رۆژنامەی ھەولێر

نیگایـەکی بۆ شانۆیی “خاوەنقەرز”ی ئاگۆست ستریندبێرگ

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

هەمیشە عەشقێکی زۆرم بۆ شانۆ هەبووە، وەک هونەرێکی ڕەسەن و وەکو ژانرێک کە وەکو دایکی ژانرەکانی دیکە وەهایە. شانۆ چ وەکو نمایش، یان وەکو تێکست، زیاتر ئاوێتەی بینەر و خوێنەر دەبێت، (هەڵبەت بۆ من وەهایە) ئەم ئاوێتەبوونە لە نمایشدا بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی بەرامبەر بینەرە بە کاراکتەرەکان و لە تێکستدا بەرکەوتنە بە دیالۆگەکان بەبێ ڕوتووش، کە دەرفەتی هەڵوەستەلەسەرکردن و ڕامانی زیاتر هەیە. لە بەرنامەی ژیاندا هەرگیز لە شانۆ دانەبڕاوم وەک نمایش، هاوکات لە بەرنامەی خوێندنەوەشمدا دەقی شانۆییم فەرامۆش نەکردووە، بەڵام پەرجووی دەقی گێڕانەوەیی بەتایبەت ڕۆمان زیاتر لەگەڵ خۆی بردوومی تا شانۆ، بەڵام بەتەواوی لێی دوور نەکەوتوومەتەوە.

