خوسرهو جاف
بڕێک لە ڕابردوو؛ سەردەمانێک نە ترسم دەناسی، نە دوودڵی و دڵەڕاوکێ. تێکەڵەیەک بووم لە یاخیبوون و ملهوڕی، شەرمم بە پارە دەسەند. ئیتر زۆر کەس خۆی لێم لا دەدا؛ تەمەنم لە پانزە ساڵان زۆرتر نەبوو. لام وابوو ئاوا ژیانێک دەبێتە هۆی ناوبانگ، ئیتر تا خوا حەز نەکات، شەڕەنگێز و بێبەندوبار بووم.
با ڕاستگۆ بم، لەناو خێزانی خۆمدا دەکرێ بوترێ تا ڕادەیەکی بەرچاو ئارام و لەسەرخۆ بووم. بابم نەیدەزانی ئەوەندە کەللەڕەق دەرچوومە؛ تەنانەت خزمەکانیشم خۆیان لێ دەپاراستم. جاروبار چوار تەنیشتی ئاڵۆزی بێسەروبن، نەک منی یاخی وەک تاک، دەتوانێ دەوروبەرو دوور و نزیک بشێوێنێ و زۆرتر گەمژەیی و بێدەربەستی بکاتە باو و، تازە شانازییشی پێوە بکات.
ئێمە منداڵە بەگزادەکانی لادێی کەلار، کوڕ و کچ پێکەوە لە قوتابخانەدا بووین. من بەو چەموشی و سەرەڕۆیی و شەڕەنگێزییەوە، ڕۆژ نەبوو لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خزمدا بەشەڕ نەیەم و هەمیشە شەڕهەڵگیرسێنەکە هەر من بووم. ئیتر لە شکایەتی لای مامۆستاوە تا داری ناو لەپ خواردن، تاوانبارەکە هەر من بووم.
“ئەشی” کچی مامی گەورەمان (داود بەگی جاف) ئەویش هاوتەمەنم بوو. تا پۆلی چواری سەرەتایی لە قوتابخانەی دێی کەلار پێکەوە دەمانخوێند. ناتوانم بڵێم ئەشقی منداڵانە، بەڵام ڕێزێکی تایبەت و نەوازشێکی ناسکم دەربارەی هەست پێ دەکرد. ئەو بۆ پۆلی پێنج و شەشی سەرەتایی لەگەڵ برا گەورەکانیدا بۆ خوێندن ڕۆیشت بۆ شاری خانەقین، وردەوردە هەستم کرد ئەو کچە خزمەم خۆش دەوێت.
ئیدی من هەر وەک لادێییەک لە کەلاردا بەردەوام بووم تا پۆلی شەشی سەرەتاییم تەواو کرد و گوازرامەوە بۆ ناوەندی شاری خانەقین. وردەوردە ئەو ئەشقە منداڵانەیە ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر دەبوو. با ڕاستگۆ بم، «ئەشی» ئەو سەردەمەش هەر سەلار بوو، زۆر شتی وەدەر نەدەخست، بەڵام بە شێوەی خۆی بۆی وەدەرخستبووم کە خۆشمی دەوێت. ئیدی ئەویش لە ناوەندی کچانەی خانەقیندا بەردەوام بوو.
ڕۆژێک بەیانی هەڵسام و هەواڵم بیست ماڵی مامی گەورەم بە خاووخێزانەوە کۆچیان کردووە بۆ وڵاتی ئێران. سەردەم سەردەمی چەپڵەڕێزانی برادەرانی حزبی شیوعی بوو، تەواوی شارەکانی عێراق بە کوردستانیشەوە هاڕەی چەپڵە و هەرا و خۆپیشاندان بوو. بڕێک لە دەمارگرژە شیوعییەکان لە هەتاودا چەتریان بەسەر سەرەوە بوو، بتپرسیبایە ئەو چەترە چییە و بۆ؟ لە وەڵامدا دەیانوت: “ئاخر لە مۆسکۆدا بارانە”!
