رۆژنامەی ھەولێر

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی: پاراستنی ئاسایش و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەرکێکی نیشتمانی و بێمەرج دەزانین

ڕاگەیاندراوێک لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە

خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان..

خەڵکی خۆڕاگر و تێکۆشەری کوردستان لە ناوخۆی وڵات و دیاسپۆرادا..

ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، هاوشانی ئێوە و بە نیگەرانییەکی قووڵەوە چاودێریی لێدوان و هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکەین.
وەک دەزانن، هەرێمی کوردستان هەمیشە پێداگری لەسەر پابەندبوون بە دەستوور و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان کردووە، بۆیە داواکردنی ئەو مافە ڕەوایانە نابێت ببێتە هۆکاری دروستکردنی گرژی و قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا.

بە ناوی ڕەوەندی کوردستانییەوە بە ئێوەی ئازیزی ڕادەگەیەنین کە هەر هەوڵ و هەڵوێستێک ئامانجی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، تێکدانی سەقامگیری و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی بێت، بە توندی سەرکۆنەی دەکەین.
خوشک و برایانی بەڕێز، پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە و سەرجەم کوردستانییانی دیاسپۆرا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، سەرەڕای دووریی جوگرافی، دڵ و هۆشمان هەمیشە لەگەڵ ئێوەیە و پاراستنی هەرێمی کوردستان بە ئەرکێکی نیشتمانی و بێمەرج دەزانین، خۆمان بە خزمەتکار و پێشمەرگەی پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان دادەنێین.
لە باوەڕی ئێمەدا هیچ سازشێک لەسەر مافە دەستوورییەکان و لە بەرامبەر پێشێلکردنیاندا ناکرێت و نابێت هیچ بەرژەوەندییەکی سیاسی لە سەرووی دەستوور و مافە ڕەواکانی هاووڵاتییانی کوردستانەوە بێت.
لەم سۆنگەیەوە، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق و هەموو لایەنە سیاسییە پەیوەندیدارەکان دەکەین، لە ژێر چەتری دیالۆگ و لێکتێگەیشتندا و لەسەر بنەمای پابەندبوون بە دەستوور، هاوبەشیی ڕاستەقینە، یەکسانی و ڕێزگرتنی بەرامبەر کۆک بن و بەرپرسیارانە هەنگاو بنێن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ هەموو ناکۆکییەکان، بە دوور لە زمانی هەڕەشە، گوشار و ململانێی سیاسی.

هاونیشتمانییانی خۆشەویست، ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە دیالۆگ ڕێگەی چارەسەرە، دەستوور بنەمای حوکمڕانییە و پاراستنی مافە دەستوورییەکانیش کۆڵەکەی هاوبەشی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە، یەکڕیزی و هاودەنگیی گەلەکەمان لە ناوخۆ و دیاسپۆرا، بەهێزترین قەڵغانە بۆ پاراستنی ئاشتی، سەقامگیری و دەستکەوتەکانمان.

هەر سەربەرز و سەرفراز بن.

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی