عهبدولقههار ههولێری/ هۆڵهندا
دهربارهی مزگەوتی حاجی (عەبدولقادر دەباغ)، بێگومان ئهم مزگهوته یەکێکە لە مزگەوتە دێرینەکانی شاری هەولێر، ئەم مزگەوتە دەکەوێتە ناو جەرگەی بازار و بەرامبەر دەرگەی قەڵا.
مێژووی دامەزرانی
ئەم مزگەوتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی (١٨٩٠) کە لەسەر دەستی حاجی عەبدولقادر دەباغ دروست کراوە، کە دەکاتە کوڕی حاجی سەعید، کەسایەتییەکی دیاری ئەو سەردەمەی شاری هەولێر؛ ڕەچەڵەکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ باپیرە گەورەیان بە ناوی (پیرە بەگ) لە گوندی توتمەی سەر بە دەڤەری خۆشناوەتی دۆڵی بالیسان.
ئەم مزگەوتە ڕووبەرەکەی زیاتر لە ٤٠٠ مەتر چوارگۆشە و دەکەوێتە بەرامبەر دەرگەی قەڵای هەولێر، بەهۆی کۆنی بیناکەوە ساڵانی پێشووتر چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە، بەڵام دواجار لە ساڵی ١٩٨٠ بەهۆی ئەوەی بەشێکی مزگەوتەکە دەکەوتە سەر شەقامی گشتی بە ڕەزامەندی ئەوقاف فەرمانگای شوێنەوار مزگەوتە ڕووخێنرا، بە سەرپەرشتی لیژنەیەک کە پێکهاتبوون لە دادوەر ڕەشاد موفتی و محەمەد شەهابەدین دەباغ، کە ئەوسا سەرپەرشتیاری مزگەوتەکە بوو دەکاتە نەوەی حاجی عەبدولقادر دەباغ، ئیمامی مزگەوتەکە مەلا فایز مەلا عەبدوڵڵا و نوێنەری ئەوقاف بوو.
لە ساڵی هەشتاکان نوێژەکان لە ژێرزەمین دەکران. لەبەر ئەوەی نهۆمی سەرەوە نوژەن دەکرایەوە. دواتر لە ساڵی ١٩٩٣ تەواو بەڕووی نوێژکەران و خوێندکارانی ئاینی کرایەوە بەتێچووی قهرهبۆی هەندێک لەموڵکی مزگەوتەکە بە بەرشەقامی سەرەکی کەوت لەلایەن حکومەتەوە. هەروەها ئەم مزگەوتە بە کرێ چەند دوکانێک کە بۆ پێداویستییەکانی مزگەوتەکە تەرخان کراوە بەڕێوەدەچێت، به پاڵپشتی بەڕێوەبەڕایەتی ئەوقافی هەولێر.
یەکێک لە نەوەکانی حاجی عەبدولقادر، ناوی شەهاب چەلەبی بوو، کە سەرپەرشتی مزگەوتەکەی دەکرد. دواتر لەلایەن ئەحمەد مەحمود چەلەبی سەرپەرشتی دەکرا، دواتریش محهمەد شهاب چەلەبی سەرپەرشتی مزگەوتەکەی دەکرد.
لە ساڵی ١٩٦٨ محەمەد شەهابەددین دەباغ بە ڕەزامەندی ئامۆزاکانی بووە بە سەرپەرشتیاری مزگەوتەکە، تا ساڵی ٢٠٢١ کۆچی دواییکرد. دواتر وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان و ڕەزامەندیدا کە برزۆ محەمەد شەهاب چەلهبی دەبێتە سەرپەرشتاری مزگەوتەکە.
