عومەر چنگیانی
ژینگەپارێزی گەر ڕەوشتێكی بەرز و جوانی هەر تاكێكی كۆمەڵگە بێت، لە پێش هەموواندا ئەركێكی ئایینی و پیرۆزی سەرشانی بڕوادارە، نەخاسمە بۆ ئێمەی كوردستانی و، تایبەتی تریش لەم وەرزی بەهار و چاوەڕوانی دەرودەشتکردن، گەر درۆن و مووشەكی دراوسێكانمان بێڵن؛ لەم وەرزەدا خەڵكی بۆ پشوو ڕوو لە دەر و دەشت و چیا و دۆڵەكانی كوردستان دەكەن، بۆیە بە ئەركم زانی گوڵخەرمانی ئیمڕۆم بیرهێنانەوەی ئەم بابەتە بێت كە كاتی خۆی بەپێی ڕێنمایی بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، بابەتی سەردێڕ، توێشووی گوتاری هەینی زۆربەی مزگەوتەكانی كوردستان بوو؛ ئێمەیش لە ٤/٤/٢٠٢٥ كە تێیدا گوتمان: (ئیسلام گرنگیی داوە بە پاراستنی ژینگە و پارێزگاریکردنی و، بە ئەرکێکی ئایینی داناوە، كە دەبینین خوای گەورە فەرمانی داوە بە مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگە بە شێوەیەک کە مڵکی گشتییە و پێویستە لەسەر مسوڵمانان پارێزگاری لە پێکهاتەکانی بکەن و سامان و سەرچاوەکانی بپارێزن و، لە وەسفی خراپەکاراندا لە ئایەتی 205ی سوورەتی (بەقەرە)دا، دەفەرمێت: (كه پشت ههڵدەکات [له پێغهمبهری خوا (د.خ)] ئهڕوا و ئهگهڕێ بۆ ئهوهی ئاشۆ بنێتهوه لهسهر زهویدا و، كشتوكاڵ و وەچە و نهوه بگەنێنێت؛ خوای گهوره، گەناندنی پێ خۆش نیە.)
تەوەری یەکەم: گرنگیی ژینگە بۆ ژیان: خودای گەورە ئەم زەویەی خستۆتە خزمەتی مرۆڤ و، کردوویەتی بە سەرچاوەی ڕزق و ڕۆزی و ئاوەدانی، خودا ئاو و هەوا و ڕووەک و ئاژەڵی بۆ خزمەتی مرۆڤ دروست کردووە و، کردوونی بە هۆکاری بەردەوامی ژیان و، پێغەمبەری ئازیز _ دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت _ گرنگی هاوسەنگی ژینگەیی ڕوون کردۆتەوە، لە فەرموودەکەیدا و دەفەرمێ:
(بە ڕاستی دنیا خۆش و ڕازاوە و جوانە؛ خوای گەورە كردوونیەتە جێنشین و سەیر دەكات داخۆ چۆن ڕەفتار دەكەن و چاودێری كردەوەكانتانە.)
هەموو توخم و پێکهاتەیەکی ژینگە ڕۆڵێکی تایبەت و گرنگی هەیە؛ دار هەوا پاک دەکاتەوە، ئاو زەوی زیندوو دەکاتەوە، ئاژەڵ بەشداری دەکات لە هاوسەنگی ژینگەییدا. تێکدانی ژینگە و خراپ بەکارهێنانیان پێچەوانەی مەبەستەکانی جێنشینی مرۆڤە لەسەر زەوی.
تەوەری دووەم: واجببوونی پاراستنی ژینگە لە ئیسلامدا: ئیسلام گرنگیەکی زۆری داوە بە پاراستنی ژینگە و کردوویەتی بە ئەرکێکی شەرعی سەرشانی هەمووان و، خوای گەورە هۆشداری داوە لە تێکدان و گەناندن لەسەر زەوی، بەڵکو قورئان تێکدانی ژینگەی پێ راکێشەری سزای خوداییە.
تەوەری سێیەم: رێوڕەواڵ (ئاداب)ـی پاراستنی ژینگە لە کاتی گەشت و سەیراندا:
دینی ئیسلام چەندین رێوڕەواڵی بەرزی داناوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگە لە کاتی سەیراندا، لەوانە:
یەکەم: زیاننەگەیاندن بە سروشت: پاراستن و پاکڕاگرتنی ئاو و هەوا ئەرکی هەمووانە؛ نابێ سروشت تێک بدەین، چونکە ئامانەتێکە بە دەستمانەوە و دەبێ پارێزگاریی لێ بکەین، نەبینە هۆکاری پیسکردن و تێکدانی ژینگە.
دووەم: کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی کاڵا: دینی ئیسلام زیادەڕەوی و بەفیڕۆدانی پێ خراپە؛ فەرمانی داوە بە مامەڵەکردن لەگەڵ شتەکان بەپێی پێویستی خۆمان نەک زیاتر.
سێیەم: پاککردنەوەی شوێنی گەشتەکەمان دوای بەکارهێنان. مسوڵمان دەبێ شوێنە گەشتیارییەکان پاکتر بەجێ بهێڵێت لەوەی کە هەبووە. هەروەها پێویستە پابەند بین بە ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی لەم بوارەدا؛ لەوانە: لە کاتی چوونەدەرەوە لە ماڵ دڵنیا بین لە کوژاندنەوەی کارەبا، کوژاندنەوەی ئاگر لە سەیرانگەدا پێش چوونەوە بۆ ماڵەوە، مەلەنەکردن لە ڕووبار و گۆمدا، پەیوەندیکردن بە ژمارەی فریاکەوتن ١١٥ لە کاتی ڕووداوەکاندا، هێواش لێخوڕین و خێرانەکردن و بێزارنەکردنی خەڵکی تر و، هتد.

