ئــــاری ئـــــاغۆک
کاتێ باسی سەردەمی زێرینی هونەر بەگشتی و شانۆ بەتایبەتی دەکەین، دەبێ بگەڕێینەوە کۆتایی ساڵانی حەفتاکان تا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لەو قۆناغ و سەردەمەدا شانۆ و نواندن وەک هونەرێکی بەهێز، هەمیشە پەیام و هێڵەگشتیەکەی لە ڕوانگەی پرس و بابەتی کۆمەڵایەتی، سیاسی، فکری و گۆڕانکاری ژیانی ڕۆژانەی تاکەکانی کۆمەڵگەدابوو، هەر بۆیە ئەم سەردەمە بەزێڕین ناسراوە چونکە بزاڤە هونەرییەکان کاریگەرییەکی گەورە و خێرایان هەبوو لە پەیوەندی نێوان تەختەی شانۆ و بینەر، هەر دیالۆگێک چەمک و ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی نەتەوەیی لەپشت بوو، هەر ئەو کاریگەریەش بوو وای کرد شانۆی کوردی لەگەشە دابێ. لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا کێ بوون ئەوانەی بەو کارە گرنگ و مێژووییە هەستان کە ژیانی خۆیان خستە مەترسی لەپێناو پەیامە گرنگەکەی شانۆ و هونەر؟ لەکاتێکدا بارودۆخی سیاسی لە قۆناغێکی مەترسی دابوو، لە هەمانکات دا لایەنی کۆمەڵایەتیش دیگایەکی فراوان نەبوو؟!.
بێگومان چەند هونەرمەند و دەرهێنەر و ئەکتەرێک بوون کە ژمارەیان ئاوا زۆر نەبوو بەڵام پەیام و خەونی گەورەیان هەبوو، بۆیە ئەگەر باسی ئەو قۆناغە بکەین دەبێ ناو و دەنگ و هونەرە زیندوەکان لەبیرنەکەین کە بەهەردوو ڕەگەزەوە هاوشان کاری مەزنیان پێشکەش کردوە، (چ ئافرەت، چ پیاو) توانیان لە تونێڵی ترسە کۆمەڵایەتیەکان قوتاربن و ببنە خاوەن ئەرشیفێکی زێڕین و مێژوویەکی هونەری جوانی لەبیرنەکراو.
لەگەڵ ئەوەی بەهۆی داب و نەریتی کۆمەڵایەتی ئەو زەمەنە، بۆ ڕەگەزی (ئافرەت) ترس و عەیبە و شەرم بوو لەسەر تەختەی شانۆ ڕۆڵ بگێڕن! بۆیە ناچار بەشێک لە ئەکتەرە پیاوەکان بۆ پڕکردنەوەی بۆ شایی هونەری ڕۆڵی ئافرەتیان دەبینی، کە مێژوویان دیارەو سەرکەوتووش بوون لەنواندن.
لێرەدا ئێمە باس لەپیاوێک ناکەین کە ڕۆڵبینی ئافرەتی هەبوە، بەڵکو باسی خودی ئافرەتێک دەکەین لەسەردەمی ترس و شەرم و عەیبەی کۆمەڵایەتی ئەوا بوێرانە و ئازایانە هاتە سەرتەختەی شانۆ و گوتی (منیش هەم).
ئەو ڕێک لەقۆناغی دەسپێکی زێرین هاتە نێو مەیدانەکە، بۆیە دەکرێ بڵێین یەکێک بوە لەبناغە پتەوەکەی ئەو سەردەمە زێرینە کە تائێستاش بەشانازیەوە باسی دەکەین، ئەو هونەرمەندەش (سەمیرە عەبدۆک)ە، کە لە ڕێکەوتی ٦ ی نیسانی ٢٠٠٧ بەنەخۆشی کۆچی دوایی کرد، لێرەدا وەک یادو وەفایەکی لەبیرنەکراو یادی ئەم ژنە بوێرەی تەختەی شانۆ دەکەینەوە و بەدیگایەکی نوێوە خوێندنەوەیەک بۆ یەکەم بەرهەمی هونەری دەکەین ئەویش ڕۆڵبینینی بوو لە تەمسیلی هەبوونەبوو.
ئەم هونەرمەندە لە ساڵی 1954لە شاری هەولێر لەدایك بووە، تا قۆناغی سەرەتایی خوێندنەوە، لەساڵی ١٩٦٩ ژیانی هاوسەریەتی لەگەڵ هونەرمەند سەعدون یونس پێک دەهێنێت، جگە لە ژیانێکی ئاسایی نێوان ژن و مێرد، ئەوا ئەم خێزانە وەک فێرگەیەکی هونەری دەناسرێن، چونکە لەرێگەی (سەعدون یونس) ەوە (سەمیرە عەبدۆک) دێتە نێو دنیای هونەر و نواندن، هەر لەبەر ئەو بەریەککەوتنە هونەری و کۆمەلایەتیەوە زۆر جار بە (سەمیرە سەعدون) ناسراوە، جگە لەمەش (سەوسەن) ی کچیان بەهەمان شێوە لە تەمەنێکی زوەوە ئەمیش دێتە نێو دنیای هونەر کەخاوەن چەندین بەرهەمی جوانە لە تەمسیلی (ئاسکە)وە تا دوایین بەرهەمی بەناوی (گەوهەر وخوشکەکانی) بوو، هەروەها (سیروان عوسمان) هاوسەری سەوسەن و زاوای سەمیرە و سەعدون بەهەمان شێوە یەکێکە لەهونەرمەندە بەئەزموونەکان، (سەلوا) ی کچیشیان لە بەرهەمی مەرزیە و کاکەمین بەشداری کردوە. جگە لەمەش (زوهێرسەعدون یونس) ئەمیشیان لە چەند بەرهەمێک بەشداری کردوە وەک کەونە دەرگاو کۆلالە…هتد.بۆیە دەتوانین بڵێین کلیلی هونەریی ئەم خێزانە بۆ سەمیرە عەبدۆک و سەعدون یونس دەگەڕێتەوە.