دوو مانگ بوو هیچ دەقێکی شانۆییم نەخوێندبوویەوە ئەم هەفتەیە بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەوە بکەمەوە شانۆیی “خاوەنقەرز”ی ئاوگۆست ستریندبێرگ-م خوێندەوە، کە وەرگێڕی بەتوانا “کەریم تاقانە” کردوویەتی بە کوردی و خانەی “کەپر” لە دوتوێی 158 لاپەڕەدا بە پێشەکییەکی نووسەر و شانۆکار “دانا ڕەئووف”ـەوە چاپیان کردووە. ئەوەی لە وەرگێڕانی کەریم تاقانەدا جێگەی سەرنجە وەکو دانا ڕەئووفیش ئاماژەی بۆ دەکات؛ ئەو وردەکاریی و ئەو کوردییە ناوازەیەیە، کە هەست ناکەیت نووسەرێکی بیانی ئەم تێکستەی نووسی بێت. وەرگێڕ ئەم تێکستەی هێندە جوان کردووە بە کوردی خوێنەر هەست بەوە دەکات، کە ستریندبێرگ بە کوردی نووسیویەتی. هەر ئەمەشە هونەراندن لە وەرگێڕاندا. وەرگێڕان هونەر گواستنەوە وشە نییە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە، چونکە ئێستا ئەپی زۆر پێشکەوتوو هەیە بۆ ئەمە. بەڵکو وەرگێڕان هونەری داهێنانەوەی دەقە لە زمانێکی نوێدا، بە موفرەدەی شیاو و ئاواز و ڕیتمی ڕەسەنی دەقەکەوە، کە تاقانە ئەمەی کردووە و نەک بۆ ئەم کارە بۆ هەموو کارەکانی دیکەیشی کە جێگەی دەستخۆشییە.
ئاگۆست ستریندبێرگ (یان یۆهان ئۆگست ستریندبێرگ) (١٨٤٩-١٩١٢) ڕۆماننووس و شانۆنامەنووسێکی سویدی بوو، کە ژیانێکی پڕ لە بەرهەم و پڕ ڕووداوی ژیاوە. هاوچەرخی ئیبسن و چێخۆف بوو، سێ پێشەنگەکانی بواری شانۆ کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە تا سەرەتای سەدەی بیستەم سەرکردایەتی بزووتنەوەی شانۆی مۆدێرنیان کرد، ئەمەش کاراکتەری داهێنەرانە و دەقی داهێنەرانەیان پێبەخشی. ستریندبێرگ چەندین جۆر شانۆنامەی نووسیوە، لەوانە شانۆنامەی مێژوویی، شانۆگەری سروشتگەرایی (ئاماژە بە بزووتنەوەی سروشتگەرایی) و شانۆنامە شیعریی و خەیاڵییە جیاوازەکانی، کە لە نووسەرانی دیکەی سەردەمی خۆی جیای دەکاتەوە. ڕەنگە ئەمەش بەهۆی ئەو دانایی و شێتییەی کە لە کەسایەتییەکەیدا هەیە، کە ژیانی و گۆڕانکارییەکانی کردە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ بەرهەمە ئەدەبییەکانی و فاکتەری چارەنووسساز بۆ تێگەیشتن لە شانۆنامەکانی.
شانۆنامەی “خاوەنقەرز”، یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین شانۆنامەکانی ئەم نووسەرەیە و لە ساڵی 1888 دوای نووسینی شانۆیی خاتوو ژولیا ئەم تێکستەش دەنووسێت. دەقەکە هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی چەند کێشەیەک لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا، شانۆییەکە سێ کاراکتەری لە خۆ دەکرێت “تێکلا، ئادۆڵف- مێردی تێکلا و نیگارکێش، گۆستاف-مێردی پێشووی تێکلا و مامۆستای زانست”. کرۆکی ئەم شانۆییە لەسەر کۆمەڵێک پرسی کۆمەڵایەتی نێوان ژن و پیاو دامەزراوە، چەشنی پرسەکانی “عەشق، بەختەوەری، دڵپیسی، تۆڵەسەندنەوە.” چەند پرسێکی دیکە.
چیرۆکی شانۆییەکە باس لە ژن و مێردێکی بەختەوەر دەکات کە لە دوورگەیەکی هاوینە دەیانەوێت پشوو وەربگرن، لەپڕ گۆستاف-میردی پێشوو ژنەکە دەردەکەوێت و دەیەوێت ئەو بەختەوەرییەی ئەوان بشێوێنێت، چونکە ئەو دژ ژنەکەی پێشوویەتی و دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت تۆڵەی جیابوونەتەوەکەی لێ بکاتەوە. شانۆییەکە تژییە لە ململانێ و دیالۆگی چڕ، کە هەموو بونیادی شانۆییەکەیان دەوڵەمەند کردووە.
لە جێگەیەکی شانۆییەکەدا سەبارەت بە عەشق گفتوگۆیەکی چڕ و ناوازە لەنێوان تێکلا و ئادۆڵف-دا دێتە ئاراوە و تێکلا دەڵێت: “عاشقبوون واتە بەخشین! لە وەڵامدا ئادۆڵف دەڵێت “عاشقبوون وەک پیاو: واتە بەخشین؛ عاشقبوون وەک ژن، واتە وەرگرتن! منیش هەر پێم بەخشیوی و پێم بەخشیوی و پێم بەخشیوی.” ئادۆڵف سێجار لەسەریەک ئەم وشەیەی کۆتایی دووبارە دەکاتەوە وەک بیەوێت بیسەلمێنێت چەندە بەخشندەبووە. تیکلاش بێباکانە پێی دەڵێت “چی تۆ چیت بەخشیوە؟” ئادۆڵفیش بە متمانەدارییەوە دەڵێت “هەموو شتێک!”
شانۆییەکە تژییە لە دیالۆگی دیکەی سەرنجڕاکشێ کە خوێنەر داوەتی سەرزەمینی بیرکردنەوە و ڕامان دەکەن، بۆیە خوێندنەوەی ئەم شانۆییە بە وەرگێڕانی تاقانە هەم خوانێکی مەعریفی و کۆمەڵایەتی پڕ لە وانەیە، هەم وەکو ئەوەیە نووسەر ئەم تێکستەی بە کوردی بۆ ئێمەی خوێنەر نووسی بێت. دەستخۆشی بۆ “کەریم تاقانە”ی ئەزیز و وەرگێڕانە جوان و هەڵبژاردنە ناوازەکەی. دەستخۆشیش بۆ خانەی کەپر، بۆ چاپکردنی ئەم بەرهەمە ناوازەیە.