رۆژنامەی ھەولێر

کۆمەڵەی چوارەم

فازڵ میرانی
حکومڕانی چەندین دۆخی جیاوازی هەیە؛ ئەوەی بە سەرکەوتوو دادەنرێت، ئەو حکومڕانییەیە بەپێی پێوەرە دروستەکان شاهیدیی سەرکەوتنی بۆ بدرێت، نەک ئەو حکومڕانییەی خۆی بە سەرکەوتوو دەزانێت بەپێی پێوەرگەلێک، کە لەگەڵ بنەماکانی جیاکردنەوەی سەرکەوتن و شکست یەکناگرنەوە.
لە کۆی ئەو ١٩٣ بۆ ١٩٥ دەوڵەتەی ئێستا لە جیهاندا هەن، ئەو وڵاتانەی کە لەسەر ڕێچکەی سەرکەوتن جێگیر بوون، ژمارەیان زۆر کەمترە لەو زۆرینەیەی کە جارێک گەشەیان کرد و دواتر پاشەکشەیان کرد، یان ئەوانەی قەبارەی کاریگەرییان دیاریکرا و بۆ ڕۆڵێکی ناوچەیی سنووردار کشانەوە؛ بە جۆرێک یان بوونەتە پاشکۆی هێزە لەخۆیان بەهێزترەکان، یان تەنها پێشەوایەتیی ئەو وڵاتانە دەکەن، کە لە خۆیان لاوازترن.
لەکۆتاییدا، ئێمە لەبەردەم چەند جۆرێکی سەرەکیی دەوڵەتدایین:
١. دەوڵەتانی کۆمەڵەی یەکەم: ئەوانەی خاوەنی بەڕێوەبردنی ئابووری و هێزی سەربازیی جیهانین.
٢. دەوڵەتانی کۆمەڵەی دووەم: ئەوانەی خاوەنی ئابوورییەکی تۆکمە و هێزێکی سەربازیی سنووردارن.
٣. دەوڵەتانی کۆمەڵەی سێیەم: ئەو وڵاتە گەورانەن کە نەیانویستووە لەسەر پێگەی نێودەوڵەتی، خۆیان بخەنە کێبڕکێی زلهێزەکانەوە بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارانەی نەخشەی سیاسی دەگۆڕن و هاوسەنگیی هێز ڕێکدەخەنەوە.
٤. دەوڵەتانی کۆمەڵەی چوارەم: ئەو وڵاتانەن لەناو قەیرانی شۆکەکان و ململانێی ناسنامەکاندا دەژین.
ئەم پۆلێنکردنانە نابنە ڕێگر لەوەی کە هەموو ئەم کۆمەڵانە لە چەند خاڵێکی هاوبەشدا یەکبگرنەوە، وەک: هەبوونی سەروەت و سامان، بڵاوبوونەوەی هێزە ئایدۆلۆژییەکان یان ناوەندەکانی قورسایی فیکری. بەڵام جیاوازیی بنەڕەتی لە گرتنەبەری مانایەکی بەردەوام و جێگیردایە بۆ چەمکی “دەوڵەت”؛ واتە دەوڵەت وەک دامەزراوەیەک کە سەرپەرشتیی دامەزراوەکانی تر دەکات. لێرە کە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە دەستپێدەکات؛ تاقیکردنەوەی بوون، یان نەبوون، یان تاقیکردنەوەی نەهاتنەدیی خودی دەوڵەت.
دەوڵەت قەوارەیەکی دیارە، بەڵام مەرجی سەرکەوتنی ڕاستەقینەی تەنها لە هەبوونی ئاڵا، باڵیۆزخانە یان وەزارەتدا کورت نابێتەوە؛ ئەمانە پێویستن، بەڵام ئامانجی سەرەکی لەم پێداویستییانە ئەوەیە: ئایا دامەزراوەی پەروەردە توانیویەتی مامۆستایەکی کارامە، پێداویستییەکانی فێربوون و پڕۆگرامێکی خوێندن ئامادە بکات و وەبەرهێنان لە مێشکی نەوەی نوێدا بکات؟ یان ئەوەتا پەروەردە تەنها بە ڕۆڵێکی سەرپێیی و نزمترین ئاستی وەبەرهێنان وازی هێناوە و بەو گیانەوە مامەڵە دەکات کە بابەتەکە شایانی ماندووبوون نییە، ئەمەش لەبەرامبەر بایەخێکی کەمی پەروەردەیی و ناڕوونیی دەرفەتی کار بۆ خوێندەواران لە داهاتوودا.
