رۆژنامەی ھەولێر

ئابووریی سەربەخۆی ئافرەت و کاریگەرییەکانی لەسەر سەقامگیریی خێزان و کۆمەڵگە

هەژێن لوقمان
سەربەخۆیی ئابووری یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بەهێزکردنی پێگەی تاک لە ناو کۆمەڵگەدا. بابەتی داهاتی سەربەخۆی ئافرەت تەنیا پەیوەست نییە بە لایەنی ماددییەوە، بەڵکو ڕەهەندێکی قووڵی هەیە لە پاراستنی شکۆی مرۆڤ و کەمکردنەوەی ئاستی توندوتیژیی خێزانی. لە زۆرێک لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا، نەبوونی سەرچاوەی دارایی سەربەخۆ بۆ ئافرەتان وەک بەربەستێکی گەورە لەبەردەم گەشەی کەسایەتی و سەربەخۆیی لە بڕیارداندا دەردەکەوێت؛ ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی ئافرەتان ناچار بن لەپێناو دابینکردنی بژێویی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان و دۆزینەوەی پەناگەیەک بۆ مانەوە، چاوپۆشی لە زوڵم و نادادییە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو توندوتیژییانە بکەن کە بەرامبەریان دەکرێت.
لێکۆڵینەوە دەروونییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە وابەستەیی ئابووری دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە نایەکسانی لە هاوسەنگیی هێز لە ناو خێزاندا. کاتێک ئافرەتێک داهاتی سەربەخۆی خۆی نەبێت، توانای دەربڕینی ناڕەزایەتی بۆ گۆڕینی بارودۆخە ناخۆشەکان کەم دەبێتەوە؛ ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە بێدەنگی بەرامبەر ئەو ستەمانەی لە چوارچێوەی خێزاندا لێی دەکرێت. لێرەدا ئافرەت تەنیا لەبەر ناچاری لەناو پەیوەندییەکی ناتەندروستدا دەمێنێتەوە، کە ئەم دۆخە نەک هەر کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی دەروونیی ئافرەتەکە دەبێت، بەڵکو زیانێکی گەورە بە پەروەردەی نەوەکانی داهاتووش دەگەیەنێت.
بۆیە کارکردن لەسەر ڕەخساندنی دەرفەتی کار و هاندانی ئافرەتان بۆ بەدەستهێنانی ئابووریی سەربەخۆ، پێویستییەکی نیشتمانی و مرۆییە. پەرەپێدانی تواناکانی ئافرەتان دەبێتە هۆی پاراستنی سەقامگیریی خێزان لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش، نەک لەسەر بنەمای ناچاری. لە کۆتاییدا، کۆمەڵگەیەکی تەندروست و نیشتمانێکی ئاوەدان ئەو کۆمەڵگەیەیە کە تێیدا مرۆڤەکان بەبێ جیاوازیی ڕەگەزی، خاوەنی ئیرادە و پێگەی ئابووریی خۆیان بن؛ چونکە شکۆی نیشتمان لە شکۆی تاکەکانییەوە سەرچاوە دەگرێت و ئافرەتێکی سەربەخۆش کلیلە بۆ بنیاتنانی نەوەیەکی بەهێز و داهاتوویەکی گەشتر بۆ وڵاتەکەمان.