بەرەبەرە ئەشقی «ئەشی» لە دڵ و دەروونمدا جێگەی خۆی کردبووەوە. خزمە نزیکەکانم ئەوەیان سەلماندبوو کە من و ئەو شتێک لە نێوانماندا هەیە. تەنانەت ڕۆژێک دایکم پرسی: «وا نازانی ئەشق و ئاشقی بۆ تۆ جارێ زوو بێت؟» منیش وتم: «دادە، درەنگ و زووی چی؟ خۆ من نوێژ ناکەم چاوەڕوانی بانگدان بم!”
ئەو دوورییەی نێوان من و «ئەشی» ڕۆژ بە ڕۆژ ئەشقەکەمانی پتەوتر دەکرد. لەو هەلومەرجەدا زانیم کابرایەک دەیەوێت بڕوات بۆ ماڵی مامم لە شاری کرماشان، نامەیەکم نووسی و وێنەیەکی خۆمم لەگەڵدا نارد، ئەویش وەڵامەکەی بۆ هێنامەوە. هەرگیز ئەو یەکەمین نامەیەم لەبیر ناچێت. ساڵ بە ساڵ مەحروومیەتی ئەشق لە دەروونمدا کڵپە و بڵێسەی زۆرتر دەبوو.
ساڵی ١٩٦٣ دوای ئەوەی پێنجی ناوەندیم لە شاری بەغدا تەواو کرد، ڕۆیشتمە ڕیزی پێشمەرگایەتییەوە. «ئەشی» بەوە زۆر ناڕازی بوو؛ ئەو خانمێکی لەسەرخۆ و ئارام و دوور لە کێشە بوو، منیش سەرەڕۆیانە و بێ ڕەزامەندیی ئەو ڕۆیشتبووم بۆ شەڕ و خوێن. دوای چەندین شەڕی خوێناوی، تووشی نەخۆشیی «شەوکوێری» بووم. ئەم هەواڵە گەیشتە ئامۆزاکانم (سەردار و سالار جاف)، نامەیەیان بۆ نووسیم تا خۆم بگەیێنمە لایان. بە هەر فەلاکەتێک بوو گەیشتمە کرماشان؛ چڵکن و پڵکن و ئەسپێ تێدا گەڕاو!
گەیشتمە ماڵی مامم، هەر ئەو شەوەم لەبیر ناچێت، «ئەشی» کە منی دی بەو حاڵەوە کە دەستیان دەگرتم و ڕایاندەکێشام، بانگی لێ بەرز بووەوە و دەستی کرد بە گریان. منیش بۆ کەساسیی خۆم گریام. لەو دوو ڕۆژەدا توانیم لەگەڵ ئەشیدا تاک ببمەوە، بە ڕاشکاوی پێم وت: «من نە ئایندەم دیارە نە ئێستام؛ پێشمەرگەیەکی شەوکوێرم. خوا هەڵناگرێت تۆ پابەندی من بیت، تۆ لە کۆمەڵگایەکی پێگەیشتوودا دەژییت و منیش نیوە وەحشێکی شەوکوێر، بۆیە بۆ یەک ناشێین.» بەڵام ئەو لە داربەڕوو پتەوتر بوو، کۆڵی نەدا و بە گریانەوە ململانێی لەگەڵ بڕیارەکەم دەکرد.
سالار جافی جوانەمەرگ دەستی گرتم و بردمی بۆ تاران بۆ لای پڕۆفیسۆر شەمس. چل ڕۆژ لە ژێر چاودێریدا مامەوە. دەرکەوت بەهۆی بێڤیتامینییەوە چاوم وای لێ هاتووە. ئەوەندە ئاوی گێزەریان پێ دام، دوای شەستوپێنج ساڵ تا ئێستاش حەزم لێی نییە! «ئەشی» ڕۆژانە تەلەفۆنی بۆ دکتۆرەکە دەکرد و هەواڵی وەردەگرتم. چاوەکانم چاک بوونەوە و گەڕامەوە سەر باری ئاسایی.