بێگومان سەمیرە عەبدۆک خاوەن چەندین بەرهەمێکی هونەرییە، لێرەدا تەنیا باس و شرۆڤەی یەکێک لەبەرهەمەکانی دەکەین ئەویش ڕۆڵ بینینیەتی لە تەمسیلی (هەبوو نەبوو) کە لە ساڵی ١٩٨٠ لە سەرتەختەی شانۆ نمایش کراوە دواتر بۆ شاشەی تی ڤی، تائێستاش ڕەهەندە هونەریی و پێگە بەهێزەکەی لە دیدو زەینی بینەر هەرماوە، ئەم بەرهەمە لەنووسینی نووسەری عیراقی قاسم محمد و لەوەرگێڕان و بەکوردی کردنی عومەر شێخەڵڵا دەشتەکی و لە دەرهێنانی سەباح عەبدولڕەحان، و لەنواندی چەندین هونەرمەند، یەکێک لەو هونەرمەندانە (سەمیرە عەبدۆک)ە کە ڕۆڵی دایکی ڕەجەبی بینی، سەعدون یونسیش ڕۆڵی رەجەب.
لەگەڵ ئەوەی ئەمە یەکەم کاری نواندنی سەمیرە عەبدۆک بوو، بەڵام وەک ئەکتەرێکی دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەکان و هونەرمەندێکی بەئەزموون ڕۆڵبینیەکەی لای بینەر بەدی کرا، بەزمانێکی پاڕاو، لە فۆڕمی بەرهەمێکی میللییەوە توانرا دیمەن دوای دیمەن ڕاستەوخۆ بچێتە نێو دیدی بینەر، بە نەفەسێکی هونەریی، دیالۆگ و جولەو پەیامەکەی ڕاستەوخۆ گەیاند، وەک دایکێکی ماندوو لەژیان، ئومێد بەخش بۆ کوڕەکەی، لەکاتی ناخۆشی و نەخۆشکەوتنی دا هەر هاواری ڕەجەبی دەکرد، ئەم دیمەنە بەلێکبەستانەوەی دایک و کوڕ لەکاتێکدا لەواقیع دا ئەمانە ژن و مێردن وێنەیەکی ڕاستی لای بینەر دروست کردبوو، بۆیە دەتوانین بڵێین سەمیرە عەبدۆک لەم بەرهەمەدا توانی لوتکەی هونەری نواندنی خۆییمان نیشان بدات، کە ئەمڕۆ بۆتە ئەرشیفێکی زێرین و یادگاریەکی لەبیرنەکراوی بینەری ئەوسا و ئێستا.
جگە لە (هەبوو نەبوو) سەمیرە عەبدۆک، زۆربەی کارەکانی دیکەشی بەرکەوتنی لەگەڵ هاوسەرەکەی بوە، لەم بەرهەمانەش بەشداری کردوە و ڕۆڵی دیارو بەرچاوی هەبووە: (سورمەخان، محەمەد و سێوێ، قەڵای دمدم، گوڵاڵە، گەڕەکەکەمان، ئاسکە، کەونە دەرکە، حاجی قادری کۆیی، خاتوو کڵاو زەرد، گوڵاڵە، زولەیخا، مەڕانە، مالەی سەرگردەکە، کۆلارە، قاسپەی کەو، شا هەر شایە، مەرزیە و کاکەمین، ڕاوچی، میوانی ناوەخت، خانەدان، شەوتا، چیڕۆکی بازنەی ترس).
دوایین کاری هونەری تۆمارکراو درامای (قاسپەی کەو) نووسەرەکەی سەمیر عبدالستار بوو کە لەتەلەفزیۆنی کەرکوك پەخشکرا، لە دوای ڕاپەڕینیش درامای (شاهەرشایە) تۆمارکراو بەڵام پەخش نەکرا.
چەند ساڵێک دوای ڕاپەڕین بڕیاری چوونە دەرەوەی ووڵاتیان دا، لەساڵی ١٩٩٦ گەیشتنە شاری هانۆڤەر لە ووڵاتی ئەڵمانیا، دوای ١٠ ساڵ دووری لەهەولێر و خاک و نیشتمان لەساڵی 2006 بۆیەکەمین جار بەسەردان گەڕایەوە هەولێر، دوای چوونەی بۆ ئەڵمانیا بەداخەوە دەرکەوت نەخۆشی شێرپەنجەی لەجگەر وڕیخۆڵەیدا هەبووە،هەربەهۆی نەخۆشیەوە لەشاری نورنبێرگی ئەڵمانیا لە ڕێکەوتی ٦-٤-٢٠٠٧ کۆچی دوایی کرد، دوای چەند ڕۆژێک و لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەرمەکەی بەیاوەری سەعدون یونس و کوڕەکانی و سیروان عوسمانی زاوای گەیێندرایەوە شاری هەولێر، تەرمەکەی لەئیبراهیم خەلیلەوە پێشوازی لێکرا تا هەولێر لەلایەن پۆلێك لەهونەرمەندان لەگۆڕستانی ئیمام محمد نێژرا، سڵاو لەڕۆحی ژنە بوێر و زێڕینەکی شانۆ سەمیرە عەبدۆک.

