موزەفەر فەیلی
راگەیاندن بە ھەموو بەشەکانییەوە خۆی لە خۆیدا گەیاندنی زانیاریی راست و دروستە بۆ جەماوەر بەبێ کەموکوری و ھەروەھا بەبێ چەواشەیی. ڕۆژنامەنووسی دروست و تەواو ئەو پیشەوەرەیە کە لە کۆکردن و وردبینین لە زانیارییەکان بۆ مەبەستی بەدیار خستنی راستییەکان بۆ جەماوەر ھەروەکو چوون روودابێت دوور لە ھەر بەرژەوەندییەک و رێکخستنی بەشێوەیەکی رێکوپێک و ئاسان بۆ ھەمووان.
لە سەرەتای دروست بوون و ھاتنەدی راگەیاندن کارەکان زۆر بە دروستی و ئەمانەت ئەنجامدرا، بەڵام کەم کەم دوای تێپەرینی کات و پێویستی بەرژەوەندییەکان و ھەروەھاش بەکارھێنانی وەکو ئامرازێک بۆ بەدەست ھێنانی پۆست و پارە ئیتر مانا و رەنگی خۆی لەدەستدا! بێگومان لە ھەموو شوێنێکی جیھان ئەم شیکردنەوەیە راستەقینەیە بەڵام لە ھەر ناوچەیەک بە رەنگ و شێوەیەک بەکاردێت. بێگومان لە عێراق و ھەروەھا لە کوردستانیش راگەیاندنی دروست و نادروست ھەیە و ھەندێک زۆر لەمێژە کە لە پرنسیپی کاری راگەیاندن و رۆژنامەگەری لایانداوە بەڵام نازانن و لەوانەیەش ھەر نەزانن. ھەرچەندە کە ھەموو چ وەکو دەزگا و چ لەسەر ئاستی کەسایەتی خۆیان بە راست و دروست و بێ کەم و کورت دەزانن، ھەر وەکو دەڵێت: (کەس بە ماستی خۆی ناڵێت ترشە) بەڵام راستییەکان شتێکە و خۆ گەمژاندن شتێکی ترە! دەبێ بزانین کە ھەر کار و پیشەیەک کۆمەڵێک ماف و ئەرکی ھەیە و دەبێت ھەر دوو لای بەدروستی لێی بروانین. دەبێ بزانین کە راگەیاندن و ڕۆژنامەگەری دیماگۆجییەت نییە! دەبێت خەبات کردنی ڕۆژنامەگەری دوور بێت لە حیزبایەتی و بەتایبەتی حیزبایەتی تەسک و رادیکاڵ. ھەر وەکو چوون لەسەرەتاکانی خەباتکردن بەگشتی کوردایەتی ھەبوو و دوای بووە حیزبایەتی و دواتر بووە خزمایەتی! ڕاگەیاندنکار و ڕۆژنامەنووسی ئازاد پێویستە میانرەوانە و زانستییانە و لە مەودایەکی ئازاد و بی سنوور کار و ئەرکی خۆی ئەنجامبدات بەبێ گرنگیدان بە ھەموو رەنگ و ناوەکان. لە ھەموو گرنگتر راستگۆ بێت و بە ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە خەڵک جەماوەر کارەکەی ئەنجام بدات. لەراستیدا راستگۆیی زۆر گرنگ و لە ھەمان کاتدا پیرۆزە، ھەروەکو چوون کە راستگۆیی لە سیفەتەکانی سەرەکی پەیامبەران بووە، ھەروەھاش راستگۆیی پێویستییەکی بەنیادییە بۆ رۆژنامەوانان. چوونکە ئەگەر راستگۆیی لەناو دەزگاکانی راگەیاندن نەمینی بێگومان کۆمەڵگا بەرە تاریکستانێک دەروات کە راست و ھەڵە ھەموو بەیەکێکەوە تێکەڵ دەبێت و ئیتر شتێک بەناوی راستی و دروستی نامێنێت و کۆمەڵگا و تاکەکانی دەمرن! ھەروەھا زۆر ئاساییە کە ڕۆژنامەنووس لە ھەموو بڵاوکراوەکان بابەت بڵاو بکات و نەبێتە مۆڵکی دەزگا یان بڵاوکراوەیەک و بەراستی ئەمە زۆر گرنگ و پێویستە. پێویستە دەسەڵات و حیزب و جەماوەر پشتگیر و لایەنگری راگەیاندن و ڕۆژنامەگەری بێت تاکو ھەموو شتێک بە روون و ئاشکرا دوور لە چەواشەیی و تەمومژاوی دیار بێت.ھەروەھاش لە بەرامبەریدا زۆر گرنگە کە نابێ راگەیاندن و ڕۆژنامەگەری ببێتە پردێک بۆ گەیاندن و بڵاوکردنی بەرنامە و پرۆژەیەکی تایبەت بۆ تێکدانی خانەوادە و کۆمەڵگا و جەماوەر و گرنگە لە ھەمان کاتدا یاسا و رێسای دروست و سەردەمییانە ھەبێت بۆ رێکخستن و تەندروستکردنی مەبەست و ئامانجەکان. چوونکە لە نێوان ئازادی و دیمۆکراتی بەراورد بە ئەنارشیزم و بێسەروبەری خەتێکی زۆر باریک ھەیە کە دەبێت زۆر بە ووریایی و بە دادگەرایی لێی بروانین و تێکەڵ نەکرێت. ھەموو ئەوەی کە باسمان کرد زۆر باش و دروستە و ئەگەر بەشێوەی پراکتیکی بەکار بێت ھیچ کێشەیەک دروست نابێت و ژیان وەکو دەڵێن شام شەریف دەبێت. بەڵام ئایا ئەمە دەبێتە ئەمری واقع و جێ بە جێ دەکرێت، ئەوە ئیتر خۆتان وەڵامی بدەن!

