ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
لە زاخۆ سەنتەری هەژار بۆ ئۆتیزم دەكرێتەوە؛ سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی سەنتەرەكەدا جەخت لەوە دەكاتەوە، كە جگە لە سەنتەرەكانی ئۆتیزم لە هەولێر، سۆران، زاخۆ، لە داهاتووی نزیك سەنتەری هاوشێوە لە دهۆكیش دەكەنەوە.
سالار بابەشێخ لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە (هەولێر)ی گوت: بە ئامادەبوونی مووسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و گۆهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و بەخشەران و نوێنەری ڕێكخراوەكانی مەدەنی و حزبی و میدیاكاران، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی 2/4/2026 سەنتەری هەژار بۆ ئۆتیزم لە زاخۆ كرایەوە. تێچووی باڵاخانەی سەنتەرەكە لە لایەن هەژار شنگالی و ئیبراهیم شنگالی دابین كراوە و ئەركی ئیدارەكردن و بەڕێوەبردنی سەنتەرەكەش بە دەزگای خێرخوزایی بارزانی سپێردراوە، كە لەو بوارەدا ئەزموونێكی بەرچاوی هەیە.
مووسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ئاخافتنێكیدا لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی سەنتەرەكە، خۆشحاڵیی خۆی لەوە دەربڕی كە لە ڕۆژی جیهانیی ئۆتیزم، دیارییەكی شایستە پێشكەشی خەڵكی “شۆڕشگێر و بەوەفا”ی زاخۆ دەكەن. هەر سەبارەت بە سەنتەرەكە باسی ئەوەی كرد: “كەس وەكو دایك و باوكی منداڵانی ئۆتیزم نرخی ئەو جۆرە سەنتەرانە نازانن، چونكە بە تەواوی هەست بە ئاریشەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو منداڵانە دەكەن.”
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا گوتی: “پێویستە سوپاسێكی تایبەتی سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەنابی كاك مەسرور بارزانی كە هاودەم سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە بكەین، كە بۆ هەر كارێك لە بواری مرۆیی هەمیشە پشتیوان و پاڵپشت بوون، كاتێكیش باسی ئەم سەنتەرەمان لەگەڵ جەنابیان كرد، ئەركی ئیدارەدانی بە ئێمە سپارد.”
مووسا ئەحمەد، لە تەوەرێكی دیكەی وتەكانیدا تیشكی خستە سەر ڕۆڵی دەزگا لە هاریكاریی ئاوارە و پەنابەران، كە وەك باسی كرد، لە ئاستی ناوخۆ و ناوچەكە و لەلای ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و جیهانی بە گرنگییەوە لەو خزمەتانە دەڕوانن. باسی ئەوەشی كرد كە هەر لە دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، یەكێ لە ئامانجە سەرەكییەكانیان ئەوە بووە كە بایەخێكی تەواو بە زارۆكان و خوێندن و داهاتوویان بدەن. هەربۆیە “زیاتر لە 16 هەزار منداڵانی ئازیز (بێباوك) و منداڵانی سەربڵندی شەهیدان لە پڕۆژەی ماڵی ئازیزان و بێهاوژینان سوودمەندن. هەر لەو بارەیەوە گوتی: “لە دەستپێكی ئەم پڕۆژەیە كە لە ساڵی 2012 بە ئامادەبوونی جەنابی كاك مەسرور بارزانی ڕاگەیێندرا، تا ئێستا زیاتر لە 83ملیۆن دۆلار پارەی نەخت بە سەر منداڵانی ئازیزدا دابەش كراوە.”
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، باسی چارەسەركردنی ئەو منداڵانەشی كرد، كە لە چوارچێوەی کاری هاوبەشی نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی (Peace Village)ی ئەڵمانی، بە چەندین قۆناغ خزمەتگوزاریی تەندروستی و درێژماوەیان پێشكەش كراوە. ئەوەشی خستە ڕوو كە لە پڕۆژەی چاودێریی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، كە پڕۆژەیەکی هاوبەشە لە نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای خێرخوازیی(LDS)ی ئەمریکی و لە ڕێکەوتی 18/2/2015 دەستی پێ کردووە و تا ئێستا بەردەوامە، بەبێ جیاوازی لە هەرێمی كوردستان و دەرەوەی هەرێمیش هاوكاری و خزمەتی خاوەن پێداویستییانی تایبەت دەكەن و پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكەن.
مووسا ئەحمەد، لە بەشی كۆتایی وتارەكەیدا، ئاماژەی بەوە كرد، كە چالاكییەكانی دەزگا لە بواری مرۆیی، فرەڕهەند و بەرفراوانن و باسكردنی لە دەرفەتێكی كورتدا دەستەبەر ناكرێت. ئەوەشی دووپات كردەوە، كە هەموو چالاكییەكانی دەزگا بە هاوكاری و پاڵپشتیی بەخشەران جێبەجێ دەكرێن، بۆیە سوپاسێكی بێپایانی ئاراستە كردن. سەبارەت بە كردنەوەی سەنتەری هەژار بۆ ئۆتیزم لە زاخۆش گوتی: “خۆمان بە قەرزاری ئەم دەڤەرە سەربڵندەی زاخۆ دەزانین، هیوادارین لە ئاستی ئەو وەفادارییەی خەڵكی زاخۆ بین، كە پڕۆژەیەكی واش لە زاخۆ دەكرێتەوە، خۆمان بە سەربڵند دەزانین و هەرچی بۆ زاخۆش بكرێت، هێشتا كەمە.” جەختی لەوەش كردەوە، كە جگە لە سەنتەرەكانی ئۆتیزم لە هەولێر، سۆران، زاخۆ، لە داهاتووی نزیك سەنتەری هاوشێوە لە دهۆكیش دەكەنەوە.
