رۆژنامەی ھەولێر

نــــــەمــــــام

حەمەسەعید حەسەن

کۆتاییی ساڵانی حەفتا
لە کەناری
شەقامی برایم پاشا
لە ماڵێکا
کە باخەکەی
ئەوەندەی بەرماڵی دەبوو
کرێچی بووم،
بەهارێکیان
لەو بەرماڵە باخچەیەدا
نەمامی گوێزێکم ڕواند
من دڵنیام
ناخی دڵم گوتوویەتی
ئەو کرێنشینەی دوای من
ڕێی کەوتۆتە هەمان خانوو
وەک چاوی پاراستوویەتی
من دەزانم
بە چاوی دڵم دەیبینم
ئەو نەمامە
ئێستا دارگوێزی تەواوە
ڕەگوڕیشەی داکوتاوە
قەدوباڵای هەڵکشاوە
هێشتاکە بۆ بڕینەوەی
سوڵتان کەسی هان نەداوە
من ئەو دارگوێزەم خۆش دەوێ
هەرگیز فەرامۆشی ناکەم
لەم دوورەوە
گۆرانی بۆ باڵای دەڵێم
ئەگەر پیاوەکانی سوڵتان
بیبڕنەوە
لە قووڵاییی دڵی پڕ لە پەژارەمدا
سێ ڕۆژ پرسەی بۆ دادەنێم
*