ئاری ئاغۆک*
ساڵانە لەگەڵ دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندندا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چالاکی وەرزش و هونەر و ژینگەی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، لە ڕێگەی گشتاندنێکەوە چەند ڕێنماییەک دەربارەی پلانی ژینگەیی بۆ ساڵی نوێی خوێندن بڵاو دەکاتەوە، کە تایبەتە بە پرسی ژینگەپارێزی لە ناوەندەکانی خوێندندا؛ ئەمەش وەک هاندانێکی (پەروەردەیی و کەلتووری و ڕۆشنبیریی ژینگەیی) بۆ قوتابیان، بۆ ئەوەی لەتەک پەروەردە و فێربوون و زانست و زانیاریدا، گرنگی بە ژینگەپارێزییش بدەن، بێگومان ئەم هەنگاوانە جێگەی دەستخۆشییە، چونکە هەر پلانێکی ژینگەیی بە ئامانجێکەوە دێتە خزمەت، بۆیە پێویستە بەڕێوەبەر و مامۆستا و کارگێری ناوەندەکانی خوێندن لە هەموو قۆناغەکان بە بایەخەوە لەم پلان و بەرنامەی کارانە بڕوانن.
بۆ بەرچاو ڕوونی هەموو لایەک لەم گۆشە ژینگەییەدا ناوەڕۆکی (شێوازی کارکردن لە سیستەمی پاککردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن بۆ ژینگەپارێزی و پاکوخاوێنی) دەخەینەڕوو، شیکردنەوەیەکی پەروەردەیی و ژینگەیش بۆ ئامانج و خاڵە دەستنیشانکراوەکان دەکەین، چونکە ژینگە و پاکوخاوێنی دەسپێکی هەنگاوی ئەو ڕێگا ڕۆشنەن لەتەک کە پەروەردەو فێرکردن دا هاوتەریبن بۆ ئایندەیەکی باش و جوان و کاریگەر بۆ کۆمەڵگە؛ بۆیە ناوەندەکانی خوێندن بەسەنتەری ئەو گۆڕانکارییە ڕۆشنبیری و مەعریفیە دادەنرێت کە بە درێژایی مێژوو بەشێک بووە لە بناغە جوان و پتەوەکان، لێرەدا ناوەڕۆکی خاڵەکان دەخەینە ڕوو و، شیکردنەوەی خۆمانی لەسەر دەکەین.
١. دروستکردنی گروپێکی سێکەسی بۆ ماوەی هەفتەیەک سێ قوتابی دەسنیشان دەکرێت لە هەر پۆلێک کاریان پاکڕاگرتنی سەرجەم پێکهاتەکانی پۆلەکەیان دەبێت، بۆ هەفتەی داهاتوو سێ قوتابیی دیکە دەستنیشان دەکرێن، بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لە ماوەی هەر دوو وەرزەکەی خوێندندا سەرجەم قوتابیان بەشداری لە پاکڕاگرتنی پۆل بکەن، باجێکیان بۆ دروست دەکرێت بەناوی هاوڕێیانی ژینگە. ئەم جۆرە چالاکییە لەسەر بنەمایەکی فراوان ئەنجام دەدرێ، ئەمەش بەو مانایە دێت کە کاری هەرەوەزی بەتایبەتی ژینگەپارێزی خۆشەویستییەک بۆ قوتابیانی بەشداربوو دروست دەکات، چونکە هەست دەکەن ئەرکێکیان لەسەر شانە، ئەم ئەرکەش خۆی لە کارێکی مرۆیی و نیشتمانی و پەروەردەیی دەدۆزێتەوە؛ بۆیە خۆشەویستی بۆ هەر ئیش و کارێک ئەنجامی باشی بۆ هەموو لایەک دەبێت؛ چونکە ئەم ئەرکە ژینگەییە خۆبەخشانە و ئارەزوومەندانەیە، تەنیا بۆ یەک هەفتە قوتابی ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکات، دواتر وەک دەستاودەستیەکی جوانی پەروەردەیی، ئەوا سێ قوتابیی دیکە ئەم گروپە بەڕێوە دەبەن، ئەم گۆڕانکاری و جێگۆڕکێیانە کارێکی جوانە، بۆئەوەی تەنیا چەند قوتابییەک ئەم ئەرکە جێبەجێ نەکەن، ئەوا تا کۆتایی وەرز سەرجەم قوتابیانی پۆل لەم گروپە بەشدار دەبن، ئەمەش دەبێتە پاڵنەرێک کە هەمووان ژینگەی پۆل و قوتابخانە بە هی خۆیان بزانن، جگە لەمەش دروستکردنی باج بە ناوی (هاوڕێیانی ژینگە) زیاتر هانیان دەدات بۆ پاراستنی ژینگە و بەردەوامبوونیان.
٢. پاککردنەوەی پۆلی خوێندن: ئەم هەڵمەتە هەفتانە بەردەوام دەبێت، شێوازەکەی سەرجەم قوتابیان بەشداری دەکەن بۆ نمونە ( خاوێنکردنەوەی کورسی دانیشتن لەلایەن خودی قوتابی بۆ هەر قوتابییەک کورسی خۆی، سەرجەم پێکهاتەی ژوورەکان و، هتد) کاتەکە بەگوێرەی گونجان بێت، ماوەکە (٥-١٠) خولەک دەخایەنێت. ئەم خاڵەش دووپاتکردنەوە و بەرچاوڕوونیەکی فراوانە بۆ (بەڕێوەبەر، یاریدەدەر، مامۆستا، سەرپەرشتیاری گروپ)؛ هەرکام لەمانە بە گوێرەی کاتی گونجاویان ئەم چالاکییە دەکەن، کە شوێن و بابەتەکان دەستنیشان کراوە، ئەمانە دەبنە پاڵنەرێکی زۆر باش بۆ ئەوەی دیدگای قوتابی بەرەو ژینگەپارێزییەکی زیاتر بچێت، هەرچەندە ساڵانێکە پرسی ژینگە و پاکوخاوێنی لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن گرنگی پێ دەدرێت، ئەمەش بەو مانایە دێت کە ژینگەپارێزی لە ناوەندەکانی خوێندندا دەبێتە کەلتورێکی جوان و کاریگەری لەسەر کۆی سێکتەرەکانی دیکەوە دەبێت، چونکە پەروەردە ئامرازێکی گرنگە بۆ گۆڕانکارییە ڕۆشنبیری و کەلتوورییەکانی کۆمەڵگە، بۆیە پێویستە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لەسەر ئەو هێڵە گشتییە بڕۆن کە ژینگە و پەروەردە و ڕەوشتی جوان خاڵی دەسپێک و کۆتاییەکەیەتی.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر

