رۆژنامەی ھەولێر

د. هەژین تەلعەت: کاروباری ناوماڵ جێگەی وەرزش ناگرێتەوە و ئارەقەکردنی زۆریش هەمیشە بە واتای سووتانی چەوری نایەت

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

زۆرێک لە ئافرەتان وا ڕاهاتوون کە کاروباری ناوماڵ وەک جێگرەوەیەک بۆ وەرزشکردن ببینن، بەڵام پزیشکانی پسپۆڕ ڕایەکی جیاوازیان هەیە و جەخت لەسەر گرنگیی جیاکردنەوەی جووڵەی ناوماڵ و چالاکیی وەرزشی دەکەنەوە.

لە بارەی ئەوەی كە ئایا کاری ناوماڵ جێگەی وەرزش دەگرێتەوە؟ دکتۆر هەژین تەلعەت سامان، ماستەر لە پزیشکی وەرزشی لە بەریتانیا، لەمبارەیەوە ڕوونیکردەوە کە هەرچەندە کاروباری ناوماڵ سوودی وەک سووتاندنی کالۆری و زیادبوونی لێدانی دڵ هەیە، بەڵام نابێتە جێگرەوەی وەرزش. دکتۆر هەژین دەڵێت: “وەرزشکردن هۆکارێکە بۆ ئەوەی لێدانی دڵ بە شێوەیەکی تەندروست و بەرنامەبۆداڕێژراو زیاد بکات، کە جیاوازە لە ماندووبوونە ئاساییەکەی کارکردن.”
باشترین کات بۆ وەرزشکردن
سەبارەت بە کاتی گونجاو، ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوە کرد کە باشترین کات ئەو کاتەیە کە کەسەکە دەرفەتی هەبێت، بەڵام پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکات:
• نە گەدەی پڕ و نە گەدەی بەتاڵ: باشترین کات (٢ بۆ ٤) کاتژمێر دوای ژەمی سەرەکییە.
• وزە و ڤیتامین: پێویستە لە کاتی وەرزشدا لەش بڕی پێویست ئاو و ڤیتامینی تێدا بێت بۆ ئەوەی دوچاری بێهێزی نەبێت.
• کاتی ژەمی دوای وەرزش: نابێت کاتی وەرزشەکە هێندە درەنگ بێت (بۆ نموونە کاتژمێر ١١ی شەو) کە کەسەکە دوای چالاکییەکە کاتی نانخواردنی نەبێت.
ئارەقەکردن و تێگەیشتنی هەڵە بۆ سووتانی چەوری
دکتۆر هەژین هۆشداری دەدات لەو بیرۆکە هەڵانەی کە دەڵێن “ئارەقەکردنی زۆر نیشانەی سووتانی چەورییە”. ئەو دەڵێت: “بەکارهێنانی نایلۆن یان وەرزشکردن لە شوێنی زۆر گەرم بۆ ئارەقەکردن کارێکی هەڵەیە، چونکە ئەوە تەنها ئاوی جەستەیە لەدەست دەچێت نەک چەوری.” ئەم حاڵەتە زیانی زۆری هەیە، لەوانە:
1. مەترسیی تووشبوون بە بەردی گورچیلە.
2. پووکانەوەی ماسوولکەکان و کەمبوونەوەی سۆدیۆم (سەرئێشە و بێزاری).
3. بەرزبوونەوەی مەترسیداری پلەی گەرمای جەستە و بوورانەوە.

وەرزش و سووڕی مانگانە
سەبارەت بە وەرزشکردن لە کاتی سووڕی مانگانەدا، د. هەژین دڵنیایی دەداتە ئافرەتان و دەڵێت: “ئافرەتان دەتوانن لەم ماوەیەدا بەردەوام بن لە وەرزشکردن، بەڵام دەکرێت توندیی وەرزشەکە کەم بکەنەوە ئەگەر هەستیان بە ماندووێتی دەروونی یان جەستەیی کرد.” جەختیشی کردەوە کە وەرزش لەم کاتەدا سوودی هەیە بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئەو ئافرەتانەی دەیانەوێت بارستەی ماسوولکەکانیان زیاد بکەن.
لە کۆتاییدا، دکتۆر هەژین ئامۆژگاری دەکات کە بۆ هەر چالاکییەکی وەرزشی ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ یان کەسانی شارەزا بکەن بۆ ئەوەی دوور بن لە هەرئەگەرێكی نەخوازراو یانیش هەر هەڵەیەكی باو.