ئاری ئاغۆک*
لەماوەیە دا لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەت و دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراو و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن هەڵمەتێکی فراوانی پاکڕاگرتنی شوێنە گەشتیارییەکانیان ڕاگەیاند، هەموو لایەک لە یەک پرس و بابەتی گرنگی سەردەم یەکیان گرتەوە ئەویش کۆکردنەوەی پاشماوەی خۆراک و خواردنەکان و بەجێنەهێشتن و فڕێ نەدانیان لە سروشتی جوان و سەیرانگاکان، هەم بە نووسراو و گشتاندن و بە دواداچوون، هەم لەڕێگەی پەیامی ڤیدیۆیی.
بێگومان گەشتکردن و گۆڕینی ژینگەی جوگرافی بۆ ژینگەیەکی فراوانتر و جیاوازتر کە بریتی یە لە گەشتکردن بۆ دەرەوەی شار، بەر لە هەموو شتێک مرۆڤ هەست بە ئارامی و دڵخۆشی دەکات، لەبازنەی فشاری ڕۆژانەی دا دوور دەکەوێتەوە بۆ ژینگەیەکی جوان و پاکتر، بۆیە دەتوانین بڵێین گەشتکردن لە ڕووی دەروونیەوەش بۆ هەر یەکێکمان چێژێکی ڕۆحی هەیە، بەڵام ئەم چێژە بەر لە هەموو شتێک بریتی یە لەبەر پرسیاریەتی، ئەم بەرپرسیاریەتیەش لە چەند لایەنێکەوە سەرچاوە دەگرێت، گرنگترینیان دەبێت خۆمان هەست بەو ڕاستیە بکەین کە گەشتکردن تەنیا شوێنێک نیە بۆ سەیران بەڵکو هەمان ماڵی خۆمانە بەڵام پێی دەڵێن ماڵی هەمووان.
گەلێ جار ئێمە پاراستنی ژینگە بۆ یەک بابەت دەگەرێنینەوە ئەویش بەجێ نەهێشتنی پاشماوەی خۆراکە لەشوێنە گەشتیاریەکان، بەڵام لەتەک ئەم بابەت و دیاردە خراپە چەندین حالەت و دیاردەی دیکە هەن کە بەداخەوە لەلایەن بەشێک لە هاوڵاتیان و گەشتیارانی ناوەخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت، ئەمانیش بریتین لە شکاندنی لقە دار بۆ سوتاندن، کردنەوەی ئاگر و نەکوژانەوە و جێهیشتنی، فڕێدان و پیسکردنی ڕووبار و سەرچاوەکانی ئاو.
بۆیە گەشتکردن تەنیا ئەو گەڕان و گۆڕانە جەستەییە نیە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، یا لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی تر، بەڵکو گێرانەوەیە بۆ سروشت و ناوەوەی خۆمان، ئەویش لە بیرکرندەوە و تێڕامانێکی قوڵ بۆ هەموو دیدگا و لایەنەکانی دیکە، بەڵام لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا کاتێ مرۆڤ دەگەڕێتەوە سروشتی پاکی و جوانی خۆی، بۆچی هەندێکمان وەک بێگانە و دوژمن مامەڵەی خراپ لەگەڵ ئەو سروشتە جوانە دەکەین، چونکە بڕینەوەی دارو درەخت تەنیا کارێکی بچوک نیە، بەڵکو مامەڵەیەکی خراپ و تێنەگەیشتنێکی خراپی تێفکرینی خۆمانە بەرانبەر بە ژینگە، یا لەکاتی گەڕانەوە ئاگر جێ دەهێڵین و نایکوژێنینەوە، ئەمە بەو مانایە دێت هەندێکمان ئەو شوێنە گەشتیار یە بە موڵکی خۆی نازانێ و وەک بێگانەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکات لەکاتێک دا ئەو وەک چێژ وەرگرتن و گۆڕینی ژینگەیەک بۆ ژینگەیەکی جوان و خاوێنتر چۆتە ئەم شوێنە، کەچی دواجار و بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکات!.
بۆیە لێرەدا دەبێت ئەو چەمکە لای هەموومان ڕەنگبداتەوە کە هەر شتێک فڕێ بدرێت، یا خود بە پیسی و سوتاوی بەجێی بێڵیین ئەوە هەر لە چەقی باوەشی سروشت دا دەمێنێتەوە و دواجار هەر بەخۆمان زەرەرمەند دەبین، کەواتە گەر کاتێ سەردانی سەیرانگە و شوێنێکی گەشتیاریمان کرد نابێ وەک بێگانە مامەڵەی لەگەڵ بکەین، ناشبێ وەک میوانێکی خراپ کاریگەریمان هەبێت، بەڵکو پێویستە وەک هەستێکی بەر پرسیاریەتی خۆمان بە پارێزگاری سروشت و شوێنە گەشتیاریەکان بزانین، ئەویش بە کۆکردنەوەی پاشماوەی خۆراکە لە کیسێک و هێنانەوەی لەگەڵ خۆمان، نەک بە جێ هێشتن و ناشیرینکردنی ژینگە و سروشت. چونکە ژینگەی شوێنە گەشتیاریەکان سامانێکی گەورەی نیشتیمانن، بۆ ئێستا و داهاتووی هەموومان.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر.

