رۆژنامەی ھەولێر

سێ ڕەهەند یان ئامرازی سەرەکی ژیانی مرۆڤ

زریان فاتح قەرەداغی
١. جەستەی مرۆڤ (کە عەقڵ و پێنج هەستەوەرەکە لەخۆدەگرێت).
٢. واقیع.
٣. خەیاڵ، وەهم و بیرکردنەوەکان.

تاکە شت کە مرۆڤ لێی بەرپرسیار بێت، جەستە و هەستەوەرەکانی و مامەڵەکردنییەتی لەگەڵ واقیعدا. خەیاڵ و وەهم و بیرکردنەوە، بەشێکی بەرجەستە نین لە ژیانی مرۆڤ، بەڵکو تەنیا بۆچوون و پێشنیار دەخەنە ڕوو. کاتێک مرۆڤ وا دەزانێت ئەو خەیاڵانە بەشێکن لە واقیعەکەی و پێویستە گوێیان لێ بگرێت و لێیان بترسێت، ئەوا تووشی ئاڵۆزیی دەروونی دەبێت.
بۆ نموونە؛ کاتێک مرۆڤێک بیر لە کێشەیەک دەکاتەوە و خەیاڵەکانی بەرەو خۆلەناوبردنی پاڵ پێوە دەنێن، تەنیا لەبەر ئەوەیە کە خەیاڵەکانی بە واقیع دەبەستێتەوە و دەیەوێت بە بڕیارێکی خێرا و پێشوەختە چارەسەری بکات، کە ئەمەش خراپترین کارە. لە ئاین و یاساشدا، هەرگیز سزا لەسەر خەیاڵ، وەهم و بیرکردنەوە نییە؛ سزا تەنیا لەسەر ئەو شتانەیە کە لە واقیعدا بە کردار یان بە قسە ئەنجام دەدرێن.
واتە مرۆڤ دەبێت تەنیا لە نێوان (جەستە و عەقڵ) و (واقیع)دا مامەڵە بکات؛ پێویستە خەیاڵ و بیرکردنەوە تەنیا وەک ڕایەک وەربگیرێن، ئەگەر ڕاست و سوودبەخش بوون بەکاریان بهێنێت، ئەگەرنا فڕێیان بداتە ناو تەنەکەی خۆڵی ژیانییەوە. ئاین، یاسا و دابونەریت هەمیشە بۆ ڕێکخستنەوەی ژیانی مرۆڤەکانن لە واقیعدا، ئەوان ناچنە ناو جیهانی خەیاڵەوە؛ تەنیا مرۆڤ خۆیەتی لەگەڵ خەیاڵ و وەهمەکانی خۆی دەدوێت.
گرنگە مرۆڤ بابەتە گرنگەکانی ژیانی بە عەقڵانی و مەنتیقی شەن و کەو بکات، بەڵام نابێت ئەمە بکاتە خویەکی بەردەوام و تووشی گرێی دەروونی ببێت. پەندێک هەیە دەڵێت: “زیادە وەک کەم وایە”. بۆ نموونە؛ ئەگەر چاوی تۆ ئۆتۆمبێلێک و پاسکیلێکی بینی، بەڵام خەیاڵ و وەهمەکانت وێنەی ماتۆڕسکیلێکیان خستە پاڵیان، ئەوا تۆ ئەو وێنە خەیاڵییە فڕێ بدە و پشتگوێی بخە، چونکە بەشێک نییە لە واقیع. خەیاڵ تەنیا وەک ئامرازێکی لێکدانەوە بەکاربهێنە بۆ ئەوەی بزانیت لە کارەکانتدا سەرکەوتوو دەبیت یان نا.