خوسرهو جاف
کوشتن و تاڵانکردن و مردن لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا باو بوو، دۆست و دژمن لێک نەدەکرانەوە. زۆربەی شۆڕشەکان لە یەک دەچن؛ ئاگرەکەی بێئامانە، خاس و خراپ پێکەوە دەسووتێنێت. تەرازوو و کێشانەکەی، گڕ و کڵپەی شۆڕش سووتاندبووی.
بەندە کاتێک لە ئێراندا بووم، جگە لە تەلارسازێک، کارەیەک نەبووم؛ هیچ پەیوەندییەکم لەگەڵ دەزگاکانی دەوڵەتدا نەبوو. لە سفرەوە خۆم دروست کرد، تۆزەتۆزە و بە پاڵپشتیی “ئەشێ”ـی خێزانم، توانیمان ژیانێکی سەردەمیانە بنیاد بنێین. لەبەر ئەوەی بڕیاری سەرکەوتنمان لە ژیاندا دابوو، لە هەر وڵاتێکی دیکەش بووینایە ئەو دەستکەوتانەمان بەدەست دەهێنا. بەڵێ، لە سەردەمی شای ئێراندا، جگە لە محەمەدڕەزا شا، لە سەردەمی دەسەڵاتی قەجەری و سەفەویشدا، بەگزادەی جاف خاوەنی پێگە و جێگەی تایبەت بوون؛ ئەوە بەشێکە لە مێژووی ڕابردوو. هەر لەبەر نازناوەکەم “جاف”، منیش بەر گڕ و کڵپەی شۆڕش کەوتم و هەرچیم هەبوو تاڵان کرا.
لە سووچی کۆڵانێکەوە دەمڕوانیە تاڵانکەرەکاندا کە شتومەکی ناو ماڵمیان بەدەستەوە بوو؛ هیچیان بە ئەندازەی پاڵتۆکەم حەسرەتی نەخستە دڵمەوە، ئەو پاڵتۆیە لە پێستی سەگی دەریایی دورابوو، لە گەشتێکی ئەورووپادا و لە شاری “کۆڵن”ـی ئەڵمانیا بە نرخێکی گران کڕیبووم. ئەگەر پارەم پێ بوایە لە کابرای چەپاوکەرم دەسەندەوە، بەڵام پارەکەشم دەستی بەسەردا گیرابوو، تەنانەت داراییە بانکییەکانیشم بلۆک کرابوون.
دوو ئۆتۆمبێلم هەبوو، یەکێکیان زۆر جوان و گرانبەها بوو، جێم هێشت؛ یەکێکی تریشم هەبوو، بچووک و سادە، بەوە خۆم و “ئەشێ” و “گلارە”ی کچم (تاکە منداڵمان) گەیاندە شاری سەقز و لەوێوە لە سنوور پەڕینەوە و گەیشتینە پاسگا (مەخفەر) چۆڵەکەی عێراق؛ بڕێک لە خزمان لەمێژ بوو گەیشتبوونە ئەوێ.
فکری لێ بکەرەوە؛ زستانە، ساردە، بەفر لەسەر زەوییە، تاڵانکراو و لێقەوماویت؛ سالار جاف ئیعدام کرابوو؛ لە دوو وڵاتیش مەحکوومیت بە سێدارە (ئیعدام) بێ ئەوەی هیچت کردبێت! دز و دەغەڵی ناو شۆڕشی کورد (ناویان نابەم) کەوتبوونە کەڵکەڵەی ڕووتکردنەوەمان یان فرۆشتنمان؛ ئەوەی بەرهەڵستیی کردن و پاراستینی، (حەمەی حاجی مەحموودی گوڵەخانێ) بوو.
