حەمەسەعید حەسەن
کاروانی ئەڤینی خودایی
بۆرخێس (١٨٩٩ – ١٩٨٦) دەڵێت: (دەق ئەگەر ڕووی دەمی لە عەقڵت بوو، ئەوە پەخشانە، ئەگەر خەیاڵی کردیت بە ئامانج، ئەوە شیعرە.) شیعری پاکیزە، شیعرێکە لە سروشتەوە نزیک بێت و بە فیکر بارگاوی نەبێت، وەک شیعری ژاپۆنی. بۆچی شاعیر شیعر دەنووسێت: چونکە ناتوانێت بەبێ نووسینی شیعر بژی، چونکە شیعر وەک خوێن بە دەمارەکانیدا دێت و دەچێت، چونکە شیعر لە پێناوی شیعردا دەنووسێت، نەک بۆ هیچ مەبەستێکی دیکە.
مەولانا (١٢٠٧ – ١٢٧٣) کە مەزنترین شاعیری سۆفییە و یەکێکە لە گەورەشاعیرانی مرۆڤایەتی، بە زمانێکی گەردوونی شیعری گوتووە، بۆیە ئامێزی دڵی دونیا بۆ شیعری کراوەیە. بێدەنگیی مەولانا تژی بووە لە گوتن، هەرچەندە خاوەنی مەعریفەیەکی باڵا و دەوڵەمەند بووە، بەڵام بێدەنگیی پەسەند کردووە، بۆ ئەوەی گوێ بۆ خوڕەی کانیاوی عیشق ڕادێرێت. لەخۆڕا نییە، کە (خامۆش)ی بۆ ناسناوی شیعری هەڵبژاردووە. یەکەمین وشەی قورئان، (بخوێنە)یە، (مەسنەوی)یش بە (گوێ بگرە) دەست پێ دەکات، نەک بە بدوێ. وەک چۆن موسیک خۆراکی ڕۆحە، شیعری مەولانایش کە بریتییە لە عیشق و عیرفان و تژییە لە موسیک، ڕۆح دەدوێنێت.
مەولانا شەیدای موسیک بووە، بە تایبەتی دەنگی ئامێری نەی، ئاخر نەی نزیکترین ئامێرە لە سروشتەوە. مەولانا پێی وابووە، ئینسان دەتوانێت بەهۆی شیعر و موسیک و سەماوە، بگاتە لای خوا. سەما لەکن ئەو، بەگژ خۆپەرستیدا دەچێتەوە و خۆشەویستی بڵاو دەکاتەوە. ئەوە ڕێککەوت نییە، لە ئەمریکایەکدا کە (ماددە) باڵی بەسەر هەموو بوارێکی ژیاندا کێشاوە، شیعرەکانی مەولانا کە ئاوێنەی (ڕۆح)ن، زۆرترین هەواداریان هەیە و مادۆنا شیعری (فێر بە چۆن ماڵئاوایی دەکەیت)ی ئەوی بە گۆرانی گوتووە.
شێخی هەرەگەورە: (ئیبن عەرەبی)یە، سوهرەوەردی: شێخی ئیشراقە، ئیبن ئەلفاریز: سوڵتانی عاشقانە و جەلالەددینی ڕۆمی: (مەولانا)یە. هەر کەسێکیش شوێن ڕێبازی مەولانا کەوتبێت، (مەولەوی)یە، هەرچەندە مەولانا خۆی ئینسانێکی گەردوونی بوو، لە هەموو ڕێباز و مەزهەب و دین و نەتەوەیەکی تێپەڕاندبوو، قورئانیشی وا دەخوێندەوە، وەک بۆ خۆی دابەزیبێت. پیتەر برووک کە سیناریۆنووس و دەرهێنەرێکی داهێنەرە، لە کتێبی: (خاڵی وەرچەرخان)دا دەڵێت: (ماوەیەک سەرچاوەی داهێنانم وشکی کردبوو، چووم مەسنەویم خویندەوە، ئیدی سەرلەنوێ کانیاوی داهێنانم بووژایەوە.)
جامی (١٤١٤ – ١٤٩٢) گەورەشاعیری فارس دەڵێت: (مەسنەوی قورئانە بە زاری پەهلەوی، مەولانایش وەکوو پەیامهێن کتێبێکی پیرۆزی پێشکەش بە میللەتەکەی کردووە.) مەولانا خۆی دەڵێت: (مەسنەویم بۆ ئەوە نەنووسیوە، لەبەری بکەیت و بیڵێیتەوە، بۆ ئەوەم نووسیوە توانای فڕینت پێ ببەخشێت.) مەسنەوی دیوانێکی بیست و شەش هەزار بەیتییە، هەر بەیتێکی سەروای تایبەت بە خۆی هەیە، بە پێچەوانەی غەزەلەوە کە بەیتەکانی هەمان قافیەیان هەیە. نووسینی شیعر بە شێوەی مەسنەوی، کە هەر بەیتە و سەروایەکی هەیە، بواری زیاتر بۆ شاعیر دەڕەخسێنێت، تا هەست و بیری خۆی دەرببڕێت، ئاخر غەزەل کە هەموو شیعرەکە هەمان سەروای هەیە، سەروا دەبێتە بەربەست لەبەردەم دەربڕینی تەواوی بیر و هەستی شاعیردا. (خانی)یش بۆ نووسینی مەم و زین، کەڵکی لەو فۆرمە شیعرییە بینیوە، کە هەر بەیتە و سەروایەکی هەیە.
مەسنەوی کە بریتییە لە حیکمەت لەڕێی حیکایەتەوە، شەش بەشە، بە دە ساڵ نووسراوە، تەرجەمەی گەلێک زمانی دونیا کراوە. مەسنەوی ئەوەندە گشتگیرە، ئاوڕی لە چەندان بوار داوەتەوە، بەدرێژایی مەسنەوەی مەولانا وەک شاعیر دەپەیڤێت، نەک وەک واعیز، ئەمەیش یەکێکە لە لایەنە هەرە گەشەکانی ئەو شاکارە. (دیوانی شەمسی تەبریزی) بەرهەمێکیی شیعریی گرنگی دیکەی مەولانایە. مەولانا شاعیر نەبوو، شەمس کردی بە شاعیر، هەر بۆیەش ناوی ئەوی لە دیوانی خۆی ناوە. (دیوانی شەمسی تەبرێزی) ئەو شیعرانەیە کە مەولانا بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەمسی نووسیون. شەمس لەکن مەولانا، سوڵتانی دەوڵەتی عیشق و میری کاروانی ئەڤینی خودایی بووە.

