رۆژنامەی ھەولێر

لە تازەترین پەرتووكیدا, (جگەرسۆز) كاریگەرییە نەرێنییەكانی تەڵاق باس دەکات

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

هەڵبەت كۆمەڵگەیەكی تۆكمە و پێشكەوتوو، هیوا و ئاواتی هەموومانە، بەڵام ئەستەمە بتوانین كۆمەڵگەیەكی تۆكمە دروست بكەین، ئەگەر خێزانێكی تۆكمەمان نەبێت، هەروەها ناشتوانین خێزانێكی تۆكمە دروست بكەین، ئەگەر تاكێكی وشیار و بێدار و بەرپرسیارمان نەبێت، چونكە هەموو خێزانێك سەرەتا لە دوو تاك پێك دێت، كە بریتین لە ژنێك و پیاوێک.

محەمەدساڵح پێندرۆیی (جگەرسۆز) لە تازەترین پەرتووكی خۆیدا بە ناوی قەیرانی تەڵاق لە هەرێمی كوردستاندا، بە وردی تیشكی خستووەتە سەر بەشێك لەو كاریگەرییە نەرێنیانەی لەسەر تاك و خێزان و كۆمەڵگەی بەجێ دێڵێت.
ئەو دەڵێت: ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە تەڵاق، كاریگەرییەكی نەرێنیی لەسەر تاك و خێزان و كۆمەڵگە بەجێ دێڵێت، بەڵام كە تەڵاق ڕووی دا، منداڵ قوربانیی یەكەمە، ئینجا ژن، ئینجا پیاو، ئینجا كۆمەڵگە بەگشتی، لەم تەوەرەدا، تیشك دەخەینە سەر كاریگەرییە نەرێنییەكانی تەڵاق لە هەموو ڕوویەكەوە.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی تەڵاق لەسەر منداڵ:
گشت زانایانی بواری پەروەردە و دەروونناسی و كۆمەڵناسی، كۆكن لەسەر ئەوە كە تەڵاق بە پلەی یەكەم زیان بە منداڵ دەگەیەنێت، چونكە ڕەنگە ژن یان مێرد بتوانن یان دەرفەتی ئەوەیان هەبێت كە جارێكی دیكە لەگەڵ كەسێكی دیكە هاوسەرگیریی بكەنەوە، بەڵام منداڵ كە دایك و باوكی یان یەكێكیانی لەدەست دەدات، مەحاڵە بۆی قەرەبوو بكرێتەوە، چونكە هیچ كاتێك زڕدایك و زڕباوك، شوێنی دایبابەكانی ناگرنەوە.
لەم سۆنگەیەوە، لە هەموو ڕوویەكەوە، زیانێكی زۆر و قەرەبوونەكراو بەر منداڵی دایكتەڵاقدراو دەكەوێت، گرنگترین ئەو زیانانەش لە چەند خاڵێكدا دەخەینە ڕوو:
كێشە دەروونییەكان: بە هۆی جیابوونەوەی دایك و باوك، منداڵ دووچاری كۆمەڵێك كێشەی دەروونی دەبێتەوە، وەك: ترس، خەمۆکی، دڵەڕاوكێ، گۆشەگیری و بێئۆقرەیی و هیتر، چونكە زۆربەی جار كە دایكوباوكی لێك جیا دەبنەوە، لانیكەم یەكێكیان یان هەردووكیان لەدەست دەدات. ئەم لەدەستدانەش، بە هیچ كەسێك قەرەبوو ناكرێتەوە و هیچ كەسێك ناتوانێت ئەو شوێنەی بۆ پڕ بكاتەوە، بۆیە دووچاری ئەو جۆرە كێشانە دەبێت و ڕەنگدانەوەیەكی نەرێنیی لەسەر هەست و نەست و دڵ و دەروون و كەسایەتییەكەی دەبێت.
تەڵاق و جیابوونەوە لە هەموو کاتێکدا کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر منداڵ، ئەو لێکۆڵینەوانەی کە کراوە لەسەر ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان لە یەک جیا بوونەتەوە نیشانی داوە کە زۆر شوێنەواری خراپی بەسەر منداڵەوە بەجێ هێشتووە.
زۆرجار تەڵاق لە ساڵی یەکەم و دووەمی ژن و مێردایەتیدا ڕوو دەدات بەهۆی ناکۆکی و نەگونجانیان، بۆیە دەبینین ئەو منداڵانەی کە دایکیان تەڵاق دراوە و زۆر بچووک و کەمتەمەنن، درەنگتر لە منداڵە گەورەکان شارەزای تەڵاق دەبن و دەزانن تەڵاق چییە.
هەرچەندە زۆر جار ئەو ژن و مێردەی دەیانەوێ لە یەکتری جیا ببنەوە، لەبەر بەرژەوەندیی منداڵە بچووکەکەیان ئارام دەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا کێشە و گیروگرفت و ناکۆکی بەردەوامە لە نێوانیاندا.
(بادلین) زانای دەروونناس، لێکۆڵینەوەیەکی کردووە لەسەر ئەو منداڵانەی کە دایکیان تەڵاق دراوە و، بۆی دەرکەوتووە کە ئەو منداڵانەی کە بچووکن، جیابوونەوەی دایک و باوکی، کاریگەرییەكی خراپتری دەبێت لەسەریان، لەچاو منداڵە گەورەكاندا، تا تەمەنی منداڵ بچووكتر بێت کاریگەرییەکەی خراپتر دەبێت، منداڵی شیرەخۆرە کاتێک کە دایکی ماڵ بەجێ دەهێڵێت و منداڵەکەی لای باوکی دەمێنێتەوە، ئارەزووی خواردنی کەم دەبێتەوە و بێتاقەت و بێدەنگ دەبێت، هەر بە زانینی جیابوونەوەی دایک و باوکی، دەشڵەژێت و باری دەروونی تێك دەچێت و زۆربەی جاریش هەوڵ دەدات چارەسەری کێشەی نێوان دایک و باوکی بکات و دایک و باوکی بگەڕێنەوە بۆ لای یەکتری.

