فەزیلە شۆرش
دوای هەر کارەساتێک کە بەسەر کورددا هاتووە، وەک مەینەت و زامەکانی ئەنفال، کۆڕەو، کیمیابارانکردن و وێرانکردنی گوندەکان، گەلی کورد بە هێزێکی پۆڵایین بەرەنگاری ئەم کارەساتانە بووەتەوە. بەداخەوە، زامی ئەم کارەساتانە تا ئێستاش سارێژ نەبووە؛ بێگومان سارێژیش نابێتەوە تا ئەو کاتەی کوردستان سەربەخۆ دەبێت و گەلی کورد لەژێر ئاڵای نیشتمانەکەیدا دەحەسێتەوە.
ئەوەی جێگەی شانازییە، لاپەڕەکانی مێژووی کورد سەرەڕای ئەم هەموو ئازارە، پڕن لە سەروەری. ئەوەی نەتەوەی کورد لە نەتەوەکانی تر جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە توانیویەتی هەر یەک لەم ئازار و مەینەتانە بکاتە هێزێکی پۆڵایین بۆ سەرکەوتن، پێشوەچوون و نزیکبوونەوە لە سەربەخۆیی. بێگومان ئافرەتی کورد ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبووە و هەیە لە دروستکردنی ئەم هێزەدا؛ چ بە بەخشینی ڕۆڵەکانی لە پێناو نیشتمان، یان بە هاوسەنگەری لە خەباتدا لەگەڵ باوک، برا، هاوسەر و ڕۆڵەکانی. بۆیە ناتوانین بڵێین هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئافرەت و پیاودا هەیە، بەتایبەتی لە گۆڕینی ئازارەکان بۆ هێزێکی پۆڵایین.
ئەم ڕاستییە نکۆڵی لێ ناکرێت؛ ئافرەت لە ساتە بەئازار و سەختەکانی میللەتی کورددا، دەستی لەناو دەستی پیاواندا بووە بۆ گۆڕینی ڕۆژە تاریکەکان بۆ ڕووناكی و بۆ کوێرکردنەوەی چاوی دوژمنان. ئافرەتی کورد وا بیر دەکاتەوە و واش کار دەکات کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر کوردستان، بە دەستدرێژی بۆ سەر خودی خۆی و ڕۆڵەکانی دەزانێت. ئەمە خۆی لە خۆیدا ئایدۆلۆژیایەکی پیرۆزە کە گوڕوتینێکی نوێ دەداتە نەوەکانی داهاتوو بۆ بەردەوامبوون و جەختکردنەوە لەوەی کە کورد واز لە دۆزی ڕەوای خۆی ناهێنێت، دەستبەرداری مافەکانی نابێت و ڕۆژە قورسەکانی کۆتایییان دێت.
ئافرەتی کورد بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە ئاسۆ؛ چونکە ئیرادەی کورد لە دوژمن بەهێزتر و مەزنترە. ترسی دوژمن لە بوێریی کوردە؛ هەر ئەم ترسەش وای لێ کردوون بە هەموو جۆرە بیانوویەک و بە درۆن و مووشەک هێرش بکەنە سەر کوردستان. بێگومان ئاکامی هێرشەکانی دوژمن پووچەڵە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت کورد بێومێد بکات. بۆ هەموو جیهان ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان ناوەندی سەقامگیریی ناوچەکەیە؛ کورد هیچ کات خوازیاری شەڕ نەبووە و ڕێگری لە هەموو ئەو هەنگاوانە دەکات کە دەیانەوێت کورد تێوەگلانی ئەو شەڕانە بکەن کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرپایە.
کوردستانییان بە هێزە پۆڵایینەکەیان ڕووبەڕووی ئەم هێرشانە دەبنەوە و ئافرەتانیش بە خۆڕاگری و قوربانیدان بە ڕۆڵەکانیان، هێز دەبەخشنە بەردەوامیی ژیان و کەمکردنەوەی ئازارەکان.