ئەم بارودۆخە بەسەر تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگەی دەوڵەتدا دەچەسپێت، لە هەر وردەکارییەکدا بێت: خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاسایش، هۆشیاری، مافە دەستووری و یاساییەکان. پێش هەموو ئەمانەش، جۆری دەسەڵات بەسەر سامانی گشتیدا و هۆکار و شێوازەکانی خەرجکردنی؛ ئەم خاڵە بەدیاریکراوی جیاکەرەوەیەکی بنەڕەتییە لەوەی کە دۆخی دەوڵەت بە چی دەگات. پێم وا نییە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەوڵەتان پەرۆشی ئەوە بن کە دەوڵەتێکی تر لاواز نەبێت؛ پەرۆشی بۆ سەلامەتیی دەوڵەتێک یان ناوچەیەک لەلایەن زلهێزەکانەوە، تەنها پەیوەستە بە بوون و نەبوونی بەرژەوەندییەکانەوە. ئەگەر وا نەبوایە، سەلامەتیی هەموو دەوڵەتێک بە بڕیارێکی نێودەوڵەتیی کارا دەپارێزرا و هیچ دەوڵەتێک لە ڕووی سیاسییەوە تووشی وێرانکاری یان لەناوچوون نەدەبوو.
هەروەها پێم وانییە ئەو وێرانکارییەی بەر دەوڵەتێک دەکەوێت کاریگەریی هەبێت، ئەگەر خودی ئەو دەوڵەتە لە ناوەوە ئامادەی وەرگرتنی ئەو کاریگەرییە نەبێت. لەم سۆنگەیەوە، ئەو پرسیارە چارەنووسسازانەی لە ڕوانگەی خۆمانەوە بۆ عێراق دەیانخەینە ڕوو، لەسەر بنەمای واقیعێکی ناگەشبین داڕێژراون؛ نە لە ڕووی سیاسی و نە ئابووری و نە ئەمنییەوە. ئەو وێنە کۆنەی سەبارەت بە قۆناغێکی سیاسیی سەقامگیر هەبوو، کە تێیدا جۆرێک لە مەعریفە بە ئاڕاستەی کارکردن بەرەو پێگەیەکی ڕاستەقینە بۆ جووڵاندنی هێزە عێراقییەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و ئابووری هەبوو، ئێستا هیچی لێ نەماوەتەوە جگە لە چەند پارچە ڤیدیۆیەک و چەند وێنەیەک لەنێوان فۆتۆگراف و یادەوەریدا.
تەواوی ئەو پڕوپاگەندە و بازاڕگەرمییەی ئێستا بۆ نیشاندانی بەردەوامیی ئەو سەردەمە دەکرێت، لە لایەن ئەو توێژینەوە زانستییانەوە بەدرۆ دەخرێنەوە کە دەربارەی دۆخی ناوخۆ نووسراون، هەروەها لە لایەن ئەو لێکۆڵینەوە پسپۆڕییانەی کە سەنتەرەکانی توێژینەوەی نێودەوڵەتی بڵاوی دەکەنەوە و دامەزراوەی حوکمڕانی هیچ بایەخێکیان پێ نادات. ئەو (دامەزراوەی حوکمڕانی) وەک زۆرێک لە دامەزراوە شڵەژاوەکانی تری دەوڵەتان، سیاسەتێکی سێ هەنگاوی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەکانیدا پەیڕەو دەکات: نکۆڵیکردن، دانپێدانان، و دواتریش پێشکەشکردنی چارەسەری درەنگوەختی سەرنەکەوتوو.
لەوانەیە یان بگرە دڵنیاییش بێت کە تێکەڵبوونی ئارەزووی کەسی و واقیع، تەنگژەی زۆربەی ئەو دەوڵەتانەیە کە لە وڵاتی ئێمە دەچن؛ چونکە بەهۆی کەڵەکەبوونی ئەو وێرانکارییەی دەزگاکانی حوکمڕانی دروستی دەکەن، تووشی جۆرە دۆخێک دەبن کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییەکان دوور دەکەونەوە و ڕێگەیەک دەگرنە بەر کە وەک ڕێکردن لەسەر قاییشێکی جووڵاو (تێرمیناڵ) وایە؛ وا دەزانن بەرەو پێش دەچن، کەچی لە ڕاستیدا لە شوێنی خۆیانن!
بەڵام ئەوەی دەخرێتە سەر ئەم واقیعە تاڵە، ئەوەیە ئەم جۆرە دەوڵەتانە دەبنە ئامانجی بازرگانیی سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، تێیدا بە پەردەیەکی شەرعی و یاسایی دەست بەسەر سەروەت و سامانەکاندا دەگیرێت. بەمەش دەوڵەت دەچێتە ناو ئەو “کۆمەڵەی چوارەم”ەی کە لە سەرەتادا ئاماژەمان پێ کرد؛ ئەو کاتە گرووپێک دەبینیت کە دەوڵەت پارە و بژێوییان دابین دەکات بۆ ئەوەی هەر ئەو دەوڵەتە بۆردوومان بکەن! بە پارەی دەوڵەت چەکی بێدەنگ دەکڕن بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەناو دەوڵەتدا بێت و بییانەوێت، تیرۆری بکەن. باجیش هەر دەمێنێت و زیادیش دەکات، بەڵام داهاتەکەی بێ لێپرسینەوە ون دەبێت. ناونیشانەکانی ئەو هێزانەی کە لەسەر جەستەی دەوڵەت دەژین زۆر دەبن، چینوتوێژی نوێ لەدایک دەبن و هەندێکی تریش تێکدەشکێن، تا کار دەگاتە هەڵوەشانەوەی یەکجاری لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، بێ ئەوەی هیچ لایەنێک دان بە تاوانەکەیدا بنێت.