رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی: بە هەموو شێوەیەک ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانێکی سەربازی ڕەتدەکەینەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرسوڕمان و نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەربڕی و ڕایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانێکی سەربازی ڕەتکدەکەینەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

بە سەرسووڕمان و نیگەرانییەکی قووڵەوە ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقمان بيست، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەردەوامە.
ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانێکی سەربازی ڕەتدەکەینەوە. ئه‌زموون سەلماندوویەتی کە ئەم شێوازه‌ هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و لە بەرژەوەندیی عێراق و هیچ لایەنێکدا نییە.

هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی عێراقی نوێ و داڕشتنی دەستوورەکەیدا، وێڕاى پشتیوانی له‌ پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان و جێبەجێکردنی یاسا، جەخت دەکاتەوە کە پەیوەندیی هەولێر و بەغدا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و مافەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندبوون بە بنەماکانی هاوبەشی و لێكگه‌يشتن بێت.

لەم قۆناغە هەستیارەدا، جەخت لە گرنگیی ته‌بايى و یەکڕیزیی کوردستانی دەکەینەوە و داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەین بە دانایی و بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە مامەڵە بکەن. هێز و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هێز و سەقامگیریی عێراقە و ڕێزگرتن لە دەستوور و فيدراڵى، گەرەنتیی داهاتووی هاوبەشمانە.

نێچيرڤان بارزانى
سەرۆکی هەرێمی کوردستان