دواتر ماڵیان چوو بۆ تاران. ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەی واز لە پێشمەرگایەتی بهێنم و بخوێنم. منیش چوومە خزمەت بارزانی نەمر و دوای هەوڵێکی زۆر ڕەزامەندی دا کە بڕۆم بۆ خوێندن، بەو مەرجەی دوای تەواوکردنی کۆلێژ بگەڕێمەوە. گەڕامەوە بەغدا و بەهۆی ئەوەی نمرەم (٨٢) بوو، قبووڵم لە زانکۆی پراکی چیکۆسلۆڤاکیا بۆ هاتەوە، بەڵام سالار جاف لە تاران قبووڵی «تەلارسازی»ـی بۆ وەرگرتم. کاتێ تەلەفۆنم بۆ ئەشی کرد و وتم دەچم بۆ “پراک”، دەستی کرد بە گریان و وتی: «بۆچی دەچیت بۆ ئەو وڵاتە کۆمۆنیستانە؟» وتم: «کچێ بۆ دەگریت؟ دەڵێم بەیانی بەڕێوەم بۆ تاران!» ئیتر گریان و پێکەنینەکەی تێکەڵ بوو.
ساڵی ١٩٦٦ لە تاران دەستم بە خوێندن کرد. ژیان لەوێ جیاواز و نامۆ بوو. سەرەتا لە ئاستی هونەرییەوە خۆم بە کەم دەزانی، بەڵام بە هاوکاریی هاوپۆلێکم بە ناوی «سیاوەش» و هاندانی «ئەشی»، چوومە خولی تایبەت و شەو و ڕۆژم خستە سەر یەک. «ئەشی» بۆ من وەک قەڵا وابوو، هەمیشە گوێگری شیعرەکانم بوو. جارێکیان پارچە شیعرێکم بۆ خوێندەوە: «ئەی لەجێی خەڵک و خێڵ و گشت کەسم… باش بزانە بێ تۆ کەم مەودایە هەناسە و هەوەسم…» ئەویش بە هێمنی فرمێسکی ئەشقی دەڕشت.
کۆلێژمان تەواو کرد و پاشان زەواجمان کرد. بە هۆی سالار جافەوە لە شارەوانیی تاران وەک ئەندازیار دامەزرام. بەڵام من کەسێکی یاخی بووم، نەمدەتوانی بەرگەی گەندەڵی بگرم. جارێکیان لەسەر وەرگرتنی پڕۆژەیەک کە کەموکووڕیی هەبوو، لەگەڵ پەیمانکارێک بوو بە شەڕمان و مشتێکی چەکوشیم وەشاندە ڕوخساری. دواتر دەستم لەکار کێشایەوە و لەگەڵ سیاوەش ئۆفیسێکی تایبەتمان دانا. لە پێشبڕکێیەکی گەورەی تەلارسازیدا بۆ دروستکردنی کۆشکێک، پلەی یەکەمم هێنا. ساواک وتیان چونکە عێراقییت خەڵاتەکەت نادەینێ مەگەر ببیتە ئێرانی، منیش لە ٢٤ کاتژمێردا ڕەگەزنامەم گۆڕی و بوومە ئێرانی.
بووینە خاوەنی کچێکی نازدار بە ناوی «گلارە». بۆ چارەسەری پزیشکی سەفەری ئەمریکامان کرد؛ لە نیویۆرک، مینیسۆتا و لۆسئەنجلۆس گەڕاین. لە فڕۆکەخانەی نیویۆرک بەهۆی دووریی تێرمیناڵەکانەوە، سەد دۆلارم دا بە کرێکارێکی ڕەشپێست تا بە ڕاکردن و وەک بلدۆزەر بەناو خەڵکدا بمانبات و لە فڕینەکە جێ نەمێنین!
لە گەڕانەوەماندا چووینە ئەڵمانیا بۆ لای «عەلی قازی» کوڕی پێشەوا، دواتر گەڕاینەوە بۆ تارانی سەردەمی شای ئێران کە ئەو کاتە شارێکی مۆدێرن و پێشکەوتوو بوو. ئێستاش کە سەیری ڕابردوو دەکەم، دەبینم ئەشق و یاخیبوون دوو هاوەڵی هەمیشەییی ژیانم بوون.

