رۆژنامەی ھەولێر

ئافرەت و خۆپشکنینی مانگانەی سینگ و بەرۆکی

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

سەرەڕای ئەوەی زۆربەی خانمان دەزانن ئاشنابوون بە گۆڕانکارییەکانی شانەکانی مەمک یەکەمین هەنگاوە بۆ زوودەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆر لە خانمان بەهۆی ترس یان بێئاگایی، خۆیان لە خۆپشکنین بەدوور دەگرن. پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە پێویست بە هیچ ڕاڕایی و ترسێک ناکات؛ ئەم پشکنینە ئاسانە و تەنها پێویستی بە چەند خولەکێک کات هەیە.\

لێرەدا کۆمەڵێک ڕێنماییی گرنگ دەخەینە ڕوو بۆ ئەوەی بزانن کەی، چۆن و بەدوای چیدا بگەڕێن:
١. دیاریکردنی کاتی گونجاو
گرنگترین خاڵ بۆ پشکنینی خودی، بەردەوامییە. هەموو مانگێک لە هەمان کاتدا پشکنینەکە بکەرەوە:
• ئەگەر سووڕی مانگانەت هەیە، باشترین کات هەفتەیەک دوای کۆتاییهاتنی سووڕی مانگانەیە، چونکە لەم کاتەدا شانەکانی مەمک کەمترین گرێ و ئاوسانیان هەیە.
• ئەگەر ناشۆریت و، سووڕی مانگانەت نەماوە، ڕۆژێکی دیاریکراوی مانگەکەت هەڵبژێرە و پابەند بەو رێکەوتەوە.
• تێبینییەکی گرنگ: دانانی بیرخەرەوە (Reminder) لە مۆبایلەکەتدا یارمەتیدەرە. هەروەها ئاگادار بە کە زۆر دووبارەکردنەوەی پشکنین لە مانگێکدا، لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی گۆڕانکارییە وردەکان هەست پێ نەکەیت؛ بۆیە یەک جار لە مانگێکدا بەسە.
هەروەها: جگە لە پشکنینی خودی، پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ پشکنینی کلینیکی؛ لە تەمەنی ٢٠ ساڵانەوە هەر سێ ساڵ جارێک و لە تەمەنی ٤٠ ساڵان بە دواوە ساڵانە.
٢. پشکنینی ئاوێنە
لە بەردەم ئاوێنەدا بوەستە و بە وردی سەرنجی قەبارە و شێوەی مەمکت بدە.
• شێوە و قەبارە: باو و ئاساییە یەکێک لە مەمکەکان کەمێک گەورەتر یان بچووکتر بێت لەوی تر، بەڵام ئەگەر گۆڕانکارییەکی نوێت بینی، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆر بکەیت.
• گۆی مەمک: سەرنج بدە هەر گۆڕانکارییەکی لەناکاو لە گۆی مەمکدا، بەتایبەت ئەگەر پێچەوانە بووەتەوە.
• جووڵە: قۆڵەکانت لە سەرووی سەرتەوە بەرز بکەرەوە و سەیری ئاوێنەکە بکە، ئەگەر هەستت بە هەر ناهاوسەنگییەک کرد لەو کاتەدا، دەبێت ڕاوێژ بە پزیشک بکەیت.

٣. پشکنین بە دەست (هەستپێکردن)
پشکنینی بەدەست بەم شێوەیە دەکرێت:
1. لەسەر پشت هەڵئاژێ پاڵ بکەوە و قۆڵێک لە سەرووی سەرتەوە بەرز بکەرەوە؛ ئەم دۆخە شانەکانی مەمک تەخت دەکات و پشکنین ئاسانتر دەکات.
2. بەو بەشەی پەنجەکانت کە بۆ نووسین بەکار دێت (نەک سەری پەنجەکان)، بە نەرمی بە شێوەی بازنەیی یان بە هێڵکاری (لە دەرەوە بۆ ناوەوە یان بە پێچەوانەوە) دەست بەسەر مەمکتدا بهێنە و بیپشکنە.
3. بەدوای هەر گرێیەکی ڕەقدا بگەڕێ کە وەک دەنکە نۆک یان فاسۆلیا بێت.
4. هەر گۆڕانکارییەک لە پێست، ئازاری بەردەوام، یان دەردانی شلە لە گۆی مەمکدا، پێویستە دەستبەجێ بە پزیشک ڕابگەیەنرێت.
٤. گرنگیی مێژووی خێزانی
بەشێکی گرنگی هۆشیاریی تەندروستی، زانینی مێژووی نەخۆشییەکانی خێزانەکەتە.
• ئەگەر لە خێزانەکەتدا (دایک، خوشک، پوور) مێژووی شێرپەنجەی مەمک هەیە، یان ئەگەر شێرپەنجە لە تەمەنی خوار ٥٠ ساڵاندا ڕووی دابێت، هەروەها جۆرەکانی تری شێرپەنجە وەک شێرپەنجەی هێلکەدان یان پەنکریاس، پێویستە ئەم زانیارییانە بە پزیشکەکەت بدەیت.
خۆپشکنینی مەمک تەنها چەند خولەکێکی کەم دەخایەنێت، بەڵام دەتوانێت ژیانت ڕزگار بکات. فەرامۆشکردنی پشکنینەکان بە بیانووی ترس، ڕێگە لە زوودەستنیشانکردنی کێشەکان دەگرێت. هەمیشە لەبیرت بێت، “تەندروستیت لە پێش هەموو شتێکەوەیە”.