر مەرجێکی یاسایی تێدا نەبێت، تەنها وەک سەنەدێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

ئایا تۆمارکردنی دەنگ بە مۆبایل وەک بەڵگە لە پرسی قەرزدا وەردەگیرێت؟
پرسی دەنگ کەمێک لە یاسادا جێگیر نییە، چونکە ئەگەری لاساییکردنەوەی دەنگ هەیە. ئەگەر لە کاتی دادگاییکردندا دەنگەکە لێدرا و قەرزدارەکە “دانی پێدانا” کە ئەوە دەنگی ئەوە، ئەوا دەبێتە دانپێدانانێکی تەواو. بەڵام ئەگەر نکوڵی لێکرد، دادگا دەتوانێت پەنا بباتە بەر لێژنەی شارەزایان: (خبراء)، بۆ لێکۆڵینەوە لە لەرەلەری دەنگەکە، بەڵام هێشتا وەک بەڵگەیەکی لاواز سەیر دەکرێت و دادگاکان بە تەنیا پشتی پێ نابەستن.

لەم سەردەمەدا زۆر مامەڵەی قەرز لە ڕێگەی نامەی سۆشیاڵ میدیا یان وێنەی وەسڵی پارە گۆڕینەوە: (حەواڵە)، دەکرێت، ئایا ئەم وێنانە وەک بەڵگە دەژمێردرێن؟
ئەمە پێی دەوترێت “بەڵگەی ئەلیکترۆنی”. بەپێی گۆڕانکارییە نوێیەکانی یاسای سەلماندن، نامەکانی: (واتسئەپ، ڤایبەر) و وێنەی وەسڵەکان دەکرێت وەک “سەرەتا بەڵگەیەک” سوودیان لێ ببینرێت، بەڵام بە تەنها بەس نین بۆ بڕیاردانی کۆتایی. دادوەر سەیری ناوەڕۆکی نامەکان دەکات، ئەگەر ڕوون بێت کە کەسی بەرانبەر دانی بە قەرزەکەدا ناوە، ئەوا دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز. بەڵام ئامۆژگاریم ئەوەیە هەمیشە ئەم نامانە بە وەسڵێکی کاغەزی یان شایەت بەهێز بکرێن، چونکە لایەنی تەکنیکی و ئەگەری هاكکردن یان دەستکاریکردنی نامەکان هێشتا گومانی یاسایی دروست دەکات.

ئایا دانانی: (بارمتە)، وەک زێڕ یان ئۆتۆمبێل لە بەرانبەر وەرگرتنی قەرز لە نێوان هاووڵاتییاندا، چۆن ڕێکدەخرێت؟
ئەمە پێی دەوترێت “بارمتەی گوازراوە”. بۆ ئەوەی ئەم بارمتەیە لە ڕووی یاساییەوە پارێزراو بێت، دەبێت گرێبەستێکی ڕەهنی لەسەر بنووسرێت. خاوەن قەرز مافی ئەوەی نییە ڕاستەوخۆ دەست بەسەر بارمتەکەدا بگرێت و بۆ خۆی بەکاری بهێنێت یان بیفرۆشێت ئەگەر قەرزەکە نەدرایەوە، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی دادگاوە داوای فرۆشتنی بارمتەکە بکات بۆ وەرگرتنەوەی مافەکەی. من هەمیشە داوا دەکەم کە هاووڵاتییان جۆری بارمتەکە و مەرجەکانی فرۆشتنی لە ناو سەنەدەکەدا بە وردی دیاری بکەن.