منداڵ دوای جیابوونەوەی دایک و باوکی، دەکەوێتە پرسیارکردن، کە بۆ وەکوو جاران لە یەک ماڵدا ناژین؟!
زۆرێك لە دایک و باوکان لەم پرسیارانەی منداڵەکانیان ڕادەکەن و بە وەڵامێکی گونجاو وەڵامی منداڵەکانیان نادەنەوە.
منداڵ کە وەڵامێکی گونجاوی بۆ پرسیارەکانی دەست نەکەوت، باری دەروونی ئەوەندەی دی تێک دەچێت و تووشی گیروگرفت دەبێت.
(ماک درمان) لە زانکۆی (میشیگان) توێژینەوەیەکی کرد لەسەر ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان لێک جیا بوونەتەوە، لە ئەنجامدا بۆی ڕوون بووەوە کە سەدا ١٠٠ـی ئەو منداڵانە شوێنەواری تەڵاقیان پێوە دیارە، بە ڕێژەی جیاواز.
سەدا ٦٢ــی ئەو منداڵانە لە بارێكی زۆر خراپدانە و بێتاقەت و تووڕە و گرینۆک و پەڵپن و بیانووگرن، هەروەها زۆر حەز دەکەن کە ژیانیان وەکوو جارانی لێ بێتەوە و ژیانیان لەگەڵ دایک و باوکیان بەیەکەوە بەسەر بەرن.
هەندێک لەم منداڵانە زۆر لاسار دەردەچن و، دەکەونە شکاندن و وێرانکردنی کەلوپەلان. بۆ ئەوەی سەرنجی دەوروبەریان بۆ خۆیان ڕابکێشن، ئەم منداڵانە ئامادەن خراپترین کار بکەن بۆ گەڕانەوەی ئەو شتەی لەدەستیان چووە.
هەندێک جاریش ئەم منداڵانە لە ماڵ دەردەچن و ماڵ بەجێ دەهێڵن، زۆر جار منداڵ خۆی بە تاوانبار دەزانێ و وا هەست دەکات، کە دایک و باوکی بە هۆی ئەمەوە لێک جیا بوونەتەوە.
سەدا ١٩ــی ئەو منداڵانە لە جیهانی خەیاڵدا دەژین و ئاگایان لە خۆیان نامێنێ و خەیاڵ دووریان دەخاتەوە لە دەوروبەر، بۆ نموونە: منداڵ لە قوتابخانە ئاگای لە وانەکانی نامێنێت و نازانێت مامۆستاکەی چی بۆ باس کردووە.
ئەم جۆرە منداڵانە ترسنۆک دەردەچن و زۆر بە حەزەرەوە کار دەکەن، چونکە دەترسن لەوەی کە یەکێکی تریش لە ئەندامانی خێزانەکەیان لێ جیا ببێتەوە.
كێشە ئاكاری و ڕەوشتییەكان: زۆرجار جیابوونەوەی هاوسەران، زیان بە كەسایەتیی منداڵان دەگەیەنێت و لە ڕووی ئاكار و ڕەوشتیشەوە كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر ژیانیان بەجێ دێڵێت. هەروەها لە نەبوونی دایك یان باوك، یان هەردووكیاندا، دیسان بە هۆی ئەو ژینگە خراپەی كە منداڵان تیایدا گەورە دەبن، تووشی لادانی ئاكاری و بەدڕەوشتی دەبن و، بەرەو لای كۆمەڵێك كاری خراپ پەڵكێش دەكرێن، وەك: درۆ و دزی و فێڵبازی و دەسپیسی و بێعاری و نەفسنزمی و توندوتیژی و ڕق و كینە و، هیتر. ئەمەش ڕەنگدانەوەیەكی خراپ لەسەر كەسایەتی ئەو جۆرە منداڵانە بەجێ دێڵێت و ژیانیان بەرەو هەڵدێر دەبات و تووشی كارەساتی گەورە دەبن.