یەکەم پێشنوێژی ئەم مزگەوتە و حوجرەکەی
بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر دەربارەی ئەم مزگەوتە بزانین، سەبارەت بە یەکەم پێشنوێژی ئەم مزگەوتە و حوجرە، مەلا محەمەد ئەمین کوڕی مەلا محەمەد خۆشناو خەڵکی گوندی بێتواتە بوو. ئیمام و وتار خوێنی مزگەوتی کونە فلوسەبوو، بەداوکاری لەلایەن شێخ ئەبوبەکر نەقشبەندی و بنەماڵەی چەلەبیەکان، کە ئیمامەکەیان (مەلا ئەیوب) بوو کۆچی دوایی کردبوو. ئەو کەسایەتییە لە ساڵی (١٩٠٢ز.) هاتووەتە هەولێر و بووەتە ئیمام و مامۆستا لە مزگەوتی حاجی عەبدولقادر و وتارخوێنی مزگەوتی شێخی چولی و ئەم مزگەوتە بەتەواوی لەژێر دەستی بنەماڵەی چەلەبیەکاندا بوو. لەو ڕۆژە بەدواوە ئەم مزگەوتە بە فێرکاریی و فیکری و زانستییەکانی لە سەرانسەری کوردستانی عێراق و ئێران و تورکیا ناوبانگی دەرکرد. دەیان کەس بڕوانامەی زانستییان لەلایەن مەلا محەمەد ئەمین وەرگرتووە.تا ساڵی ١٩٤٠ی زایینی کۆچی دواییکرد گۆڕەکەی دەکەوێتە گۆڕستانی شێخ چۆلی لە شاری هەولێر.
دوای کۆچی دوایی مەلا محەمەدئەمین لە ساڵی ١٩٤٠ی زایینی، مەلا عەبدوڵڵای کوڕی شوێنی باوکی گرتەوە لە هەمان مزگەوتدا، لەوکاتیشدا ژوورەکەی پڕ بوو لە فەقێ، دەیان کەسیش بڕوانامەی زانستییان لەسەر دەستی ئەو وەرگرتووە، دواتر ئەویش لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٠ کۆچی دوایی دەکات و لە تەنیشت باوکی بەخاک دەسپێردرێت.
دوای ئەو مەلا فایز مەلا عەبدوڵڵا دەبێت بە ئیمام و مامۆستای مزگەوتەکە وەک باوک باپیرانی تا ساڵی ١٩٦٨ خزمەتی مزگەوت و ژووری خوێندنی کردووە، دوایی بە فەرمانی حکوومەت هەموو ژووری خوێندنەکانی فەقێ کۆکراونەتەوە بە یەک شوێن بە ناوی پەیمانگەی ئیسلامی لە هەولێر و سەدان خوێندکاری هەبووە. سەرەتا مەلا ساڵح کۆزەبانکەیی بوو بە بەڕێوەبەری پەیمانگەکە، مەلا فایز بوو بە یاریدەدەری بەڕێوەبەر. مەلا فایز تا مانگی نیسانی ساڵی 1990 وەک ئیمام لە مزگەوتی حاجی عەبدولقادر مایەوە تا ئەوکاتەی کۆچی دواییکرد و لە نزیک باوک باپیرانی لە گۆڕستانی شێخ چۆلی بەخاک سپێردرا.
مەلا خالید مەلا فائیز دەرچووی پەیمانگای مامۆستایان بوو و مەلا عیمادەدین، دەرچووی کۆلێژی شەریعەی ئیمامی ئەعزم بوون، یاریدەری مامۆستا ملا خالید بوو لە ساڵی ١٩٩٠ تا ساڵی ١٩٩٣، دوات گۆسترایەوە بۆ مزگەوتی شێخی چۆلی و لەوێ بوو بە ئیمام و پێش نوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەکە.
مەلا خالید مەلا فایەز، لەساڵی ١٩٥٥ لە شاری هەولێر لەدایک بووە، لە وەزارەتی پەروەردە مامۆستای پەروەردە بووە و گواستراوەتەوە بۆ وەزارەتی ئەوقاف و بووە بە پێشنوێژ تاوەکو ١/١/٢٠٢٥ خانەنشین کراوه، دواتر فایز ملا خالید بوو بە پێشنوێژ بە خۆبەخشی و بە رەزامەندی بەڕێوەبەڕایەتی ئەوقافی هەولێر و سەرپەرشتیاری مزگەوت و دەرچووی کۆڵێژی زانستە ئسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەدین ئهو ئهركه ئایینیهی لهئهستۆ گرت و تاکو ئێستا ئەم بنەماڵە سەرپەرشتیار و پێشنوێژن و لە خزمەتکردنی ئەم مزگەوتە بهردهوامن.