زۆرجار کەسێک دەبێتە: (کەفیل)، بۆ قەرزدارێک، ئایا ئەگەر قەرزدارەکە پارەکەی نەدا یاسا چۆن مامەڵە لەگەڵ کەفیلەکەدا دەکات؟
کەفالەت بەرپرسیارێتییەکی یاسایی قورسە. کاتێک کەسێک واژۆ دەکات وەک کەفیل، واتە پابەند دەبێت بە دانەوەی قەرزەکە لەبری قەرزدارەکە. لە ڕووی یاساییەوە، خاوەن قەرز دەتوانێت ڕاستەوخۆ داوا لە “کەفیلەکە” بکات بۆ دانەوەی پارەکە ئەگەر قەرزداری سەرەکی دواکەوت، مەگەر لەناو گرێبەستەکەدا مەرجی ئەوەیان دانابێت کە سەرەتا دەبێت هەموو ڕێکارەکان بەرانبەر قەرزدارەکە بگیرێنە بەر و پاشان بگەڕێنەوە سەر کەفیل. بۆیە هەمیشە دەڵێم: کەفالەت تەنها واژۆیەکی سەرپێیی نییە، بەڵکو گرتنە ئەستۆی تەواوی قەرزەکەیە.

ئایا گۆڕینی قەرز لە دراوێکەوە بۆ دراوێکی تر، بۆ نموونە لە دۆلارەوە بۆ دینار لە کاتی دانەوەدا، لە ڕووی یاساییەوە چۆن یەکلایی دەکرێتەوە؟
لە بنەمادا، پێویستە قەرزەکە بە هەمان ئەو دراوە بدرێتەوە کە لەسەری ڕێککەوتوون. ئەگەر لە کاتی قەرزکردنەکەدا نووسرابوو “دۆلار”، دەبێت هەر بە دۆلار بدرێتەوە. بەڵام ئەگەر هەردوولا ڕازی بن لەسەر گۆڕینی بۆ دینار لە کاتی دانەوەدا، ئەوا نرخەکەی بەپێی “ڕۆژی دانەوەی قەرزەکە” لە بازاڕدا ئەژمار دەکرێت، نەک نرخی ئەو ڕۆژەی کە قەرزەکەی تێدا وەرگیراوە. دادگا لەم جۆرە کێشانەدا پشت بە نرخی فەرمی و کاتیی دراوەکان دەبەستێت بۆ ئەوەی هیچ لایەکیان زەرەرمەند نەبن.

ئەگەر قەرزدارێک چەکێکی بێ باڵانس: (بەبێ ڕەسید)، بداتە خاوەن قەرز، ئەمە چۆن دەبینرێت؟
پێدانی چەکی بێ باڵانس تاوانە بەپێی ماددەی 459 لە یاسای سزادان و سزای قورسی لەسەرە. لە ڕووی مافی داراییەوە، ئەم چەکە وەک “سەنەدی ئاسایی” (سند عرفی) وەسف دەکرێت و دەبێتە بەڵگەیەکی بەهێز بۆ چەسپاندنی قەرزەکە لە دادگای شارستانیدا.

ئەگەر قەرزدارێک بەهۆی نەدانی قەرز زیندانی بکرێت دوای ئازادکردنی چارەنووسی قەرزەکە چی لێ دێت؟
لە یاسای جێبەجێکردندا: (تەنفیز)، ئەگەر قەرزدار توانای هەبێت و قەرزەکە نەدات، خاوەن قەرز دەتوانێت داوای زیندانیکردنی بکات بۆ ماوەی 4 مانگ وەک فشارێک بۆ ئەوەی قەرزەکە بداتەوە. ئەگەر قەرزەکە بدات، ڕاستەوخۆ ئازاد دەکرێت. بەڵام ئەگەر قەرزەکەی نەدا و ماوەی زیندانییەکەشی تەواو کرد، قەرزەکە هەر بەردەوام دەبێت و لە ئەستۆی دەمێنێتەوە. زیندانیکردنەکە قەرزەکە ناسڕێتەوە. هەر کاتێک خاوەن قەرز هەستی کرد قەرزدارەکە باری دارایی باش بووە یان ئۆتۆمبێل و موڵکی کڕیوە، دەتوانێت لە ڕێگەی یاساوە دەستی بەسەردا بگرێت. تێبینی ئەوەش بکەن کە کەسی سەروو 60 ساڵ زیندانی ناکرێت.