كێشەی زانستی: هەڵبەت بە جیابوونەوەی هاوسەران، كێشەكە كۆتایی نایەت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو ژن و مێردە خاوەن منداڵ بن و بەرنامەیەكی هاوبەشیان نەبێت بۆ سەرپەرشتیكردنیان. یەكێك لەو كێشانەش كە بۆ منداڵان دروست دەبێت، دوای جیابوونەوەی دایبابەكانیان، دابڕان و دووركەوتنەوەیانە لە ڕەوتی خوێندن.
هەڵبەت هۆكاری وازهێنانی قوتابیان لە خوێندن زۆر و جۆراوجۆرن، بەڵام یەكێك لە هۆكارە هەرە سەرەكییەكانی، تەڵاق و هەڵوەشانەوەی خێزانە، چونكە منداڵ بە هۆی ئەو بۆشاییەی كە لە ژیانیدا دروست دەبێت، ڕەنگە نەتوانێت لەسەر پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت، بەتایبەتی ئەگەر كەسێك نەبێت سەرپەرشتیی بكات و خەرجییەكانی لەئەستۆ بگرێت، یاخود بكەوێتە ژێر چەپۆكی زڕباب یان زڕدایك و بچەوسێندرێتەوە. ئەمەش بە زیان دەشكێتەوە بۆ منداڵ، چونكە بێبەش دەبێت لە خوێندن و فێربوون و زانست، هەروەها زیان بە كۆمەڵگەش دەگەیەنێت، چونكە هەم ڕێژەی نەخوێندەواری زۆر دەبێت، هەمیش وەك كەسێكی نەخوێندەوار لە دواڕۆژ، ڕەنگە نەتوانێت بە شێوەیەكی زانستیانە و بابەتیانە و دروست ئەركی پەروەردەكردنی منداڵەكانی لەئەستۆ بگرێت.
بێگومان وازهێنان لە خوێندن دیاردەیەكی خراپ و مەترسیدارە لە هەرێمی كوردستاندا، بە پێی ئامارەكانی خودی وەزارەتی پەروەردە، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان واز لە خوێندن دەهێنن؛ ساڵی 2018ــی زایینی 34،527 قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە.
كێشە پەروەردەییەكان: هەڵبەت تەڵاق لە ڕووی پەروەردەییشەوە كێشەی گەورەگەورە بۆ خێزان و كۆمەڵگە دروست دەكات، بەتایبەتی بۆ منداڵە دایك تەڵاقدراوەكان؛ چونكە زیانێكی زۆریان بەردەكەوێت و خێزان كە وەك چەترێك وابوو و هەموو ئەندامانی خێزان، بەتایبەتیش منداڵان لەژێریدا دەحەسانەوە بەیەكجاری هەڵدەوەشێتەوە؛ هەروەها ئەو لانەیەی كە منداڵان تیایدا ئۆقرەیان گرتبوو تێك دەچێت و شپرزە و پەرتەوازە و تەڕابەڕا دەبن و دووچاری چەندین كێشە و گرفتی گەورە دەبن.