رۆژنامەی ھەولێر

ڕەخنەوحكوومەت

مەشخەڵ كەولۆسی
هەزار دەستی ماچ کردووە تاکو دامەزراوە لە فەرمانگەیەکی حکوومەت. هەرکە شوێنی خۆی مسۆگەرکرد، خۆی شین و مۆر ئەکاتەوە و، جنێو بە حکوومەت ئەدات.بەحساب ڕەخنەگرە و، حکومەت گەندەڵە.

باوکە گیان! حکوومەت کەس نیە، بەڵکو کەسایەتی مەعنەوییە، کەسێکی ڕاستەقینە نیە تاکو گەندەڵ بێت یان باش بێت، کەسایەتییەکی مەعنەوییە و، جەنابیشت بەشداریت تیایدا و، جنێوەکەت بۆخۆتە. ئێمە بە هەموومان کەسایەتی حکوومەتمان پێکهێناوە.

ئینجا ئەگەر ئەو حکوومەتە گەندەڵە، بڕیار بدات و دەرت بکات، سێ سەد و چواردە ساڵ لەسەر شاشەکان دەگریەیت، بۆ ئەوەی بچیتەوە ڕیزی خۆت واتەنی ئەو حکوومەتە گەندەڵە.

یان حیزبەکە وەزیر و گزیر و بەڕێوەبەری گشتی و، پشکی خانەنشینی هەیە، کەچی دەم دەکاتەوە باسی گەندەڵی حکوومەت دەکات.. ئێ خۆ باوکم وەزیر نەبووە، جەنابت وەزیر بوویت. فزە نەکەیت.

کەی بەرژەوەندی خودی خۆی کەوتە مەترسی، دەست دەکات بە نوزە نوز و گری گری و واسیتەکردن، هەر ئەو واسیتەیەی ڕەخنەی لێدەگرێت، خۆی هەزار تەنەزول دەکات بۆ واسیتەیەک.. کەی شەقام پان بوو، ڕەخنەگر و جنێو دەرە. هەرکات بەرژەوەندی خۆی کەوتە مەترسی، دەست ماچ ئەکات و واسیتە دەکات، سێ سەد و شەست پلە کەسایەتی خۆی دەگۆڕێت.