ئەگەر قەرزدار پێش دانەوەی قەرزەکەی کۆچی دوایی بکات، ئایا خاوەن قەرز دەتوانێت داوای پارەکەی لەمیراتگرەکان: (منداڵ و خێزانی)، بکات؟
لێرەدا دەبێت لە نێوان دوو حاڵەتدا جیاکاری بکەین:
1- بەرپرسیارێتیی کەسی: بەپێی یاسا، منداڵەکان یان خێزانی کۆچکردوو لە سامان و دارایی تایبەتی خۆیان بەرپرسیار نین لە دانەوەی قەرزەکانی باوکیان. واتە خاوەن قەرز ناتوانێت بە یاسا فشار بخاتە سەر میراتگرەکان بۆ ئەوەی لە گیرفانی خۆیان قەرزەکە بدەنەوە.
2- مافی خاوەن قەرز لە میراتدا: هەرچەندە منداڵەکان بەرپرسیار نین، بەڵام ماڵ و سامانی جێماوی کۆچکردووەکە بەرپرسیارە. بنەمایەکی شەرعی و یاسایی هەیە کە دەڵێت: “هیچ میراتێک دابەش ناکرێت تاوەکو قەرزەکان نەدرێنەوە.” ئەنجام: خاوەن قەرز تەنها دەتوانێت مافی خۆی لەو ماڵ و سامانە وەربگرێت کە کۆچکردووەکە لە دوای خۆی جێی هێشتووە (پێش ئەوەی دابەش بکرێت). ئەگەر کۆچکردووەکە هیچ دارایی و موڵکێکی جێنەهێشتبوو، قەرزەکە لە ئەستۆی میراتگرەکان لادەچێت و ناتوانرێت ناچار بکرێن بە دانەوەی.

وەک کۆتا تەوەر، چ پەیام و ڕێنمایییەکی یاساییتان هەیە بۆ هاووڵاتییان تا لە بنەماکانی سەلماندنی ماف و پاراستنی پابەندییە داراییەکانیان دڵنیا بن؟
لێرەدا پێویستە جەخت لە چەمکی “ئاسایشی یاسایی” بکەینەوە؛ بنەمایەکی جێگیر هەیە کە دەڵێت «یاسا پارێزگاری لە کەمتەرخەمەکان ناکات». ڕاسپاردەی من بۆ هاووڵاتییان ئەوەیە کە لە هەر مامەڵەیەکی دارایی و پابەندییەکی قەرزدا، تەنیا پشت بە “سەلماندنی نووسراو” ببەستن و لایەنی سۆزداری تێکەڵی ڕێکارە فەرمییەکان نەکەن. ڕێکخستنی سەنەد یان کۆمپیالە بەپێی مەرجە شکڵییەکانی یاسای سەلماندن، تەنیا گەرەنتییەک نییە بۆ پاراستنی شایستە داراییەکان، بەڵکو دەبێتە هۆی سەقامگیریی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش و ڕێگری لە دروستبوونی ناکۆکییە درێژخایەنەکان دەکات. لەو سۆنگەیەوە، پێش ئەنجامدانی هەر مامەڵەیەک یان واژۆکردنی هەر بەڵگەنامەیەک، ڕاوێژکردن بە پسپۆڕان زەروورییە تاوەکو لایەنە جیاوازەکانی ئەو بەرپرسیارێتییە ڕوون بێتەوە. لە کۆتاییدا، سوپاسی جه‌نابت و ته‌واوی ستافی ڕۆژنامەی هەولێر دەکەم کە هەمیشە خەمخۆرانە و پیشەییانە کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری یاسایی لەناو کۆمەڵگەدا دەكه‌ن. هیوای بەردەوامی و گەشەی زیاتر بۆ ئەم دامەزراوە میدیاییە ڕەسەنە دەخوازم.