مەبەستم لەم نووسینە ئەوەیە؛ لەو هەلومەرجە سەختەدا کە لە ئاسماندا ئەستێرەیەکمان شک نەدەبرد، “ئەشێ” ئەو ئەشێیەی جاران نەمابوو؛ ببووە ژنێک لە پۆڵا، لە بڕوا، لە ململانێ و بەربەرەکانی. براکوژراو و برسی، ماڵوێران و بێپشتوپەنا، بەڵام هەمیشە ورەبەرز و ئامادە بۆ هەر ڕووداوێکی لەپڕ. بڕێک دۆستان لاکی گۆشتی کەوڵکراویان بۆ دەهێناین، نەماندەوێرا بیخۆین، ترسی ژەهرخواردکران لە دڵماندا بوو. ئەوەی زۆر پەریشانی کردبووین سەرما و سۆڵە بوو. ئێمە بۆ ماوەی پتر لە هەفتەیەک، دوازدە پیاوی گەنج، هەشت ئافرەت و نۆ منداڵ، تەنها کەوتبووین. دوای هەفتەیەک، لێرەولەوێ چەندین چەکداری جافمان لەدەور کۆ بووەوە؛ بۆ نموونە ئۆتۆمبێلێکم دا بە دوو تفەنگی ژێ٣ (G3). هەرچۆنێک بوو ژن و منداڵمان لە کۆڵ بووەوە و ئیتر باکمان لە هیچ هێرش و پەلامارێک نەما، هەرچەندە هێشتا فەرمانی لەسێدارەدرانمان لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە وەک خۆی مابوو.
نامەوێ باس لەو قۆناغە بکەم کە چۆن فێڵیان لێ کردین و بردیانین بۆ بەغدا؛ لەوێ بەسەر ماڵی خزمەکانماندا دابەش بووین. بڕێک زێڕ و زیو و ئەنگوستیلەی ئەڵماسمان پێ مابوو، دەستمان کرد بە فرۆشتنیان و توانیمان خانوویەک بەکرێ بگرین. شەوانە لەسەر زەوی دەخەوتین، ماڵێکی ڕووتوقووت، تەنانەت پەردەشی پێوە نەبوو.
دیسانەوە وردەوردە کەوتینەوە تەقالا. بڕێک پارەمان لە ئەڵمانیادا هەبوو بەڵام حەزمان نەدەکرد دەستی لێ بدەین. دوای چەند مانگێک هەوڵی وەرگرتنی پاسپۆرتمان دا، بەڵام بۆمان دەرکەوت کە قەدەغەی گەشتمان لەسەرە. ئیتر دەبوو لەگەڵ ئەو ژیانەدا بسازێین. کەوتمە گەڕان بەدوای کارەکەی خۆمدا (تەلارسازی)، بەڵام هیچ کارێکی دەوڵەتیم قبووڵ نەکرد و دانەمەزرام.
“ئەشێ” ئافرەتێکی یەکجار خانەدان بوو؛ لە “هیچ”، “شت”ـی دەسازاند و دروستی دەکرد. درێژەی نادەمێ، لە کاری تەلارسازیدا ناوبانگێکی زۆرم پەیدا کرد، هەرچەندە هێشتا هەر کرێنیش بووین. دواتر توانیم زەوییەک بکڕم و خانوویەکی خنجیلانەی مۆدێرن بنیاد بنێم. نەخشەیەکی نوێم خستە ڕوو کە بووە جێی باسی خزم و خەڵکیش. نەداری و بێدەرامەتیەکەی ئەو دوو سێ ساڵەم قەت لەبیر ناچێتەوە، بەڵام “ئەشێ” لەو دارانە نەبوو کە ڕەشەبا بیلەرزێنێت.
ئازیزان! ئەگەر بۆ ئافرەتێکی ئاوا بەوەفا نەبم، واتە نە لەگەڵ خودا ڕاستگۆمە و نە لەگەڵ خەڵکدا. خودا “ئەشێ” و مردووانی ئێوەش بخاتە بەر ڕەحمەتی خۆی، بڵێن: ئامین!

