رۆژنامەی ھەولێر

ڕەخنەی هونەری؛ لە نێوان شیکاریی زانستی و ستایشی بێبەڵگەدا

فەرحانی حاجی حەسەنی
ڕەخنەی هونەری لە چوارچێوەی زانستە مرۆڤایەتییەکاندا، ئامرازێکی مەعریفییە بۆ خوێندنەوە، شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمی هونەری. ئەرکی ڕەخنە تەنها ناساندن و ستایشکردنی بەرهەم نییە، بەڵکو بریتییە لە ئاشکراکردنی بەها، سنوور و تواناکانی، لە ڕێگەی شیکارییەکی هۆکارمەند و پێوەری دیاریکراوەوە. کاتێک ڕەخنە لە چوارچێوەی شیکاریی زانستییەوە دوور دەکەوێتەوە و دەبێتە دەربڕینی حەز و نەحەزی کەسی یان ستایشی بێبەڵگە، ئەوا نەک هەر ئەرکی مەعریفیی خۆی لەدەست دەدات، بەڵکو بەشداری لە شێواندنی پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی هونەریشدا دەکات.
لە ڕوانگەی تیۆریی ڕەخنەیی و لێکدانەوەی سیمیۆتیکەوە، ڕەخنە پێویستە لە سنووری بۆچوونی تاکەکەسی تێپەڕێت و بە پشتبەستن بە بەڵگە، تیۆری و شێوازی شیکاری، پەیوەندیی نێوان بەرهەمی هونەری و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و کەلتووری بخوێنێتەوە. ئەمە بەو مانایە نییە کە بۆچوونی کەسی لە ڕەخنەدا ڕەت بکرێتەوە؛ بەڵکو پێویستە ئەو بۆچوونە لە ڕێگەی هۆکار و بەڵگەوە پاساو بدرێت. بەم شێوەیە، ڕەخنە لە دەربڕینێکی سادەی هەستەوە دەگۆڕێت بۆ پرۆسەیەکی فکرییە کە توانای ڕوونکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکەی هەیە.
یەکێک لە کێشەکانی ڕەخنەی هونەری ئەوەیە کە هەندێک جار پەیوەندییە کەسییەکان، هاوڕێیەتی، بەرژەوەندیی پیشەیی یان ترس لە ناڕەزایەتی، کاریگەری لەسەر شێوازی هەڵسەنگاندن دادەنێن. لەم بارودۆخەدا، ڕەخنەنووس ڕەنگە لە جیاتی شیکردنەوەی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی بەرهەم، تەنها بە وشەی گشتی و ستایشی بێبەڵگە پەنا ببات. ئەم شێوازە، هەرچەندە لە ڕووی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییەوە ڕەنگە ئاسانتر بێت، بەڵام ناتوانێت پێوەرێکی باوەڕپێکراو بۆ گەشەی هونەر دابین بکات.
لە کایەی شانۆدا، ڕەخنەنووس پێویستە لە ناساندنی ناوی نووسەر، دەرهێنەر و ئەکتەرەکان تێپەڕێت و پرسیاری بنەڕەتی لەسەر نمایشەکە خۆی بکات: ئایا بیرۆکەی سەرەکی بە شێوەیەکی ڕوون و کاریگەر گەیەنراوە؟ ئایا ئەدای ئەکتەرەکان لەگەڵ بارودۆخی دراماتیکی و ناوەڕۆکی نمایشەکەدا هاوتەریبە؟ ئایا ڕووناکی، دەنگ، دیزاینی شانۆ و جووڵە بەشدارن لە دروستکردنی زمانێکی یەکگرتووی شانۆیی؟ ئایا نمایش تەنها هەستی بینەر دەجووڵێنێت، یان توانای دروستکردنی پرسیاری فکری و هۆشیاریی کۆمەڵایەتیشی هەیە؟
ئەم پرسیارانە ڕەخنە لە ئاستی ستایش و وەسفی گشتییەوە دەگوازنەوە بۆ شیکارییەکی وردتر کە هۆکارەکانی سەرکەوتن یان لاوازیی بەرهەم دەخاتە ڕوو. لێرەدا، ڕەخنەی بنیاتنەر نە بە مانای ڕەخنەگرتنی بێبەڵگە و نە بە مانای پاراستنی هونەرمەند لە هەڵە، بەڵکو بە مانای ناساندنی توانستەکان و کەموکووڕییەکان، بە شێوەیەک کە دەرفەتی فێربوون و پێشکەوتن بۆ هونەرمەند و کایەی هونەری بڕەخسێنێت.
لە ئەنجامدا، پێشکەوتنی هونەر تەنها بە زیادبوونی بەرهەمهێنان و ستایشکردنی هونەرمەندان مسۆگەر نابێت؛ بەڵکو پێویستی بە کەشوهەوایەکی ڕەخنەیی هەیە کە تێیدا بۆچوونی ئازادانە، هەڵسەنگاندنی دادپەروەرانە و ڕۆشنبیریی بەرپرسیارانە بەیەکەوە گرێ درابێتن. ستایش دەتوانێت دڵخۆشییەکی کاتی دروست بکات، بەڵام ڕەخنەی زانستی، ئەگەر بە ڕاستگۆیی و بەرپرسیارەتییەوە ئاراستە بکرێت، دەتوانێت ئاستی تێگەیشتنی هونەری بەرز بکاتەوە و ڕێگایەکی بەردەوام بۆ گەشەی کەلتووری و فکری بکاتەوە.