رۆژنامەی ھەولێر

عێراق و فینلەندا لەسەر ئەستێرەیەكی كورد شەڕیانە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

ئەستێرەی كوردی وڵاتی فنلەندا داریۆ رزگار نامۆی تەمەن 20 ساڵ لە لایەن گراهام ئارنۆڵد راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق چاودێری دەكرێت بۆ ئەوەی وەكو بەرگریكاری لای راست بانگهێشتی مۆندیالی 2026ـی بكات، بەڵام بە هەمان شێوە جاكوب فریس راهێنەری هەڵبژاردەی فینلەندا بۆ دوو یاریی دۆستانەی داهاتووی هەڵبژاردەكەی بانگهێشتی كوڕە كوردەكەی كردووە.

داریۆ نامۆ كێیە؟
داریۆ رزگار نامۆ بە ڕەچەڵەك خەڵكی شاری قەڵادزێی هەرێمی كوردستانە، لە دوای ساڵانی نەوەدەكان خانەوادەكەی بەرەو ئەورووپا كۆچیان كرد و داریۆ لە وڵاتی فنلەندا لە دایكبوو.
داریۆ لە ئەكادیمیای یانەی هۆنكای فینلەندا یەكەمین هەنگاوی بە ئاراستەی پیشەگەری هاوێشت، بووە بچووكترین یاریزان لە تەمەنی 18 ساڵی 31 یاریی لە خولی نایابی فینلەندا ئەنجام دا، داریۆ لە خولی ئەو وڵاتە لە كۆی 31 یاری 2 گۆڵ و 1 ئەسیستی كرد. داریۆ بەوە ناسراوە وەكو یاریزانێكی جۆگەر لە هەموو هێڵەكانی بەرگری دەتوانێت یاری بكات، راهێنەر بەپێی دۆخی پێكهاتەكەی لە راست و چەپ یان دڵی بەرگری پشتی پێدەبەستێت.
داریۆ ئێستا یاریی بۆ یانەی دەندی یونایتدی سكۆتلەندی دەكات و نرخی لە بۆرسەی یاریزانان دەگاتە 300 هەزار یۆرۆ، چەندان ئۆفەریشی لە خولی سویدی و توركیا و نەمسا پێگەیشتووە، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەو یاریزانە لە 2024 لە مەراسیمی بەخشینی باشترینەكانی ساڵ لە شاری هێلسنكی فینلەندا، بە باشترین یاریزانی لاو لەسەر ئاستی فینلەندا دەستنیشان كرا.

داریۆ لە نێوان عێراق و فینلەندا بڕیار دەدات
داریۆ رزگار یاریی بۆ هەموو ئاستەكانی هەڵبژاردەی فینلەندا كردووە و یەكەمجاریشە بانگهێشتی تیپی یەكەمی هەڵبژاردەی فینلەندا دەكرێت، بە ئەنجامدانی یەك یاریی لەگەڵ تیپی یەكەمی ئەو وڵاتە، ئەو كوڕە كوردە بە تەواوەتی عێراقییەكان بێهیوا دەكات و ناتوانێت رەگەزنامەی عێراقی پێبدرێت و یاریی بۆ هەڵبژاردەكەی گراهام ئارنۆڵد بكات.
داریۆ ئێستا لە لایەن راهێنەری هەڵبژاردەی فینلەندا بۆ دوو یاریی داهاتوو بەرامبەر ئەڵمانیا و هەنگاریا بانگهێشت كراوە، بەرپرسانی تۆپی پێی عێراق دەیانەوێت پێش ئەوەی ئەو یاریزانە كوردە یەكەمین یاریی لەگەڵ تیپی یەكەمی فینلەندا بكات لەژێر چنگی ئەو وڵاتەی دەربێنن و بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراقی بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی هەولێر، عەدنان درجال سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە لایەن گراهام ئارنۆڵد راسپێردراوە، داریۆ رزگار رازی بكەن بۆ ئەوەی پەیوەندی بە هەڵبژاردەی عێراق بكات و لە شوێنی حوسێن عەلی لە بەرگری لای راست لە مۆندیال یاریی بۆ شێرەكانی رافیدەین بكات، بەمەش عێراق دەیەوێت هێڵی بەرگری چەپ و راست و ناوەند رادەستی هێز و وزەی كورد بكات كە خۆی لە (مێرخاس دۆسكی، ئاكام هاشم و داریۆ رزگار) دەبینێتەوە.
رۆژنامەی هەولێر زانیاری ئەوەی دەستكەوتووە ئێستا بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و فینلەندا لەگەڵ ماڵباتی ئەو یاریزانە كوردە لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی رازی بكەن یاریی بۆ هەڵبژاردەكانیان بكات. داریۆ لە رێگەی عێراق دەرفەتی لەبەردەمە بەشداریی لە مۆندیال بكات، بەڵام ئەستمە لەگەڵ فینلەندا دەرفەتی ئەوەی هەبێت رۆژێكدا بێت لە مۆندیال یاری بكات.

هاندەران و میدیایەكانی عێراقی، بەرپرسان بە كەمتەرخەم دەزانن
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی هەولێر، داریۆ رزگار ماوەی ساڵێك بوو چاوەڕوانی ستافی هونەری هەڵبژاردەی عێراقی دەكرد بۆ ئەوەی بانگهێشتی بكەن، بەڵام دواجار داریۆ كۆتایی بە هەموو شتێك هێنا و رازیبووە درێسی هەڵبژاردەی یەكەمی فینلەندا بپۆشێت.
دوای بڵابوونەوەی بانگهێشتكرانی داریۆ بۆ تیپی یەكەمی فینلەندا، هاندەران و میدیاكارانی عێراقی لە سۆشیاڵمیدیا بەرپرسانی تۆپی پێی عێراقیان بە كەمتەرخەم وەسف كرد كە نەیانتوانیوە ئەو یاریزانە كوردە بەرەو هەڵبژاردەی عێراق بگوازنەوە، ئەوان پێیانوایە عێراق لە هێڵی بەرگری زۆر پێویستی بە تواناكانی داریۆ هەیە، چونكە هەمیشە هەڵبژاردەی عێراق لە بەرگری لای راست كێشەی هەبووە، پێشتر بانگهێشتی شێركۆ كەریمی بۆ ئەو شوێنە كردووە، بەڵام هێشتا عێراق كێشەی هەیە و شرۆڤەكاران متمانەیان بە حوسێن عەلی نییە لە بەرگری لای راست ئاستێكی جێگیر پێشكەش بكات.