دواتر گۆهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا باسی ئەوەی كرد، كە لە دەستپێكی كاركردنیان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاگادار كراونەتەوە، كە لە زاخۆ، چەند سەنتەری تایبەت بە ئۆتیزم هەن، بەڵام زۆرێك لە دایك و باوكانی منداڵانی ئۆتیزم، نەیانتوانیوە لە شیاندنەوەی منداڵەكانیان بەردەوام بن، لە بەر هۆكاری ئابووری كە دەبوو مانگانە گوژمەیەكی پارەی بۆ تەرخان بكەن. گوتیشی: “هەر كەسێك منداڵێكی ئۆتیزمی نەبێت، نازانێت ئاریشەكانی ئەو منداڵانە چین. دروستكردنی بینایەك ڕەنگە ئاسان بێت، بەڵام بەردەوامبوونی ئیدارەكردنی بۆ ئێمە ئاریشەیەك بووە.”
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، كردنەوەی سەنتەرێكی ستاندارد لە ئاستی جیهانی بۆ منداڵانی ئۆتیزم لە زاخۆ بە جێی شانازی ناو برد و سوپاسی هەژار شنگالی و ئیبراهیم شنگالی كرد، كە ئەركی دروستكردنی ئەو سەنتەرەیان لەئەستۆ گرتووە. ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەو بەخشەرانە چەند قوتابخانەشیان لە سنووری زاخۆ دروست كردووە، كە جێگەی سوپاس و پێزانین. گوتیشی: “زۆر جار لەگەڵ موسا ئەحمەد گەنگەشەی زۆر پڕۆژەمان كردووە لەم سنوورە و هەموو جارێك دەزگای خێرخوازیی بارزانی پاڵپشت بوون، بۆ هەر پڕۆژەیەك لەم سنوورە ئەنجام بدرێت.”
دواتر دكتۆر ڕەوشت ڕەشید، ڕاوێژكاری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێكتەری تەندروستی، وتارێكی پێشكەش كرد و هەندێك ئاما و داتای خستە ڕوو كە بە “ئاماری ترسناك” ناو برد و گوتی: “ڕێكخراوە جیهانییەکەی تەندروستی، ساڵی 2025 ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە، بەوەی كە لە هەر 127 كەسێك، كەسێكیان ئۆتیزمی هەیە. لە وڵاتانی كەنداویش ڕێژەكە زیاترە و لە 60 منداڵ یەكێكیان ئۆتیزمی هەیە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەركی بەم مەترسییە كردووە، بۆیە پێنج ساڵ لەمەوبەر، یەكەم سەنتەری تایبەت بە خزمەتكردنی منداڵانی ئۆتیزم لە هەولێر كرایەوە. تەنیا بە 15 منداڵ دەستمان پێ كرد، ئەزموونیش كەم بوو، بۆیە پشتمان بە ڕاهێنەرانی نێودەوڵەتی بەست و دواتر ژمارەی منداڵان گەیشتە 80 منداڵ و ژمارەی راهێنەرانیش گەیشتە 60 ڕاهێنەر.”
دكتۆر ڕەوشت ڕەشید، جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێشتر هیچ سەنتەرێك بۆ دەستنیشانكردنی ئۆتیزم لە كوردستان نەبووە، بەڵام ئەوە لە هەولێر دەستەبەر كرا و ئێستاش لە زاخۆ دەكرێت و چیدی پێویست ناكات، بۆ ئەوە سەردانی وڵاتانی دیكە بكەن. ئەوەشی خستە ڕوو كە دوای سەركەوتنی سەنتەری ئۆتیزم لە هەولێر كە 311 منداڵی ئۆتیزم بە سەركەوتوویی ڕاهێنانیان وەرگرت، 81 كەسیان گەڕانەوە بەر خوێندنی ئاسایی، واتە لە هەر چوار منداڵ یەكێكیان گەڕانەوە بەر خوێندنی ئاسایی. گوتیشی: “ساڵی 2023 لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی ئەو تەجروبەیەمان گواستەوە بۆ سۆران و لەوێش 73 منداڵ لە سەنتەری ئۆتیزم لە كۆمەڵگەی دایك سوودمەند بوون.” وەك دوا گوتەیشی گوتی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەنتەرەكانی ئۆتیزمی كردووەتە كۆمەڵگە و پەیمانگەی پێگەیاندنی كادیرانی تایبەت لە بواری ئۆتیزم و 55 ڕاهێنەرمان پێگەیاندووە كە لە سۆران خزمەت دەكەن و 30 ڕاهێنەرمان بۆ سەنتەری زاخۆ پێگەیاندووە، كە كۆی ئەو ڕاهێنەرانە دەتوانن لە كردنەوەی سەنتەری دیكەش ڕۆڵی كاریگەریان هەبێت.”

